دوو بەرهەمی نوێی برایم محێدین عارف

10:40 - 2024-07-07
کەلتور
165 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری

چەند گوڵێك لە گوڵستانی فرە رەنگ 
كتێبی « چەند گوڵێك لە گوڵستانی فرە رەنگ» كە پێكهاتووە لە كۆمەڵێك وتاری جیاواز سەبارەت بە چەندین دیاردەی تایبەت، لە نووسینی برایم محێدین عارف-ە، كە لەلایەن دەزگای چاپخانەی یاد لە سلێمانی بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە. 
نووسەر لەم كتێبەدا چەندین وتاری جیاواز لەسەر چەند پرس و دیاردەیەكی تایبەت كۆكردۆتەوە و بە چاپی گەیاندووە، یەكێك لەو بابەتانە، بابەتی بەڵێن و كردارە، نووسەر پێی وایە نەبردنە سەری بەڵێن، نەك هەر زیانی بۆ حزب و كەسانی باڵادەست هەیە، بەڵكو زیانی بۆ چاوەڕێكەریش هەیە. بە رای نووسەر زۆرجار دوای بەڵێن، یەكسەر كردارەكە دێتە دی، یان ماوەیەكی پێدەچێت، یا خود هەر نایەتەدی، بۆیە نووسەر پێی وایە جاری وا هەیە كە ئەگەر بەڵێن نەچێتەسەر دەبێتە درۆیەكی زارەكی. 
سەبارەت بە ئازادیی نووسەر پێی وایە شێوە سادەكەی پیادەكردنی ئازادی، واتە مرۆڤ توانای وەدەستهێنانی خواستەكانی خۆی هەبێت بە بێ بوونی دەستێوەردانی دەرەكی یان زۆرەملێی دەورووبەر، بە مەرجێك كە سنووری ئازادی كەسانی تر پێشێل نەكات. 

ژیان و پێویستی سۆز وەرگرتن و سۆز بەخشین
كتێبی» ژیان و پێویستی سۆز وەرگرتن و سۆز بەخشین» بەرهەمێكی دیكەی نووسەر برایم محێدین عارف-ە، كە پێكهاتووە لە كۆمەڵێك وتاری پەخشان ئامێز و لێكۆڵینەوە لەسەر ئازادیی ژن، سۆز، خۆشەویستی و.. هتد، كە چاپخانەی یاد لە سلێمانی بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە.
نووسەر رای وایە كە نووسین، خاڵیبوونەوە و یەكلاكردنەوەی بارودۆخی ئەندێشە و خەیاڵاتە، زادەی بگرە و بەردەی ناوەڕۆك و لێكدانەوەی بابەتەكانی مێشك و دەروونی مرۆڤە، كە مرۆڤ رۆژانە هاوشانی رووداوەكانی بەڕێكردنی ژیان، لەگەڵ لێكدانەوەی دەروونیدا دەژی و بەرۆكی دەگرن. رووداوەكانی رۆژانە دەبنە مایەی گینگدانی رۆحی و تێڕامان بۆ دوورترین پنتەكانی ئاسۆی ژینگە و فەراهەمبوونی ئاسوودەیی ژیان. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان