حزبی سیاسی

09:40 - 2024-07-03
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە

خالید مەجید فەرەج

 

 

ئەو حزبانەی کە لەناو پەرلەماندا دروستبوون بریتین لەو حزبانەی کە لە ئاکامی بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کوتلە پەرلەمانییەکان و لیژنەکانی هەڵبژاردن و هاوکارییان لەگەڵ یەکتر دروستبوون، بەتایبەتی کاتێک کە هەڵبژاردن بوو بە ئامڕازێک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران

 

پێشەکی
حزبە سیاسییەکان بە ئامڕازێکی سەرەکی و چالاک لە ئامڕازەکانی گەشەسەندنی سیاسی لە چەرخی نوێدا دادەنرێن، هەروەک چۆن هەر جومگەیەکی دیاریکراو لەناو کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و گوزارشت لە ناوەڕۆکەکەی دەکات، بۆ نموونە سیاسەتی گەشەپێدانی خوێندن گوزارشت لە ناوەڕۆکی خوێندن دەکات لەو وڵاتە، بە هەمانشێوە حزبە سیاسییەکان و سیستمی حزبیش گوزارشت لە گەشەسەندنی سیاسی دەکات لەو سیستمە سیاسییەدا.
هەرچەندە لەناو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی ئێستادا دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گەیشتوونەتە رادەیەکی بەرز لە رێکخستن و پێشکەوتن، بەڵام هێشتا حزبە سیاسییەکان گرنگی و زەروورەتی خۆیان لەدەست نەداوە، چونکە ئەو دامودەزگایانە نەیانتوانیوە وەزیفەی حزبەکان لە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئەرکەکانی تری ناو کۆمەڵگەدا ببینن.
زۆر لە مێژە حزبی سیاسی لەژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا هەبووە و هەتا ئەرستۆش باسی لە جۆرێک کۆمەڵەی سیاسی کرووە، کە نازانرێت ئایا پێکهاتەکەیان لە چەمکی حزبی سیاسی نزیک بووتەوە یان نا، چونکە هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە چالاکی و کارەکانیان نەخستووەتەڕوو، بێگومان ئەو دەستە و کۆمەڵانە ئەو واتایەی ئەمڕۆی حزبە سیاسییەکانیان نەبووە.
دروستبوونی حزبی سیاسی
لەدوای سەدەی حەڤدەوە، زۆربەی بیرمەندەکان بانگەشەیان بۆ ئازادیی سیاسی دەکرد و کرۆکی پەیامە فەلسەفییەکانیان، کارکردن بوو بۆ ئازادکردنی تاک لە کۆتەکانی، جیاوازی بەرژەوەندییەکانیش کەشێکی لەباری پێکهێنا بۆ دروستبوونی حزبی سیاسیی جۆراوجۆر، کە هەریەکەیان گوزارشتی لە بیر و بۆچوون و ئامانجی کەرتێک یان توێژێک یان چینێک لە کۆمەڵگە دەکرد، گەشەسەندنی حزبە سیاسییەکان پەیوەست بوو بە فراوانبوونی پسپۆڕییە پەرلەمانییەکان و داننان بە مافی دەنگدانی گشتی، هەروەها دروستبوونی کۆمەڵەکانی بیروڕا و یانە میللییەکان و رۆژنامەگەریی و سەندیکاکانیش فاکتەرێکی تری بەهێز بوون بۆ ئەو گەشەسەندنە.

لێرەوە دەتوانین بڵێن کە حزبی سیاسی بە دوو شێوە دروست بوو:
1- ئەو حزبانەی کە لەناو پەرلەماندا دروستبوون بریتین لەو حزبانەی کە لە ئاکامی بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کوتلە پەرلەمانییەکان و لیژنەکانی هەڵبژاردن و هاوکارییان لەگەڵ یەکتر دروستبوون، کاتێکیش کە هەڵبژاردن بوو بە ئامڕازێک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەش پاڵنەرێکی کاریگەر بوو بۆ دەرکەوتنی حزبە سیاسییەکان و زیادبوونی هەستکردن بەوەی کە حزب ئۆرگانێکی پێویستە، بەتایبەتیش کە چوارچێوەی هەڵبژاردن لە ئاکامی بەشداربوونی خەڵکەکاندا فراوانتر بوو.
2- ئەو حزبانەی کە بە فاکتەری دەرەکی دروستبوون (مەبەست لە دەرەکی دەرەوەی پەرلەمانە)، دەرکەوتنی ئەم حزبانە پەیوەستبوو بە دروستبوونی کۆمەڵە و سەندیکا یەکگرتووەکانەوە، کە بوونە سەرچاوەی دروستکردنی ئەو حزبانە. جێگەی سەرنجە سەرجەم حزبە سۆشیالیستەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دروستبوون و دەرکەوتنی زۆریان لە وڵاتانی ئەوروپی، پەیوەست بوو بە کاری سەندیکایی. 
یەکێک لە هەرە کۆنترین و بەناوبانگترین حزب کە لەو رێگەیەوە دروستبووە، حزبی کرێکارانی بەریتانیایە، کە لە سایەی (کۆمەڵەی فابی) کە لە ساڵی 1884 لە بەریتانیا دامەزرا، گەورە سەرکردەکانیان جۆرج بێرنارد شۆ، سیدنی ویب، گراهام واڵاس بوون. 
هەوڵی بڵاوکردنەوەی سۆشیالیزمیان بە رێگەی ئاشتیخوازانە، واتا دوور لە توندوتیژی و شۆڕش دەدا.
هەروەها کڵێسا و کۆمەڵە و یانە ئایینییەکانیش رۆڵی گرنگیان هەبووە لە دروستکردنی حزبی مەسیحی پارێزگار (کاتۆلیک)، بەڵام لە دروستکردنی حزبە دیموکرات مەسیحییەکاندا، رۆڵی هەرە دیار بۆ کۆمەڵە و یانە ئایینییەکان بوو، هەرچی کڵێسایە رۆڵێکی ئەوتۆی لە دروستکردنیاندا نەبینی.
لەبەرئەوەی دیانەتی مەسیحی تیۆرییەکی سیاسی لەخۆ نەگرتووە، بۆیە ناکرێت ئەو حزبە دیموکرات مەسیحییانەی کە لەڕێگەی کۆمەڵە کاتۆلیکەکانەوە دروستبوون بە حزبی ئایینی لە قەڵەم بدرێن، چونکە ئەوانە تەنیا لە هەندێک بەهای ئەخلاقیی حزبە مەسیحییەکان سوود وەردەگرن.

 

پڕۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

 

 

نموونەیەکی تری ئەو حزبانەی کە لە دەرەوەی پەرلەمان دروستبوون، حزبی شیوعیی سۆڤیەت بوو کە لە ساڵی 1917 دەسەڵاتی وەرگرت و ئیدی لە حزبێکی ناشەرعیی کە دژ بە قانوون ئیش دەکات بوو بە شەرعی.
هەروەها هەندێک لە دامەزراوە ئابوورییە گەورەکان حزبی سیاسییان بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانیان دروستکردووە، بۆ نموونە لە کەندا کۆمپانیایەکی رێگاوبان لەگەڵ دامەزراوەیەکی بانکیی گەورە حزبی پارێزگارانیان دروستکرد.
شایەنی وتنە جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەنێوان ئەو حزبانەی کە لە ئاکامی ژیانی پەرلەمانیدا دروست بوون، لەگەڵ ئەو حزبانەی کە لە دەرەوەی پەرلەمان دروستبوون، هەرچی ئەوی یەکەمیانە بنکە حزبییەکان یان لیژنە محەلییەکان رۆڵێکی بەرچاو لە کاروباری حزبیدا دەگێڕن، چونکە بوونی ئەوان لە پێش بوونی حزبەوە بووە، بەڵام لەو حزبانەی کە لە دەرەوەی پەرلەمان دروستبوون رۆڵی هەرە گرنگ بۆ سەرکردایەتییەکەیەتی، چونکە ئەسڵ لەم حزبانە مەرکەزە و دوایی لیژنە ناوچەیییەکان دێن، کە لەژێر کۆنترۆڵی مەرکەزدا دەبن. بۆیە دەبینین ئەو حزبانەی کە لە دەرەوەی پەرلەمان دروست دەبن، ئیلتزام تێیاندا زیاترە و بونیادی رێکخراوەکەی تۆکمەترە لەو حزبانەی کە لە رێگەی لیژنەکانی ناو پەرلەمانەوە دروستبوون.
 لەبەرئەوەی کە حزبە هاوچەرخەکان بەردەوام لە ململانێی سیاسیدان لەگەڵ حزبەکانی تر بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە پێویستیان بەوەیە کە بونیادی ناوخۆ و ئیلتیزامی حزبیان پتەوتر و زیاتر بێت هەر لەبەر ئەو هۆیەشە لە ساڵی 1900 بەدواوە زۆربەی ئەو حزبانەی کە دروست بوون ئەو حزبانەن کە لە دەرەوەی پەرلەمان دروست بوون.
شایەنی باسە تا چەرخی نۆزدەیەمینیش کۆمەڵە سیاسییەکان پشتیان بە سیفەتە شەخسییەکانی ئەندامەکانیان بۆ کەسبکردنی ئەندام و لایەنگرانی نوێ و هاوسۆزیی ئایدیۆلۆجی و فیکری خۆیان دەبەست. ترۆپکی ئەو هاوسۆزی و چوونە پاڵ یەکە ئایدیۆلوجیە لەسەر دەستی *گیرۆندییەکان لە سەروبەندی شۆڕش لە فەرەنسا هاتەدی، لە بەریتانیاش چاکسازی لە سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1832، بوو بەهۆی زیادبوونی رێژەی دەنگدەران. 
دواتر حزبەکانی بەریتانیا بونیادی رێکخستنەکانی خۆیان پێشخست و لە چوارچێوە ناوچەیییەکانیان (لەڕووی جوگرافییەوە) دەرچوون و بوون بە حزبی نیشتمانی.
لە فەرەنساش دەستەواژەی حزب بەردەوام گوزارشت بوو بۆ ئاڕاستەیەک یان تێڕوانینێکی جیاواز، لە ساڵی 1848 کۆمەڵەیەکی سیاسی دروستبوو کە ئێستا ناوی پارتی کرێکارانە، ئەرکی داکۆکیکردنی لە مافی کرێکاران گرتبووە ئەستۆ و دواتر لە دەرەوەی فەرەنساش لەو جۆرە حزبە بە زۆربەی وڵاتاندا بڵاوبووەوە .
پێش چەرخی نۆزدەمین دەستەواژەی حزب، واتا رێکخراوەییەکەی خۆی هێشتا وەرنەگرتبوو کە بریتییە لە رێکخراوێکی سیاسی مەحکەم و بونیادنراو. ئەو حزبە سیاسییانەی کە ئێستا هەن لەڕووی رێکخستن و ئەرک و بنەماکانی کارکردنیانەوە زۆر جیاوازن لەو حزبانەی کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا هەبوون.
هەموو زانا و لێکۆڵەرەوەکانی بواری زانستی سیاسی بەتایبەتی ئەوانەی کە پسپۆڕن لە مێژووی سەرهەڵدانی حزبەکان لە جیهاندا، کۆکن لەسەر ئەوەی کە دیاردەی کاری حزبی دیاردەیەکی نوێیە و لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە. 
مۆریس دوفرجیە لە کتێبەکەیدا بەناوی حزبە سیاسییەکان دەڵێت: (مێژووی حزبەکان لە سەدەیەک تێناپەڕێت لە ساڵی 1850، هیچ وڵاتێک لە جیهاندا جگە لە ئەمریکا واتای حزبی سیاسیان نەدەزانی وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، پێشتر جیاوازیی بیروڕا هەبوو، یانەی میللی هەبوو، کوتلە گەلێکی فیکری هەبوو، هەروەها کوتلەی پەرلەمانیش هەبوو، بەڵام هیچ کام لەوانە نەگەیشتبوونە پلەی بە حزب بوون، یان سیفەتی حزبیان نەبوو.)
 لە ساڵی 1950 دا سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە بوو (حزب دروستکردن) لەناو نەتەوە و گەلانی تردا.

هەموو زانا و لێکۆڵەرەوەکانی بواری زانستی سیاسی بەتایبەتی ئەوانەی کە پسپۆڕن لە مێژووی سەرهەڵدانی حزبەکان لە جیهاندا، کۆکن لەسەر ئەوەی کە دیاردەی کاری حزبی دیاردەیەکی نوێیە و لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە

دەتوانیین بڵێین هۆی سەرەکیی دەرکەوتنی حزبەکان لە وڵاتانی خۆرئاوای لیبراڵدا، ئەو کەشە لەبار و واڵایە بوو کە ئامادەبوو بۆ قبووڵکردنی ژیانی حزبایەتی، نەک دەستوورەکان، چونکە لە دەستووری ئەو وڵاتانەدا دەقێکی راشکاو نییە کە ماف بە هاووڵاتییان بدات بۆ دروستکردنی حزبی سیاسی، بەڵکو حزبەکان لە ئاکامی سودوەرگرتنی هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی مافە سروشتییەکان دروست دەبن کە بریتین لە: مافی کۆبوونەوە و دروستکردنی کۆمەڵەکان و ئازادیی بیروڕا و فیکر و رۆژنامەوانی.
زۆر لە بیرمەندانی زانستە سیاسییەکان دەڵێن دەرکەوتنی حزبە سیاسییەکان و مێژووی دروستبوونیان دیاردەیەکی عەلمانییە، چونکە خەڵک وەڕس ببوون لە ستەمکاری کڵێسا و پیاوەکانی و هەڵوێستە سیاسییەکانی و بۆچوونە فیکرییەکان و تیۆرییە دوور لە واقیعەکانی. خەڵک لە پیاوە ئایینییەکان هەڵگەڕانەوە، لەبەرئەوەی ئەوان زۆریان لێ دەکردن کە بەقا بە بیر و باوەڕە بێ بنەماکانیان بهێنن کە دووربوون لە ژیان و پێشوەچوونە ئینسانییەکان.
دوای ئەوەی کە دەقە ئایینییە ناعادیلەکانی کڵێسا کە حوکمی کۆمەڵگەی خۆرئاوای دەکرد، رۆژ لەدوای رۆژ نشوستی دەهێنا، دەتوانین بڵێین ئەوکاتە حزبە سیاسییەکان وەکو کاردانەوەیەک بۆ کردەکانی کڵێسا و زانایانی کە ویسایەتی ئایینیان بەسەر کاری سیاسیدا سەپاندبوو، دەرکەوتن و وتیان چیدی نابێت پیاوانی ئایینی دەست لە کاروباری دنیا وەربدەن، دەبێت ئایین لە سیاسەت جیابکرێتەوە. لەو دەمانەدا حزب تاکە دەرفەت بوو بۆ گوزارشتکردن لە بیر و بۆچوون و هەڵوێست و تیۆرییە سیاسییەکان. هەروەها پێشکەوتن لە بوارەکانی پیشەسازی و ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤایەتیدا رۆڵی گرنگیان هەبوو لە دروستبوونی حزبە سیاسییەکاندا.

پێناسەی حزبی سیاسی
لەبەرئەوەی بیرمەندە سیاسییەکان یەک بیر و بۆچوونیان سەبارەت بە دروستبوون و وەزیفەی حزبی سیاسی نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی ئەو قوتابخانە ئایدیۆلۆجی و فیکرییانەی کە ئەوان لەناویدا ریزیان بەستووە، یان خۆیان رابەرایەتیان کردووە، بۆیە جیاوازی هەیە لە تێڕوانینیاندا بۆ پێناسەی حزبی سیاسی:
ئەوانەی کە سەر بە قوتابخانەی فیکری مارکسین دەڵێن: حزبی سیاسی گوزارشتە لە چینێکی تایبەت، بۆیە هیچ حزبێک بەبێ بناغەیەکی چینایەتی نییە.
بەڵام لە ئەدەبیاتی سیاسیی بۆرژوادا تێڕوانینێکی تر هەیە بۆ پێناسەی حزبی سیاسی.
هاروڵد لاسویل دەڵێت: (حزب رێکخراوێکە کە کاندیدەکانی خۆی دیاریی دەکات بۆ هەڵبژاردن).
فرنسوا بوردو دەڵێت: (حزب پێکهاتووە لە کۆبوونەی خەڵکانێک کە بانگەشە بۆ هەمان بیروباوەڕی سیاسی دەکەن و هەوڵدەدەن لەڕێگەی پشتگیریی زۆرترین ژمارەوە لە هاووڵاتییان دەسەڵات بگرنە دەست یان لانیکەم کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی هەبێت).

موریس دوفریجە دەڵێت: (حزب بریتییە لە کۆبوونەوەی هاووڵاتییانێک لە دەوری یەک سیستم و دیسپلین). 
زانای سیاسی ئوستن رنی دەڵێت: (حزب بریتییە لە کۆمەڵێکی رێکخراو کە سەربەخۆیییەکی زاتی هەیە و پاڵێوراوەکانی خۆی دیاریی دەکات بۆ بەشداری لە ململانێی هەڵبژاردنەکان لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی حکومی و کۆنترۆڵکردنی پلانەکانی حکومەت).
لە کۆی ئەو بیر و بۆچوونانەی کە لەو پێناسانەی پێشەوەدا هاتوون، بۆمان دەردەکەوێت: 
یەکەم - حزبی سیاسی دەبێت بۆچوونێکی سیاسی یەکگرتووی هەبێت، لە شێوەی پڕۆگرامێکی سیاسیدا بخرێتەڕوو بۆ هاووڵاتییان (دەنگدەران).
 دووەم - حزبی سیاسی گرنگییەکی تەواو دەدات بە پشتگیریی رادەیەکی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵ لە بەرنامەکەی و هەوڵدەدات لە رێگەی توانای خۆیەوە یان بە رێکەوتن لەگەڵ چەند حزبێکی سیاسی تردا کە دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست، تا بەرنامە و پلانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جێبەجێ بکات .
سێیەم: ئاکارێکی تری حزبی سیاسی بەردەوامییە، چونکە ناکرێت وێنای حزبێک بکرێت کە بۆ کاتێکی دیارکراو دروست کرابێت.

 


بونیادی رێکخراوەیی حزبە سیاسییەکان

بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا و پەیڕەو کە پەیوەندیی ناوخۆیی نێوان ئەندامان و لیژنەکان و ئاستە حزبییەکان لەگەڵ یەکتریدا رێکدەخات و لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبیشدا رەنگ دەداتەوە. دیارە ئەو ئایدیۆلۆجیایەی کە حزب هەڵی گرتووە، رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لەسەر پێکهاتەی رێکخراوەیی حزب کە دەتوانین بەم شێوەیە روونی بکەینەوە:

أ- بونیادی رێکخراوەیی نەرم: ئەمەش لەو جۆرە حزبانەدا پەیڕەو دەکرێت کە لە پێکهێنانیاندا پشت بە لامەرکەزییەت بەستراوە و بە شێوەیەکی لامەرکەزیش پەیوەندیی نێوان دەستە و ئاستەکان بەڕێوەدەچێت، ئەم پەیوەندییە لاستیکییە (مرن) رێگە بە لقەکان و سەرکردەی لقەکان دەدات کە بتوانن خۆیان بڕیار بدەن، دەسەڵاتی سەرکردایەتی لەم جۆرە حزبانەدا سنووردارە، لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی زۆرتر و فراوانتر بۆ دەستە و بەشە جیاوازەکان لە حزبدا.
ب- بونیادی رێکخراوەی یەکگرتوو (مەرکەزی): لەم جۆرە حزبانەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئاستە جیاوازەکان و دەستەکان بەهێزترە و دەسەڵاتەکانی دەرکردنی بڕیارەکان لەدەست سەرکردایەتیدا دەبێت، لەم جۆرە حزبانەدا دوو جۆر یان پلە لە مەرکەزییەت هەیە:
یەکەم: مەرکەزییەتی ئۆتۆکراتی، ئەم جۆرەیان تایبەتە بە حزبە فاشیستەکان، کە تێیاندا زۆربەی دەسەڵاتەکانی دەرکردنی بڕیار لەدەست سەرکردایەتی حزبدایە.
دووەم: مەرکەزییەتی دیموکراسی کە لەسەر پەیوەندیی تێکهەڵچووی دەستە جیاوازەکانی حزب دادەمەزرێت، لەم جۆرەشدا سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لە دەرکردنی بڕیاردا، بەڵام بەپێی ریزبەندییەکی هەرەمی کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەستپێدەکات.

 

بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وڵاتە (تازە پێگەیشتووەکان)دا حزب ئامڕازێکە بۆ هێشتنەوە و پتەوکردنی ئینتیمای خێڵەکی و ناوچەگەری، چونکە نوخبەی دەسەڵاتدار مانەوەی خۆی و بەرقەرارکردنی حوکمەکەی لەوەدا دەبینێتەوە

پۆڵێنکردنی حزبە سیاسییەکان
سیستمە حزبییەکان بەپێی جیاوازیی سیستم یان رژێمی سیاسی دەگۆڕێن، ئەوەی کەوا لای هەمووان ئاشکرایە، ئەوەیە کە سێ جۆری سەرەکی لە سیستمی سیاسی هەیە، سیستمی دیموکراسی، سیستمی دیکتاتۆری (شمولی)، سیستمی سەرکوتکەر. چەند جۆرێک لە پۆلێنکردن هەن بۆ سیستمی حزبایەتی، بەڵام لە هەموویان دیارتر، سیستمی حزبی رکابەری و سیستمی حزبی بێ رکابەرە.
أ- سیستمە حزبییە رکابەرییەکان
ئەم سیستمە سێ جۆر لەخۆ دەگرێت، سیستمی فرەیی (تعددي) سیستمی دوو حزب، سیستمی حزبی باڵادەست.
(یەکەم) سیستمی فرەحزبی: ئەم سیستمە بەوە ناسراوە کە چەند حزبێکی جیاواز لە هێز و جەماوەر و بۆچوونی تێدایە هەریەکەیان بەشێک لە رای گشتی بەلای خۆیاندا دەبەن وەکو (ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیسرائیل، هۆڵەندا، نەرویج، دانیمارک).
(دووەم) سیستمی دوو حزبی گەورە: ئەم سیستمە لەسەر بنەمای دوو حزبی گەورە لەناو دەوڵەتدا کە رکابەری یەکترین پێکدێت، یەکێکیان دەسەڵات وەردەگرێت، ئەوەی تریان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن. جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سیستمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1680 لە بەریتانیا کاتێک کە دوو فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی گشتی (عموم) لە پەرلەمانی بەریتانیا دروستبوون، یەکەمیان نوێنەرایەتی بازرگان و سەنعاتکارەکان و بەگشتی چینی بۆرژوازی دەکرد و ناوی wihg بوو دووەمیان ناوی  Toryبوو کە ئۆرۆستۆکرات و گەورە موڵکدارەکانی لەخۆ گرتبوو، دواتر حزبی (ویگ) ناوەکەی بوو بە حزبی ئەحرار و ئەویتریان بوو بە حزبی موحافیزەکان. 
لە ساڵی 1900 ەوە حزبێکی تر لەو وڵاتەدا دروست بوو بەناوی حزبی کرێکاران و لە هەڵبژاردنی 1918 توانی بەسەر حزبی ئەحراردا سەربکەوێت و ئیدی لە ساڵی 1945ەوە لەگەڵ حزبی موحافیزەکان دەسەڵات دەگۆڕنەوە،  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دیارترین مۆدێلی ئەم سیستمەن. 
شایەنی باسە لەم سیستمەدا ژمارەیەکی زۆر لە حزبەکان هەن، بەڵام دوو حزبی گەورە بەردەوام کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی هەیە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ململانێدان. لە ئەمریکا دوو حزبی سەرەکی ناوبەناو دەسەڵات دەگۆڕنەوە (کۆماری و دیموکرات) و حزبی سێیەمیش هەیە، بەڵام ناتوانێت رکابەرایەتی هیچ کام لەو حزبە گەورانە بکات.
(سێیەم) سیستمی حزبی باڵا دەست: لەم سیستمەدا حزبێکی زۆر هەن و هەموویان رکابەری حزبە گەورە باڵادەستەکەن. بەڵام رکابەرییەکەیان تەنیا لە چوارچێوەی تیۆریدا دەمێنێتەوە. ئەم جۆرە سیستمە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا بە زۆری بەدیدەکرێت و دەتوانین بڵێین سیمای سەرەکیی ژیانی حزبایەتی ئەو وڵاتانەیە و لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیشەوە بەتایبەتی لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا لە ژاپۆن و هیندستانیش ئەو سیستمە باو بوو.
ب- سیستمە حزبییە بێ رکابەرەکان
دیاردەی هەرە دیاری ئەم سیستمە ئەوەیە کە هیچ رکابەرێکی سیاسی هەتا ئەگەر لەڕووی تیۆریشەوە بێت، تێیدا نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لەو وڵاتەدا یان هەر یەک حزب هەیە، یاخود چەند حزبێکی کارتۆنی هەن، بەڵام هەموویان لە خزمەتی حزبە گەورەکەدا کاردەکەن و لەژێر فەرمانی ئەودان، بەزۆری بەرەیەکی نیشتمانی بە سەرکردایەتی حزبی رابەر پێکدەهێنن. ئەم جۆرە سیستمە لە دوای شۆڕشی بەڵشەفیەوە لە 1917 گرنگی پەیداکرد، ئەم شۆڕشە یەک حزبی گەورەی بۆ کرێکاران نەک هەر لە یەکێتیی سۆڤیەت بەڵکو لە هەموو وڵاتە سۆشیالیستەکان دروستکرد، پاساوی ئەوان ئەوەبوو کە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات دژی سەرمایەداری جیهانی، دەبێت کرێکاران لە سایەی یەک حزبدا کۆببنەوە، بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا لە ئەفریقا و لە ئاسیا، بیانوویان بۆ سیستمی تاکە حزب یان حزبی رابەر و فەرماندە ئەوەبوو کە حزبی رابەر و فەرماندە پێویستە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمانی. نموونەی حزبی بەعس لە عیراق و سوریا دوو کۆپی هەرە دیارن بۆ سیستمی حزبی رابەر.

جۆرەکانی حزبی سیاسی
1- حزبی ئایدیۆلۆجی لەم جۆرە حزبانەدا گرنگییەکی تەواو بە پڕۆگرام و پرەنسیپە ورد و دیاریکراوەکان دەدرێت و پابەندبوون پێیانەوە مەرجی سەرەکیی ئەندامێتییە لەو حزبانەدا، حزبە شیوعییەکان و سۆشیال دیموکراتەکان هەروەها ناسیۆنالیستەکان لە نموونە هەرە دیارەکانی حزبی ئایدیۆلۆجین، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووەوە، هەندێک حزبی نا ئایدیولۆجی دروستبوون کە پڕۆگرامەکانیان گوزارشت بوو لە هەڵوێستەکانیان، لەو کاتەوە شانبەشانی حزبە ئایدیولۆجییەکان، حزبی تر هاتنە کایەوە کە پێیان دەڵێن حزبی پڕۆگرامە سیاسییە گشتییەکان یان حزبە براگماتییەکان.
2- حزبە براگماتییەکان: ئەم جۆرە حزبانە رێکخراوێکی حزبی و پرۆگرامێکی هەیە کە نەرمە و لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دێت، خۆی دەگونجێنیت، واتا دەتوانێت پرۆگرامی خۆی یان رێڕەوی گشتی حزبەکە بەگوێرەی بەرەوپێشەوەچوونی بارودۆخەکە بگۆڕێت.
3- حزبی کەسەکان: ئەم جۆرە حزبانە پەیوەستن بە شەخسی سەرکردە یان ئەو رابەرەی کە دروستی کردووە، رابەر رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە سەرکردایەتیکردن و دیارییکردنی رێڕەو و هەتا گۆڕینی ئاڕاستەکەشی بەبێئەوەی لە کەمبوونەوەی هاوسۆزی هەندێک لە ئەندامەکانی بترسێت، ئینتیما لەو حزبانەدا بۆ کاریزمای رابەرە یان ئەو ئاکارە خێڵەکییە یان چینایەتییەی کە ئەو سەرکردەیە رابەریەتی دەکات، ئەم جۆرە حزبانە بە زۆری لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین دەبینرێن، کە ژینگەیەکی عەشایەری و خێڵەکی لەباریان بۆ ئەو تەرحە حزبانە هەیە و  ئاستی خوێندەواریش تێیاندا نزمە.

ئەرکی حزبە سیاسییەکان
لەبەرئەوەی کە حزبە سیاسییەکان رۆڵێکی میحوەری لە سیستمە سیاسییەکاندا دەبینن و پەیوەندییەکی بنەڕەتیشیان لەگەڵ چەمکی دیموکراسیدا هەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین حزبە سیاسییەکان کۆڵەکەی دیموکراسین و دژایەتییکردنیان دژایەتی دیموکراسییە.

هەندێک لە نووسەران پرسی سیستمە سیاسییەکە کە ئایا شمولییە یان دیموکراسییە؟ دەکەنە پێوەر بۆ دیارییکردنی وەزیفەکانی حزبی سیاسی.

سیگمۆ نیومان بەبێ جیاوازی لە نێوان ئایا ئەو حزبە شمولییە یان دیموکراسییە، باس لە چوار ئەرکی سەرەکی دەکات کە حزبەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامی دەدەن، راکێشانی هاووڵاتی بۆ ریزەکانی حزب و راهێنانی لەسەر ئیلتیزامی سیاسی، بینینی رۆڵی ناوەند لە نێوان رای گشتی و حکومەتدا و دەستنیشانکردنی سەرکردەکان تا لەلایەن گەلەوە هەڵببژێرین کە ئەوەش ئاستێکی هۆشیاریی بەرزی دەوێت تا هەڵبژاردنەکەیان لە جێگەی خۆیدا بێت.
نیومان دەڵێت: دیموکراسی کاتێک دەکەوێتە مەترسییەوە کە حزبە سیاسییەکان نشوست دەهێنن لە پیادەکردنی ئەرکەکانیان، ئەوکاتە رێگە خۆش دەبیت بۆ حزبە رادیکاڵەکان کە سەربکەون و ئامانجی خۆیان لە پێکهێنانی سیستمێکی سیاسیی نوێ بەدیبهێنن.
بەڵام دیڤید فیمنیز دەڵێت: جیاوازی هەیە لەنێوان وەزیفەی حزب لە سیستمێکی دیموکراسی و ئەرکی ئەو حزبانەی کە لە سیستمێکی تۆتالیتاریدان (شمولی).

ئەو دەڵێت: لە سیستمی دیموکراسیدا حزب سێ ئەرکی هەیە:
-چاودێرییکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
-نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکان.
-کۆکردنەوەی کاندید و ئەندامان لە دەوری خۆی.

بەڵام لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا حزب دوو ئەرکی هەیە:
-پاراستنی توندوتۆڵی و یەکگرتنی ئەندامەکانی.
- سەرپەرشتی و ئیدارە.
بەدەر لەو پۆلێنکردن و راڤەکردنە تیۆرییانەی لای سەرەوە دەتوانین ئەرکەکانی حزب بەم شێوەیەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.

1 - کۆکردنەوەی بەرژەوەندییەکان: ئەوەش لە رێگەی گۆڕینی داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئەڵتەرناتیڤی سیاسی کە کاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پەیدابکات.
 ئەلموند لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی خەڵک کاتێک دەبێتە شتێک کە ناوەڕۆکێکی کاریگەری هەبێت، کە لە رێگەی سەرچاوە سیاسییە بەهێزەکان یان حزبە سیاسییەکانەوە کە ئامادەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەرژەوەندییانە پشتگیریی لێدەکرێت، شایەنی وتنە حزب ئەو کارە لە رێگەی کۆنگرەکانی خۆیەوە دەکات کاتێک کە سەندیکاکانی کرێکاران و کەرتەکانی تری کۆمەڵگە داواکارییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن ئەویش دواتر سازشی لەسەر دەکات و پێشنیازی سیاسەتێکی بەدیل دەکات بۆ چارەسەرکردنیان، بەڵام لە سیستمە نا دیموکراسییەکاندا لەبەر کۆنترۆڵکردنی حزب لەلایەن دەستەبژێرەوە ئەم وەزیفەیە دەوری نامێنێت.

2 - ئامادەکردنی سیاسی: ئەم وەزیفەیە لە پڕۆسەی دەستنیشانکردنی خەڵکانێکدا بۆ بینینی رۆڵ لە پۆستە سیاسییە رەسمیەکاندا خۆی دەبینێتەوە، وەک سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان، پارێزگار، ئەندام پەرلەمان یان فەرمانبەری ئیداری و هەروەها سەرۆکی سەندیکان.
ئەو حزبەی کە دەگاتە دەسەڵات، حکومەت پێکدەهێنێت و کادرەکانی لە پۆست و وەزیفە ئیدارییەکاندا دادەمەزرێنیت.

3 - دانی شەرعییەت: کاتێک کە حزبەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن مانای ئەوەیە شەرعییەت دەدەن بە سستمی سیاسی و کاتێکیش بڕیاری بەشداری نەکردنیان دەدەن، بەوە شەرعییەت لەو سیستمە لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتیشدا دەسەننەوە.
3 - پێگەیاندنی سیاسی: پڕۆسەیەکی فێرکردنی بەها و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکانە کە ناوەڕۆکێکی سیاسییان هەیە، رەنگە ئەو پڕۆسەیە بەتەنیا لە گواستنەوەی رۆشنبیریی سیاسی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر خۆی ببینێتەوە کە ئامانجی گۆڕانکارییەکی کەم یان ئامانجی گۆڕینی سەرتاسەری پێکهاتەکانی ئەو رۆشنبیرییە (کەلتور)ە بێت. دەتوانین بڵێین حزب لەو دەزگا گرنگانەیە کە لە رێگەی رۆژنامە و چالاکییە رۆشنفکرییەکانیەوە فۆرمەڵەی دیدی هاووڵاتییان بەرەو ئاراستەیەکی سیاسی رێکخراو دەکات.
 4 - هەندێک دەڵێن حزب ئامڕازێکە بۆ دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی: بەتایبەتی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا حزب لە رێگەی نووسینگەکانییەوە کە بە هەموو شوێنەکانی هەرێمەکەدا بڵاوبووەتەوە، و بەبێ گوێدان بەوەی کە لە کام هۆز یان عەشرەت یان خێڵێکن، هانی هاووڵاتییان دەدات بچنە ریزەکانییەوە و بەوە بەشداری دەکات لە گواستنەوەی ئینتیما لە خێڵەوە بەرەو ئینتیما بۆ فەزایەکی گەورەتر کە دەوڵەتە.
بەڵام هەندێک راو بۆچوونێکی تریان هەیە و دەڵێن لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا یان بە قەولی نەتەوە یەکگرتووەکان (تازە پێگەیشتووەکان) حزب ئامڕازێکە بۆ هێشتنەوە و پتەوکردنی ئینتیمای خێڵەکی و ناوچەگەری، چونکە نوخبەی دەسەڵاتدار مانەوەی خۆی و بەرقەرارکردنی حوکمەکەی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە دەڵێت بۆ لە وڵاتانی دواکەوتوودا بەردەوام لە شەڕی ناوخۆدا دەژین.

5 - حزبەکان فاکتەری چالاکین لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا : چونکە بەهۆی حزبەوە گەل دەتوانێت گوزارشت لە ئارەزوو و ئامانجەکانی و هەروەها لە پەیوەندییەکانی نێوان دەستەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی حاکم بە رێگەیەکی مەنتیقیانە و کاریگەرانەتر بکات .
6 - چاودێری و لێپێچینەوە: حزبەکان چاودێریی هەڵسوکەوت و کارەکانی حکومەت دەکەن، بەوەش دەتوانن ببن بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ بەرگرتن لە لادان و گەندەڵی.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە بوونی حزبە سیاسییەکان لە هەر دەوڵەتێکدا بێت ئاماژەیەکی گرنگە بۆ تەندروستیی ژیانی سیاسی لەو دەوڵەتەدا و زەمانەتێکی کارایە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی دیموکراسی و پتەوکردنی بناغەکانی و بەدیهێنانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و گواستنەوە لە خستنەڕووی داواکارییەکان لە دۆخی هەڕەمەکییەوە بۆ دۆخێکی تر کە چوارچێوەیەکی مەنتیقی هەبێت و پشتگیرییەکی سیاسی لەناو هۆڵی پەرلەماندا لەدواوە بێت. 
یان حزبی ئۆپۆزسیۆن وەکو بەرنامەیەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ بەرنامە و سیاسەتەکانی حزبی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا بیخاتەڕوو، بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی یان لانیکەم وەکو ئامڕازێکی گوشار سازشی سیاسی پێبکات و نەهێڵێت چیدی حزبی فەرمانڕەوا بەتەنیا بەپێی بەرنامەکەی خۆی بڕیار بدات.

* گیروندییەکان: ناوی فراکسیۆنێکی سیاسیی بۆرژوا بوو لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمیندا، ئەوان گوزارشتیان لە بەرژەوەندییە میانڕەوەکانی بۆرژوا دەکرد و لەنێوان خەتی شۆڕش و خەتی دژە شۆڕشدا ئەملاولایان دەکرد و لە ئاکامدا رێگەی سازشیان لەگەڵ مەلەکییەتدا هەڵبژارد.

سه‌رچاوه‌کان:
-1 ئوستن ره‌نی، سیاسه‌تی حوکم، گۆڕینی د.حسن ذنون، المکتبة الأهلية‌، به‌غدا.
-2 موریس دوفرجیه‌، حزبه‌ سیاسیه‌کان، گۆڕینی علی مقلد و عبدالحسین سعد، بیروت .
-3 ئینسکلۆپیدیای زانسته‌ سیاسییه‌کان، کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر.
-4 بثینة‌ عبدالله‌« حزب و سیاسه‌ت و دیموکراسی» الجزیرة‌ نت.
-5 صلاح نیوف، تیۆری حزبه‌ سیاسییه‌کان، الحوار المتمدن، ژماره‌ 1254،
 2005.
-6 طارق المجذوب «ئیداره‌ی گشتی» کۆلیجی حقوق زانکۆی به‌یروت.
-7 خضر تارق فتح الله‌ «رۆڵی حزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ سیستمه‌ پەرله‌مانییه‌کان» لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌راودکارییه‌، قاهیره‌.
-8 گابریال ئه‌لموند ‹سیاسه‌ته‌ به‌راوردکارییه‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا» گۆڕینی هشام عبدالله‌، عمان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان