وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تارانە

09:28 - 2024-07-11
جیهان
197 جار خوێندراوەتەوە


بەمەبەستی بەشداری لە مەراسیمی ساڵیادی دامەزراندنی قەرارگای ڕەمەزاندا، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتوون لە  حەمەی حەمەسەعید،  جەمیل هەورامی، بڵێسە جەبار فەرمان، جەبار یاوەر، شیلان عارف لە تارانن.

بە ئامادەبوونی فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئێران و نوێنەری ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عیراق و کوردستان، کە خەبات و شۆڕشیان دژی بەعس کردووە، ئەمڕۆ لە تارانی پایتەختی ئێران مەراسیمی چل ساڵەی دامەزراندنی قەرارگای رەمەزان بەڕێوەچوو.

بەمەبەستی رێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و عیراق و فەرماندەکانی قەرارگای رەمەزان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی و شۆڕشگێڕ و خەباتکار دژی دیکتاتۆر و رژێمی بەعس، بە وەفدێک بەشدار بوو.

دوابەدوای  پێشکەشکردنی وتاری سوپای پاسداران و قەرارگای رەمەزان، وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن حەمەی حەمەسەعید-ەوە خوێندرایەوە.
لە وتارەکەدا سەرەتا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی قەرارگای رەمەزان کرد و وەک ناوەندێکی گرنگ و کاریگەر، پاشان بەگەڕانەوە بۆ مێژووی چل ساڵ لەمەوبەر، باسی لە رۆڵی ئێران بۆ پشتیوانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی عیراق و کوردستان و بەتایبەت هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هەر لە وتارەکەدا، حەمەی حەمەسەعید تیشکی خستە سەر مێژوی خەبات و تێکۆشان و داستان و قارەمانی هێزی پێشمەرگە و  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخ و نوێدا و پشتیوانی بۆ خەڵکی ئێران دژی رژێمی پەهلەوی و محەمەد رەزاشای ئێران و قوربانیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژی دیکتاتۆری و ستەمی ڕژێمی بەعس.

هەر ئەمەش وای کرد، لە 1ی حوزەیرانی 1975 دەزگای سیخوڕی رژێمی شا، کە بە(ساواک ) ناسرابوو، کەوتە گرتنی چالاکان و پێشمەرگە و شۆڕشگێڕەکانی یەکێتی، چەندین شۆڕشگێڕ لەلایەن ئەم دەزگا سیخوڕەوە گیران و تەسلیم بە رژێمی دیکتاتۆری بەعس کران و سەرجەمیان لەسێدارەدران.
هەروەها وتی، هەمیشە ئێمە رێز لە پشتیوانی و هاوکاری جمهوری ئیسلامی ئێران دەگرین بۆ کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆش کە لێرە کۆبووینەتەوە نیشانەی ئەو پشتیوانی و پێکەوە خەباتکردنەیە دژی دیکتاتۆری، رۆڵی قەرارگای ڕەمەزان لە رابردوو و ئێستاش جێی پێزانینە، لە رووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داعش بەهەمان رۆحیەتی پشتیوانی جاران، قەرارگای رەمەران پشتیوانمان بووە.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا حەمەی حەمەسەعید پەیامە گرنگ و کاریگەرەکەی رەوانشاد، مام جەلال-ی وەبیر هەموان هێنایەوە، کە پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی ناردبوو.
وتیشی، لەو رۆژگارەدا نەبوون یان کەم بوون ئەو سەرکردانەی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ گەلی ئێران و شۆڕشەکەی رابگەیەنێت. ئەوەش تەنها مام جەلال بوو. ئەمەش دەرخەری مێژووی دوور و درێژی یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە بەشێکی تری وتارەکەدا ئاماژە بە رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و خەبات و قوربانیدانی لەپێناوی ئازادی و دژی ستەم و دیکتاتۆری چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی شەهید بووە. کە لەو پێناوەشدا یەکێتی نزیکەی 27 هەزار شەهیدی بەخشیوە بە ئازادی دژی دیکتاتۆری.

حەمەی حەمەسەعید وتیشی، لە مێژووی چەند ساڵی نزیک رۆڵی ئێرانمان لەبەرچاوە، لە رووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە بەرانبەر تیرۆرستانی داعش.

لە کۆتایی وتارەکەدا، ئاماژەی بە رۆڵی ئێران کرد، کە دەتوانێت وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بێت بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان، ئەو هەنگاوەش لە جمهوری ئیسلامی ئێران چاوەڕێ دەکەین.
وتیشی، لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێی رزگاری کوردستان و عیراق هەموو ئەو شەهیدانەی دژی دیکتاتۆری گیانیان بەخشی.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە وەک هێزێکی کاریگەر لەعێراق و ناوچەکە سەیرکراوە، شەهید و قوربانییەکانی شاهیدی خەبات و تێکۆشانی ئەم هێزەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان