رەخنەی هۆشەکی لە رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب)دا

10:06 - 2024-07-10
کەلتور
295 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان

 

ناونیشانی نامەیەکی دکتۆرای (فرمێسک موسڵح)ە ساڵی 2024 بە سەرپەرشتی (پ. د. موحسین ئەحمەد عومەر) پێشکەشی کۆلێجی زمان - زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە پشتی بە رەخنەی هۆشەکی و تیۆری بیرڕۆنان و میتۆدی پێوانەیی بەستووە؛ لە سێ بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەم، لە دوو تەوەر پێکهاتووە، لە یەکەمدا چەمک و زاراوە و سەرهەڵدان و قۆناغەکانی قوتابخانەی رەخنەی هۆشەکی خراوەتەڕوو. وشەی رەخنە لە (criticism) لەڕووی فەلسەفییەوە لە ڕەگی کاری (krinein)ی یۆنانییەوە هاتووە، واتای لێجیاکردنەوەی شتەکان و هەڵوەشاندنەوە و بژارکردن و بڕیاردان دێ. هاتنی ئەم چەمکە بۆ ناو زمانە جیاوازەکان، واتای فراوانتری پێداوە، وەک: گرفت، پرۆسە و کردەی خوێندنەوە، سەرنجدان، شیکردنەوە، روونکردنەوە، هەڵسەنگاندن، لە هێڵەکدان و بڕیاردان لەسەر کارێ یان شتێک. وشەی هۆشەکی (congnitive) توانای ناسین و زانین، درکپێکردن، هەستپێکردن دەگرێتەوە. رەخنەی هۆشەکی لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا هاتە ئاراوە و سەرەتاش بۆ رەخنەی شیعر بەکارهات. ریوڤن تسور لە دامەزرێنەرانی ئەم قوتابخانەیە دەڵێ: (رەخنەی هۆشەکی سەرەتا لە لێکدانەوەی هۆشەکییانەی شیعر هاتووەتە ئاراوە، ئێستا بووەتە بوارێکی تازەی رەخنەی ئەدەبی، بە تێگەیشتنێکی دیکە لە چوارچێوەی دەروونناسیی هۆشەکی و دەروونناسیی زمانەوانییەوە شیکردنەوە و لێکدانەوە بۆ دەقە ئەدەبییەکان دەکات). ئەم تیۆرە گشتگیرە، سوودی لە تیۆرەکانی پێشخۆی بینیوە، لەبەرئەوە تیۆری هاتنە وەڵامی خوێنەر، دەروونناسیی هۆشەکی، زمانەوانی تێهەڵکێش کردووە، هاوکات بۆ شیکردنەوەی دەق پشت بەلایەنی کۆمەڵایەتی، کەلتور، سیمۆتیک، رەوانبێژیش دەبەستێت. بەپێی ئەم تیۆرە، دەق لە رێگەی زمانەوە لە هۆشدا رۆدەنرێت و کارلێک لەگەڵ بیر و هۆشی خوێنەر دەکات. 

رەخنەی هۆشەکی سەرەتا لە لێکدانەوەی هۆشەکییانەی شیعر هاتووەتە ئاراوە، ئێستا بووەتە بوارێکی تازەی رەخنەی ئەدەبی، لە چوارچێوەی دەروونناسیی هۆشەکی و دەروونناسیی زمانەوانییەوە شیکردنەوە و لێکدانەوە بۆ دەقە ئەدەبییەکان دەکات


لە یۆنانەوە تا ئێستا درێژ دەبێتەوە
توێژەر لە هەنگاوەکانی سەرهەڵدانی ئەم قوتابخانەیەدا، ئاماژە بە 7 قۆناغ دەکات، کە لە یۆنانەوە تا ئێستا درێژ دەبێتەوە. باسی تیۆری گشتاڵت، قوتابخانە زمانەوانییە نوێیەکان دەکات، کە چۆمسکی لە ئەمریکا - زانکۆی کالیفۆرنیا سەرپەرشتیاری بەشێک لەو تێزە دامەزرێنەرانە بووە، هەرچەند توێژەرەکان یاخی و رەخنەی تیۆرەکانی چۆمسکیش بوون. ئەم قوتابخانەیە پردی نێوان زمان و ئەدەبە، جەخت لەسەر چۆنێتی بیرڕۆنان لە زمان و ئەدەبدا دەکاتەوە، کە مرۆڤ چۆن بیرڕۆدەنێت و لەبیرەوە واتا بە شتەکان دەدات و لە دنیا تێدەگات، لەبەرئەوە بیری جیاواز بۆ یەک رووداو و دەق کارا دەبێت و رەخنەی هۆشەکیش دەیەوێت نهێنییەکانی مێشکی نووسەر لە بیرڕۆناندا دەربخات. توێژەر تیۆرە جیاوازەکانی رەخنەی هۆشەکی بەم جۆرە ریز دەکات: تیۆریی رەخنەی هۆشەکیی شیعر، تیۆریی میتافۆری بیریی، تیۆریی هێڵکاریی وێنەیی لە بیردا، تیۆریی جیهانەکانی دەق، تیۆریی بیرڕۆنان...هتد، لێرەوە دەچێتە ناو بەشی دووەمی تێزەکە، کە تایبەتە بە بیرڕۆنان.

جەبار جەمال غەریب

 


ئەم بەشە لە دوو تەوەر پێکهاتووە

بەشی دووەم، تیۆریی روانگەی بیرڕۆنانی رەخنەی هۆشەکی. ئەم بەشە لە دوو تەوەر پێکهاتووە، یەکەم، ناساندنی تیۆریی بیرڕۆنان، کە لەسەر دەستی رۆناڵد لانەیکەر لەبواری زماندا سەریهەڵدا و بە هەوڵی پیتەر ستۆکوێڵ هێنرایە کایەی ئەدەبەوە. زاراوەکە (construal) بە واتای رۆنان، بنیاتنان، بەیەکەوەنان، بەیەکەوە ریزکردن و رێکخستنی سروشتییانە دێت، کە لە زمانی کوردیدا توێژەر (روانگەی بیرڕۆنان) جێگیر دەکات. لانەیکەر دەڵێ: (مانا هەر بریتی نییە لە پەیوەندیی نێوان زمان و دنیا، بەڵکو زیاتر دەوەستێتە سەر روانگەی رۆنانی هۆشەکییانە لەبیردا...بیرڕۆنانیش چۆنییەتی وێناکردنی ئەو دیمەنەیە لەبیردا، کە مانا بەو کەس و شت و رووداو و شوێنە دەدات، ئینجا ئەو مانا رۆنراوەی بیر بە زمان و کەرەستەکانی دەردەبڕدرێت). لەبەرئەوەی چۆنێتی بینینی رووداو و دەقەکان دەوەستێتە سەر ئەزموونی بینین و رەوش و بارودۆخە جیاوازەکانی بینەرەکە، کە بینراوەکەش مانا لە دۆخ و رەوش و زانیاریی و سیاقی کۆمەڵایەتی، فیزیکی و...هتد وەردەگرێت. کەواتە بیرڕۆنان لە سێگۆشەی (بیر، تەن و زمان) پێکدێت. لەم تەوەرەدا توێژەر تیۆری روانگەی بیرڕۆنان دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوە دەکات، کە پشتی بە تێگەیشتنی پیتەر ستۆکوێڵ بۆ تیۆرەکە و چەند نووسەری دیکە بەستووە، بەڵام ستۆکوێڵ، لانەیکەر، تاڵمی و تسوری کۆ کردۆتەوە، بۆ زاراوە و پۆلێنکردنەکان لانەیکەر، بۆ قوڵی لێکدانەوە و شیکاریی بەلای تاڵمی و بۆ هەڵبژاردنی کەرەستەکان تسوری هەڵبژاردووە. هاوکات توێژەر بە وردی باسی کردە و میکانیزمەکانی روانگەی بیرڕۆنان دەخاتەڕوو، یەکەم: دیاریکردنی وردی و گشتی (لە ئاستە جیاوازەکانی زماندا)، دووەم: کۆ بیرخستنەسەر – فۆکەس (دەرخراو و بنکە، داڕشتن، مەودای بیریی)، سێیەم: دەرخستن (دەرخستن و بنکە، میتافۆری گۆڕانی بەدیارخستن، جوڵەدار و نشینگە، باری جێگیر و جوڵەکردنی جوڵەدار...) چوارەم: نیگاگرتن- تێڕوانین (رێکخستنی تێڕوانین، شوێنی تێڕوانین، جوڵەی بیری و کات گۆڕینی تێڕوانین، زەینییەتی کەسی و بابەتی، کاتی روودان و کاتی وەرگرتن و...هتد) بە نموونە هێنانەوە و روونکردنەوە لەبارەی میکانیزمەکان کۆتایی بەم بەشە دەهێنێت و دەچێت بەرەو پراکتیک.

چوار میکانیزمی باسکردووە
بەشی سێیەم، وەک هاوسەنگی بۆ دوو بەشی تیۆریی، کە لە 4 تەوەر پێکهاتووە، و چوار میکانیزمی باسکردووە، بەشی سێیەمیش 4 تەوەر بۆ چوار میکانیزمەکە تەرخان دەکات. لەم بەشەدا توێژەر بە وەرگرتنی 143 نموونە لە 10 رۆمانی جەبار جەمال غەریب، هەوڵیداوە بەپێی چوار میکانیزمەکە گۆشەی روانینی رۆماننووس و کەسێتیی و گێڕەرەوەکانی نیشان بدات. تەوەری یەکەم، میکانیزمی وردیی و گشتیی، توێژەر وردبوونەوەی رۆماننووس لە وشە و رستەدا، بە پێی دۆخ و کات و رووداو و کەسێتییە جیاوازەکان دەخاتەڕوو، کە بەشێکە لە چەقی سەرنج و روانگە، بۆ نموونە لە ورد نیشاندانی کاتدا رۆماننووس دەنووسێت: (هەزار و سەد و هەشت رۆژە نەهاتووەتەوە...)، یاخود لە نیشاندانی کەسێتیدا دەنووسێت: (کە توڕە دەبێ سەری خۆی بە دیوار یان ئەرزەکەدا دەکێشێ، ئەو جارەش وایکرد...وەک بەران سەری بۆ دواوە بەرز کردەوە...). چوواندنی رەفتاری کەسێتییەکە بە بەران، نیشاندانی رادەی توڕەیی و هەڵچوونە. سەبارەت بە گشتییەتی روانگەی بیرڕۆنان نموونە دەهێنێتەوە، کە گێڕەڕەوەی هەمووشتزان دوورە لە رووداوەکە و خۆشی بەشدارێکی چالاکی رووداوەکان نییە، لەڕووی کاتیشەوە باسی کاتێکی دوور دەکات و ئێستا دەیگێڕێتەوە.

بنەمایەکی دیارە
سەبارەت بە چەقی سەرنج (فۆکەس) کە رۆماننووس بۆ زەقکردنەوەی دیمەن و کەس و شتێک کەڵکی لێوەردەگرێت، توێژەر سێ بنەمای چەقی سەرنج (فۆکەس) بە نموونەوە شیدەکاتەوە، (دەرخراو و بنکە)، بنەمایەکی دیارە لە دیاریکردنی رەهەندەکانی کات، شوێن، جووڵە. (مجێورێک کە دەیانگووت هەمیشە سەرخۆشە، بردبوومیە ژوورە رووتەکەی خۆی لە تەنیشت مزگەوتەکە) ژوورە رووتەکە دەرخراوی مزگەوتە کە بنکەیە، ژوور لە مزگەوت بچوکترە، بەڵام چەقی سەرنجی لەسەرە و مەبەستی رۆماننووسە بەرجەستەی بکات. (داڕشتن) میکانیزمێکی دیکەی چەقی سەرنجە کە جەخت لەسەر توخم و پێکهاتەکان و چۆنییەتی رۆنانی مانای دەربڕین و جۆری دەربڕین لە داڕشتنیدا دەکاتەوە. دواتر باسی میکانیزمی باری جێگیری و جوڵەکردنی جوڵەدار دەکات و پێیوایە، جوڵەداری روانگەی بیریی تەنیا پەیوەست نییە بەو وێنە جوڵەدارانەی لە بیردا هەن، بەڵکو دەوەستێتە سەر ئەو وێنە زەینییەی نێرەر بۆ گەیاندنی مەبەستەکەی دەیگەیەنێت، کە دەکرێت تەنی جوڵەداری بیری بەتەواوی جێگیر بێت و ببێتە نشینگە بۆ تەنێکی بیری وێنانەکراو - نابەرجەستە، بۆ نموونە خۆشەویستی نابەرجەستەیە، بەڵام بیری مرۆڤ بۆ شتە نابەرجەستەکانیش شێوە و فۆرمێکی فیزیکی پێدەدات، جەبار جەمال غەریب بەهۆی تەکنیکی گێڕانەوە و بە شێوەی میتافۆر پەیوەندی نێوان رزین و خۆشەویستی گرێداوە، (کەوتم و لە خۆشەویستیدا رزیم) یاخود دەنووسێت (خیانەت لە گوڵەکانەوە هاتن) خیانەت کە نابەرجەستەیە، بەرجەستەکراوە و لەبیردا رۆڵی جوڵەداری پێدراوە، گوڵەکان شوێنگە - نشینگەی جوڵەدارەکەن، ئامرازی (لە) بووەتە هۆکاری جوڵەپێکردنی جوڵەدارەکە.

روانینی نوێی لێدەکەوێتەوە
 میکانیزمێکی دیکە نیگاگرتن -تێڕوانینە، کە رێکخستنی تێڕوانینەکانە، بۆ ئەو دیمەن و بارودۆخەی روانگەکانی بۆ رۆدەنرێت. ئەم میکانیزمە پشت بە شوێن و کات و ئەو زانیارییانەی هۆشنشینن دەبەستێت. توێژەر بە نموونەوە باسی گۆشەی تێڕوانین دەکات، کە شوێنی رۆنەر روانگەی بیرییەکەی دەگۆڕێت، لەبەرئەوە گۆشەی روانین بنەمای بیرڕۆنانی جیاوازە، کەواتە گۆشەگۆڕین لە گێڕەڕەوە بۆ کەسێتیی یان لە کەسێتییەکەوە بۆ کەسێتییەکی دیکە و...هتد دیمەنسازی و روانینی نوێی لێدەکەوێتەوە و دروست دەبێت، بۆ نموونە لە رۆمانی لەسەر باران دەنووسم، دکتۆر قسە لەگەڵ نەخۆشەکەی دەکات و دەڵێ: (خاتوون، راستە گورچیلەی چەپت ماندووە، بەڵام خراپ نییە. من و تۆ پێکەوە چاکی دەکەینەوە)، بەڕای توێژەر، دکتۆر لێرەدا گۆشەی روانینی خۆی جێهێشتووە و چووەتە پاڵ گوێگر، کە خاتوونە. دواتر باسی زەینییەتی کەسی و بابەتی دەکات، پێیوایە گێڕانەوەیەک کە بە هەمووشتزان دەگێڕدرێتەوە، زیاتر بابەتییە بەراورد بە هەمانشتزان-کەمشتزان، کە بە من دەگێڕێتەوە و هەستی نزیکی لەرووداوەکانی تێدا دەبینین، بۆ نموونە گێڕەڕەوە کە وەسفی شۆڕشگێڕان دەکات و خۆشی یەکێکە لەوان، دەنووسی: (دەشێ کەسێک لەگەڵ خۆرهەڵاتندا فریشتە بووبێت و لەگەڵ خۆرئاوابوونیشدا ئیبلیس). لێرەدا خێرایی گۆڕانی مرۆڤ باس دەکات، بێ ئەوەی روانگەی کەسی تێکەڵ بکات و مەبەستی لە دوژمن یان شۆڕشگێڕان بێت. دواتر توێژەر بە نموونەوە باسی کاتی روودان و کاتی وەرگرتن، ریزکردن، سکانکردن و خاڵی ئاماژەپێدان دەکات و لە کۆتاییشدا ئەنجامەکانی بە 11 خاڵ دەخاتەڕوو، کە دیارترینیان پەیوەستە بە فرەدەنگی لە رۆمانەکانی رۆمانووسدا، چونکە پشتی بە گێڕانەوە لە گۆشەی تێڕوانین و زمانی کارەکتەرەکان بەستووە، رۆماننووس بە وردی توخمەکانی گێڕانەوەی ناساندووە و ئەمەش وایکردووە خوێنەر رابکێشێتە ناو گێڕانەوەکەوە و ئیستاتیکای دەقەکەش بپارێزێت. هەر دیمەن و دۆخێکی دیاریکراو سەرەتا لە بیردابوون و لە رێگەی نیگاگرتنەوە، رێکخراون، زۆرێک لە رۆمانەکان لە رێگەی گێڕەڕەوەی هەمانشتزان بوون، بۆیە رێژەی کەسی بوون بەراورد بە بابەتی و لە دوور روانینی دۆخ و رووداوەکان زیاترە، ئەمەش وایکردووە زمان و داڕشتنی دەقی رۆمانەکان گوزارشت لە چۆنییەتی بیرڕۆنانی کارەکتەرەکان بکات. توێژەر لەم تێزەدا 267 نمونەی هێناوەتەوە، کە 143یان لە رۆمانەکانەوەیە، دەگاتە ئەوەی کە مانای دەقی ئەدەبی و مانای زمان و ئاخاوتن و نووسینی ئاسایی هەمان شتن، ئەوەی جیایان دەکاتەوە، ئەو پرۆسە و کردە و میکانیزمانەی زمانی ئەدەبین کە رێکخستنێکی تایبەتییان بۆ ئەنجام دەدرێت، تا کاریگەری زیاتر بێت، لەکاتێکدا زمانی ئاسایی رێکخستنی دووبارە و رۆتینە، هەرچەند لەبیرڕۆناندا لەگەڵ زمانی ئەدەبیدا هەمان پرۆسەیان هەیە، کەواتە رێکخستن و دەرخستن زمانی ئەدەبی جیادەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان