ئامادەكاری بۆ سەرژمێریی دانیشتوان بەردەوامە

09:22 - 2022-06-22
ڕاپۆرت
214 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ئامادەكارییەكانی حكومەتی عیراق بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بەردەوامە.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: ماوەیەكە حكومەتی عیراق ئامادەكاریی بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەكات، وتیشی: وەزارەتی پلاندانانی عیراق وەك لایەنی پەیوەندیدار لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان،  تەئكیدیكردۆتەوە ئەوان خواستیان ئەوەیە لە نزیكترین  ماوەدا ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش بە ئێمەیان راگەیاندووە كە سەرژمێریی جگە لە دابینكردنی بودجەی پێویست، كاتێكی زۆری پێویستە بۆئەوەی لە سەرجەم پارێزگاكاندا لیژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەش دا «ئێستا عیراق لە بارودۆخێكی ئابووریی باشدایە، ئەویش  بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتەوە، بۆیە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ دابینكردنی بودجە بۆ سەرژمێریی»، وتیشی: سەرژمێریی دانیشتوان دەبێتە هۆكارێك بۆ دانانی  پلان و بەرنامەی زانستی، تا حكومەت كاریان لەسەر بكات.
شایانی باسە، لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزیری پلاندانانی عیراق رایگەیاند: بڕیارە كۆتایی ساڵی داهاتوو، پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان بە شێوازی ئەلیكترۆنی و بە بەكارهێنانی پێوەرەكانی ئامار كە پشتپێبەستراوە لە جیهاندا، بەڕێوەبچێت. هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی رابردوودا، دەستەی باڵای سەرژمێریی بە سەرۆكایەتیی وەزیری پلاندانان كۆبۆوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان