مەکسیک سوودمەندی سەرەکی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین-ە

11:32 - 2024-07-02
ئابووری
155 جار خوێندراوەتەوە
#ململانێی ئابووریی نێوان چین و ئەمریکا وا زوو کۆتایی نایەت

ئا؛ عەبدوڵڵا سدیق


هەمیشە لە جەنگی دوو لایەندا، لایەنێکی تر سوودمەند دەبێت، ئەمەش بەسەر جەنگی نێوان ئەمریکا و چیندا دەسەپێت، لەمەشدا مەکسیک لە جەنگی ئەم دوو زلهێزە ئابووریە سوودمەندی سەرەکی بووە. بە پێی دوایین ئاماری حکومەتی ئەمریکا لە پاش 17 ساڵ بۆ یەکەم جار، چیتر چین پلەی یەکەمین وڵاتی هاوەردەکاری ئەمریکا نابێت و مەکسیک دەبێتە یەکەمین وڵاتی هاوەردەکاری ئەمریکا. لە هەمان کاتیشدا بۆ یەکەم جارە لەپاش ساڵی 2010 وە رێژەی هاوسەنگی بازرگانی لە نێوان چین و ئەمریکادا کەمیکردووە، هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەپاندنی رێژەیەکی زۆری باج بەسەر کاڵای چینیدا، کە دەگاتە %25 لە هەندێک کاڵاشدا بۆ نموونە ئۆتۆمبیلی کارەبایی رێژەکەی دەگاتە %100 ئەمەش وایکردووە کە مەکسیک لەم جەنگە بازرگاییەدا سوودمەندی سەرەکی بێت.

رین هۆنگ:
بازاڕە تەقلیدییەکان بەلای چینەوە گرنگن، بە تایبەتیش بازاڕی ئەمریکا، چونکە بازاڕێکی زۆر باشە بۆ کاڵای چینی هەر بۆیە دەستبەرداری بازاڕی ئەمریکا نابین 

جەنگی بازرگانی
لەپاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ جەنگێکی گەورەی بازرگانی لە نێوان چین و ئەمریکا دەستیپێکرد، ئەوەبوو لە ساڵی 2018 دا، ترەمپ یەکلایەنانە بڕیارییدا کە رێژەی %25ی باج بەسەر کاڵای چینیدا بسەپێنێت، ئامانجیش لەمە، کەمکردنەوەی هاوەردەکردنی کاڵا بوو لە چینەوە، ئەمەش گورزێکی زۆر خراپی لە پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات وەشاند. لەم جەنگەشدا مەکسیک توانی سوودمەند بێت و هەوڵیدا لە رێگەی بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی جێگەی چین بۆ ئەمریکا بگرێتەوە. بە پیی دوایین ئامار بێت، ئەم ساڵ مەکسیک بۆتە یەکەمین وڵات کە ئەمریکا کاڵای لێ هاوردە بکات و کۆی گشتی هاوردەکردنی ئەمریکا لە مەکسیکەوە گەیشتە 193 ملیار دۆلار، بەمەش پێشی چینی دایەوە، کە ماوەی چەندین ساڵ بوو، یەکەمین وڵاتی هەناردەکار بووە بۆ ئەمریکا. 
چین پشت بە بازاڕی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان دەبەستێت
لەم بارەیەوە رین هۆنگ بەرپرسی دەزگای بازرگانی نیودەوڵەتی سەر بە وەزارەتی بازرگانی چین بە میدیاکانی راگەیاند: بازاڕە تەقلیدییەکان بەلای چینەوە گرنگن و بە تایبەتی بازاڕی ئەمریکا بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە بازاڕێکی زۆر باشە بۆ کاڵای چینی هەر بۆیە دەستبەرداری بازاڕی ئەمریکا نابین. 
وتیشی: هەرچەندە ئێستا ئێمە زیاتر پشت بە بازاڕی وڵاتە تازە پیگەیشتووەکان دەبەستین و ساڵی پار چین بەرێژەی 56.7 % ی کاڵای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ناردووە. 

جەنگێکی بازرگانی نوێ دژی چین
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەندین ساڵە جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین بەردەوامە، ئێستاش لە پەنا ئەمریکادا، یەکێتی ئەوروپاش جەنگی بازرگانی بەسەر چیندا راگەیاند، ئەمەش لە پاش ئەوەی بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە ئەوروپا، سکاڵایان لە دەست هەرزانی نرخی ئۆتۆمبیلی چینی هەبوو، دواجار یەکێتی ئەوروپا بە بڕی %38 گومرگی سەپاند بەسەر ئۆتۆمبیلی کارەبایی چینیدا، بەمەش بەرەیەکی نوێی جەنگی بازرگانی لە دژی چین دەستیپێکرد.

سەرچاوە: سکای نیوز، یۆرۆ نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان