چوار هەزار تووشبوو، تەنها شەش سەنتەری حکومی ..

ئۆتیزم، ئەو نەخۆشییە ترسناکەی بەردەوام لە هەڵکشاندایە

09:52 - 2024-07-07
ڕاپۆرت
302 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

ئالان منداڵێکی تەمەن 14 ساڵی توشبووی ئۆتیزمە، لەبەرئەوەی بە وتەی پزیشک رێژەی تووشبوونەکەی لە %100 -ەو سەنتەری راهێنانی حکومی وەری نەگرتووە بۆ چارەسەرکردن و خێزانەکەشی توانای داراییان لەو ئاستەدا نەبووە بیخەنە سەنتەری ئەهلی.

 شێنێ دایکی ئالان دەڵێت: کوڕەکەم تائێستا یەک وشە قسەی نەکردووە، زۆربەی کاتەکان دەگری بیانوو دەگرێت خۆی دەکێشێت بە دار و دیواردا و هەست بە مەترسی ناکات.
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فەرمانی ئاسایی مێشک تێکدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەمدەبێتەوە.
دایکی ئالان وتیشی، کوڕەکەم ئەگەر لە سەرەتای تەمەنییەوە لە سەنتەرێک راهێنانی پێ بکرایە بە دڵنیاییەوە ئێستا دۆخی ئەوەندە خراپ نەدەبوو، کە هەندێکجار ناچارم بیبەستمەوە، گەورە بووە و زۆر توانام نییە بەسەریدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەڕاستی ماندووم شەو و رۆژ ئیسراحەتم نییە، لەنیوە شەودا بە گریانەوە بە ئاگادێت دەیەوێت شتێک بڵێت و ناتوانێت دەری ببڕێت، خەریکە رۆحم بۆی دەردەچێت و هیچ دەسەڵاتم نییە.
ئەوە نموونەی خراپیی دۆخی سەدان دایک و باوکی منداڵی توشبووانی ئۆتیزمە لە هەرێم. پزیشکان دەڵێن، ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشان دەکرێن و دەست بە چارەسەرکردنیان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە باشتردەبن.
ئاماری سەنتەرەکان و توشبووان
ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە هەرێمی کوردستان شەش سەنتەری راهێنانی حکومی بۆ توشبووانی ئۆتیزم هەیە لە شارەکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، دربەندیخان و کۆیە، بڕیاریشە بەم زووانە لە ئاکرێ و کفری سەنتەر بکەینەوە.
سەنتەرە حکومییەکان توانای وەرگرتنی منداڵیان سنووردارە، ئەوەش دۆخی ئەو توشبووانەی خراپتر کردووە کە خێزانەکانیان توانایان نییە لە سەنتەرە ئەهلییەکان راهێنانیان پێ بکەن، لە هەرێم ژمارەیەک سەنتەری ئەهلی هەن لە بەرامبەر بڕێک پارە کە نرخیان لە 300 دۆلارەوە دەستپێ دەکات بۆ زیاتر و راهێنان بە منداڵانی توشبووی ئۆتیزم دەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وتیشی، بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە چوار هەزار منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێم هەیە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە کە جێی مەترسییە.
تائێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەڵام دەوترێت هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەکان لە ماوەی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.

 

وتەبێژی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی: سەنتەرە حکومییەکان توانای وەرگرتنی منداڵیان سنووردارە

 

بڕیاردان لە ئۆتیزم قورسە
رەحمان عەلی پسپۆڕ و شارەزا لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەکان دەڵێت: ئۆتیزم ئاڵۆزترین حاڵەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە گرفتێکی ژیرییە و پەیوەندی بە گەشەی دەمارەکانی مێشکەوە هەیە گرفتی تێدا دروست دەبێت و کێشەی بۆ دروست دەکات لە مامەڵەی رۆژانەیدا لەگەڵ چواردەورەکەی.
نیشانەکانی ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، هەندێکجار دەگوترێت هیچکات دوو تووشبووی ئۆتیزم نیشانەکانیان لە یەکدی ناچن.
رەحمان عەلی پسپۆڕ و شارەزا لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەکان وتی: بڕیاردان لە ئۆتیزم ئاسان نییە، لەگە ئەوەشدا منداڵەکە ئۆتیزمە یان نا گرنگ نییە، ئەوەی زۆر گرنگە بە زوویی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی منداڵەکە و دەستکردنە بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردن، لەبەرئەوەی ئەگەر منداڵەکە لە تەمەنێکی کەمدا حاڵەتەکەی دەسنیشان کرا دەکرێت زووتر فریای بکەویت.
باسی لەوەشکرد، لەسەر خێزان پێوستە لە قۆناغی سەرەتای دەستنیشانکردنی حاڵەتی منداڵەکەیدا دووربکەوێتەوە لە گۆڕینی ئەو پسپۆڕەی حاڵەتەکەی بۆ دیارییکردووە و دەستی کردووە بەپێدانی رێنمایی و چارەسەر، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کەسانی رەشبین و ئەو دۆخەی کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر منداڵەکەی دروست دەکات، هەروەها دوورخستنەوەی منداڵەکە لە شاشە زیرەکەکان و دەبێت منداڵەکە تێکەڵ بکرێت لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆی ئەگەر حاڵەتەکەی زۆر قورس نەبوو.
نیشانەکانی ئۆتیزم
ئۆتیزم وەک هەموو نەخۆشییەکانی تر کۆمەڵێک نیشانەی گشتی هەیە، دەتوانرێت لە رێگەیانەوە کەسانی توشبوو دەستنیشان بکرێن لەوانە: 
* لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی توشبوو، کە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی چواردەوری زۆر لاوازە و هیچ گرنگی بە کەسە نزیکەکانیش نادات.
*لاوازی و دواکەوتنی زمان و قسەکردن و لایەنی عەقڵی کە وەک مناڵانی تر لە کاتی ئاسایی خۆیدا فێری نابن.
*دووبارەکردنەوەی زۆر چالاکی و یاری، کەسی ئۆتیزم توانای یارییکردنی  سنووردارە و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دووبارەی دەکاتەوە. 
*توانای دیقەتدانی زۆر کەمە و لەکاتی قسەکردندا سەیری کەسی بەرامبەر ناکات.
*گەشەکردنی هەستەوەرەکانیان وەک منداڵانی ئاسایی نییە و دەست لێدان و بۆن و تام و چێژ کردنیان وەک پێویست گەشە ناکات.
*ناتوانێت کۆنترۆڵی هەڵچوونەکانی خۆی بکات و کەموکورتی زۆری بۆ دروست دەبێت.
رێنمایی و چارەسەر
لەگەڵ هەموو ئەم هۆکارانەدا، پسپۆڕانی بواری دەروونی پێیانوایە یەکێکی تر لەو شتانەی وا دەکات رێژەی ئۆتیزم لەناو مناڵاندا زۆر بێت، سەرهەڵدان و دروستبوونی تەکنۆلۆجیایە بە تایبەت ئایپاد و مۆبایل، کە کاریگەری دەکاتە سەر مێشکی منداڵ بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان زۆر بچووکە، بۆیە رێنمایی دایک و باوکان دەکەن منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵ بە تەواوی بەدوور بگیرێت لە هەموو شاشەیەک.
تا ئەمڕۆ هیچ چارەسەرێک نییە کە ببێتە هۆی چاکبوونەوەی تەواوەتی نەخۆشی ئۆتیزم، بەڵام پسپۆڕانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن، راهێنانەوەی رەفتاری منداڵ لە سەنتەری تایبەت لە تەمەنێکی بچووکەوە لەگەڵ پێدانی دەرمان بۆ کۆنترۆڵکردن کەمکردنەوەی نیشانەکان، بەپێی رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ یارمەتیدەرێکی باشن بۆ باشبوونی تاک و راهاتنەوەی بۆ ناو کۆمەڵگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان