دەق: ڤینۆس فائق
وەرگێرانی لە عەرەبیەوە: رۆزا حەمە ساڵح
کڕنوشی دەبرد دایکم
لە یەکەم رکاتەوە
پێی نەزانیبوو
گەڵا سەوزەکانی
سەر دامێنی کراسە وەنەوشەییەکەی
زەرد هەڵگەڕابوون و
دەوەرین
سەری بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و
پاڕایەوە
بێ ئاگا بوو لەوەی
کراسەکەی نوقمی رەشی بووە
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
بەڕێکەوت لە ناوەڕاستی یادەوەریدا
خۆمم لەبیرکرد
خۆمم لە دوای خۆم بەجێهێشت
زمان خیانەتم لێدەکات
وا خەریکە دەگەمە خۆرئاوابوون
لێکدانەوەکان بێزارم دەکەن
روونکردنەوەی ئەم تووڕەییە
تووشی دڵ تێکهەڵاتنم دەکات
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
سەرپۆشەکەم لە جنسی تاریکیە
دەنگێک لە قوڕگما دەخنکێنێت
بریقەیەک لە چاوەکانمدا دەکوژێنێتەوە و
خەونی پەپوولەیەکیش کە من بوو
سەرپۆشەکەم لادەبەم
بۆ ئەوەی هزرم گەشە بکات و
بەرەو ئاسۆ بفڕم و
بگەڕێمەوە بۆ ئەو شۆڕشەی کە من بوو
ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
بەڕێکەوت لەسەر ئەم زەوییە دەژین
بریا ماسییەک بوومایە
هیچ لە ژیان تێناگات
هێشتا گوێبیستی کەشتی نوح نەبووە
کە بەسەریدا تێپەڕی
بریا وابوومایە.