پێشكەشكاری بەرنامەی چریكەساز لە كەناڵی خاك...

نزار زێوێی: ئەگەر رۆژێك لە هونەر بوەستم لە كاری باخداریدا بەردەوام دەبم

10:55 - 2024-07-04
دیدار
110 جار خوێندراوەتەوە

نزار زێوێی، پێشكەشكاری بەرنامەی (چریكەساز)ە لە كەناڵی خاك، دامەزرێنەری گروپی موزیكی لوڕە و ژەنیاری ئامێری تار و سێتار-ە، هاوكات ئامێرێكی نوێی ژەنینی دروستكردووە بە ناوی (یار)ەوە، كە ئامادەیە بۆ ژەنین.
نزار زێوێی بە دوالاپەڕە دەڵێت: گروپی لوڕ لە ساڵی 2008ەوە دامەزراوە، یەكێك بووم لە دامەزرێنەرانی لەگەڵ كۆمەڵیك لە هاوڕێیاندا، تا ئێستا بەردەوامم لە گروپەكە و ئێستاش بەڕێوەبەری گروپی موزیكی لوڕم، پسپۆڕیم  لە ئامێری تار و سێتاردا هەیە ئامێرێكی نوێشم بە ناوی (یار)ەوە دیزاین كردووە، یەكێكە لەو ئامێرانەی كە دەیژەنم، بەرنامەیەكی هونەریم بەناوی (چریكەساز) هەیە كە بەرنامەیەكی موزیكی هونەرییە و گەڕانە بە شوێن دەنگ و رەنگی جیاواز لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، بەرنامەكە دوو هەفتە جارێك لە كەناڵی خاك پێشكەش دەكرێت. 
نزار وتیشـــــــی: زۆربـــــــەی ئەو كارانەی كە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان یان بە دەستهێنانی ئەو ئامانجانەی لەژیاندا هەیە من هەموویم تاقیكردۆتەوە وەك كوڕێكی كورد لە خانەوادەیەكی كورد لەم شارەدا ژیانی كوردەواریش لەم وڵاتەی ئێمە كە لە راستیدا نەهامەتی زۆری تێدابووە بۆیە منیش لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا پریشكم بەركەوتووە و هەموو ئەزمونێكی كاركردنم تاقیكردۆتەوە،  هونەر یەكێكە لە حەز و خولیاکانم، بەڵام  بە دەر لە هونەر حەز و خولیایەكی تریشم هەیە كە ئەویش باخداری كردنە لە لادێ و سروشت، بۆیە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان لە كاری هونەریدا بوەستم لە كاری باخداریدا بەردەوام دەبم. 

یەسنا محەمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان