زانکۆکانی هەرێم، سەنتەری پشتیوانیی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکەنەوە

10:50 - 2024-07-10
کوردستان
134 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەکەی دامەزراوەی ئامیدیست

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دامەزراوەى ئامیدیست، لە چوارچێوەى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام (SDG) سەنتەرى پشتیوانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە زانکۆکانى هەرێم دادەمەزرێنێت. 
دامەزراندنی ئەم سەنتەرە لە دوای سەردانێکی وەفدی دامەزراوەی ئامیدیست بوو بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى پرۆژەى دامەزراندنى سەنتەرەکانى پشتیوانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان .

« رەخساندنى دەرفەتى یەکسانیى خوێندن، بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەڵگە»

لە کۆبوونەوەکەی دامەزراوەی ئامیدیست هەردوولا جەختیان لەوە کردەوەکە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى نەتەوە یەکگرتوەکان بە تایبەت لەبوارى ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسانیى خوێندن، بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەڵگە، پشتیوانیی لە رەخساندنى دەرفەتى زیاتر دەکات بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بۆ ئەوەى بتوانن لە خوێندنى زانکۆیى بەردەوام بن و هەموو کارئاسانییەکیان بۆ بکرێت، لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
وەفدەکەی دامەزراوەى ئامیدیست، لە ماوەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان، هەر یەک لە زانکۆکانى سنوورى هەولێر و سلێمانى و دهۆکیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ ستافى ئەکادیمیی زانکۆکان کرد، بە مەبەستى جێبەجێکردنى پرۆژەى دامەزراندنى سەنتەرەکانى پشتیوانیى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
وەفدی دامەزراوەی ئامیدیست پێکهاتبوون لە ستیڤن کۆچوبا، بەرپرسی ئامیدیست لە عێراق، خاتوو کوینسی دێرمۆدی و خاتوو دینا موحسین، بەرپرسانى بەشى دەستپێشخەریی خوێندنی باڵا لەئامیدەست، هەروەها د. دلۆڤان فەتاح بەرواری، بەڕێوەبەری کاروباری گشتی و ئەکادیمیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا. کە لەگەڵ وەفدی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهاتبوون لە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید و د. سەباح ئیبراهیم وەیس، ڕاوێژکارانى وەزیر و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا و د. توانا نەجەف محەمەد خان، بەڕێوەبەرانى گشتیى وەزارەت، کۆبوونەوە.
 ئامیدیست؛ دامەزراوەیەکى ئەمەریکاییە و چالاکییەکانی پەروەردە و راهێنان و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا ئەنجام دەدات. ساڵانە لە رێگەی بەرنامەکانی پەروەردە و راهێنانەوە، گۆڕانکاری لە پرۆگرام و کارى حکومەتەکاندا دەکات، بۆ ئەمەش پرۆژەى هاوبەش و جۆراوجۆرى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى دیکەدا هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان