سێبەرەكان

11:53 - 2024-06-30
کەلتور
78 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 

شانۆنامەی سێبەرەكان نووسینی نووسەر و شانۆكاری نەرویجی « یۆن فۆسە» لەلایەن هاودەم ساڵح جاف لە زمانی نەرویجییەوە كراوە بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە.
نووسەری نەرویجی یۆن فۆسە بە یەكێك لە درامانووسە سەرەكییەكانی سەردەم دەژمێردرێت و شانۆكانی چەندین خەڵاتی نەرویجی و ئەوروپییان بەدەستهێناوە.
یۆن ساڵی 1959 لە نزیك شاری «بیرگن» لە خۆرائاوای نەرویج لەدایكبووە و ساڵی 1983 یەكەم رۆمانی خۆی بەناوی «سوور و رەش» بڵاوكردۆتەوە، یۆن لە بوارە جۆراوجۆرەكانی وەك رۆماننووس و چیرۆك، هۆنراوە، چیرۆكی منداڵان و پەخشان و گوتار و شانۆنامە چالاكە و سەركەوتن و ناوداریی یۆن فۆسە زیاتر لە بواری هونەری دراما نووسینە. 
لە درامای سێبەرەكاندا یۆن وەك نیگاركێشێكی كارامە تابلۆی پەیوەندی سێ لایەنەی نێوان وەچە جیاوازەكان دەكێشێت. پەیوەندیی كارەكتەری باوك بە كارەكتەری دایك و كارەكتەری ژنەوە و هێمایە بۆ پەیوەندییەكی سۆزدارانەی سێ لایەنەی وەچەی كۆن، زمانی یۆن فۆس زمانێكی بێ گرێ و گۆڵ و سادە و رەوانە و پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤەكان بە باشی دەخاتەڕوو. ساڵی 2006 شانۆنامەی سێبەرەكانی فۆسە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەڵمانی بەناوی فەڵك رێچتەر نمایش كرا. كارەكتەرەكانی فۆسە لەم شانۆنامەیەدا سێبەرن ئەو سێبەرانەی هیچ كات و شوێنێكی دیاریكراویان نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان