شێرپەنجەی مەمك لە ریزبەندیی سەرەوەیە

گەرمیان پێویستیی بە نەخۆشخانەیەکی چارەسەری شێرپەنجەیە

09:42 - 2024-07-14
ڕاپۆرت
143 جار خوێندراوەتەوە
توشبووانی شێرپەنجە ئەرکیان گرانە و پێویستییان بە هاوکاری بەردەوامە

ساڵی رابردوو نۆ هەزار و 911 توشبووی شێرپەنجە لە هەرێم تۆمارکراوە

گەرمیان/ حسێن عەزیز

سۆران عەبدولڕەحمان هاووڵاتییەكی تەمەن 35 ساڵی دانیشتووی قەزای کەلارە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەیە و نزیكەی دوو ساڵە بۆ چارەسەر هاتوچۆی نەخۆشخانەی هیوا دەكات لە شاری سلێمانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی دوو ساڵە هاتوچۆی نەخۆشخانەی هیوا دەكەم بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ئێستاش هەموو مانگێك سەردانی نەخۆشخانەکە دەكەم بۆ پشكنینی ئاستی بەرگری لەشم، هاتوچۆ، دووری و ناخۆشی رێگەی كەلار - سلێمانی یەكێكە لە گرفتەكانمان و باری سەرشانی قورستر كردوین، هەندێکجار دەگەینە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی و پێمان دەڵێن: سبەی سەردان بكەنەوە كە ئەمەش زیاتر هیلاكمان دەكات و هاتوچۆكردن بە پاس گرفتێكی ترە كە زۆرجار كەسانی نەخۆشی تێدایە بۆ چارەسەر روو لە نەخۆشخانەكان دەكەن و مەترسی بۆ سەر ژیانی كەسی تووشبوو بە شێرپەنجە هەیە.
وتیشی: نرخی دەرزی و دەرمانەکانی بۆ چارەسەر دەیانکڕم گرانن، هەندێکجار دەرزییەکم بە هەزار و 700 دۆلار کڕیوە لەبەرئەوە ئۆتۆمبێل و خانووم فرۆشتووە بۆ چارەسەرکردنی خۆم، یاخود پسوڵەی دەرمانەکانم داوە بە کەسانی خێرخواز بۆئەوەی هەندێک ئەرکی سەرشانم کەم ببێتەوە، لە کەلار رێکخراوێکی خێزاخوازیش هەیە هاوکاری کردووم.
ئاماری توشبووانی شێرپەنجە
رێكخراوی زریان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی شێرپەنجە لە گەرمیان، نزیكەی شەش ساڵە هاوكاری دارایی بەشێك لە توشبووانی شێرپەنجە دەكات.
عەدنان قوربانی لە رێكخراوی زریان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رێكخراوی زریان وەك رێكخراوێكی خێرخوازی قازانج نەویست، لە سەر دوو ئاستی جیاواز  كار دەكات، كە بریتین لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لە بارەی نەخۆشی شێرپەنجە لە رێگەی سیمینار و وۆركشۆپ و بڵاوكردنەوەی نامیلكە، هەروەها پێشکەشکردنی هاوكاری دارایی بەو كەسانەی توشبووی شێرپەنجەن و داوای هاوكارییان لە رێكخراوەكە كردووە.
بەپێی ئامارێکی رێكخراوی زریان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خانەقین نزیكەی هەزار و 38 توشبووی شێرپەنجە تۆماركراون بەشێوەیەك، 571 كەسیان دانیشتووی قەزای كەلارن، 235 توشبوو لە ناحیەی رزگاری، 65 توشبوو لە قەزای كفری، 19 توشبوو لە ناحیەی پێباز، 69 توشبووی خانەقین و 79 توشبوو لە دەربەندیخان، هەروەها شێرپەنجەی مەمك لە سەرەوەی ریزبەندی جۆرەكانی شێرپەنجەیە.

 

ئامارێکی رێكخراوی زریان: لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خانەقین نزیكەی هەزار و 38 توشبووی شێرپەنجە تۆماركراون

 

سەرچاوەی هاوکاریی رێکخراوەکە
عەدنان قوربانی لە رێكخراوی زریان دەڵێت: دەکرێت بڵێین ئەمە ئاماری نیوەی توشبووانی شێرپەنجەن لە گەرمیان، لەبەرئەوەی تەنیا ژمارەی ئەو توشبووانەن کە لەلای رێکخراوەکەمان تۆمارن و داوای هاوکاری داراییان کردووە.
وتیشی: سەرچاوەی داهاتی رێكخراوەكەمان ئەو سندوقی كۆمەكانەن كە لە دەرمانخانە و مزگەوت و شوێنە گشتییەكاندا دانراون، هەروەها پشتمان بە هاوكاری سەرمایەدار و خێرخوازان بەستووە لە زەكات و ئەو پارانەی تر کە بەهۆكاری جیاجیا دەیبەخشن.
لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی توشبوون بە شێرپەنجە لە گەرمیان هیچ سەنتەر یان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە نییە توشبووان روو لە نەخۆشخانەی شارەکانی سلێمانی و هەولێر دەکەن بۆ چارەسەر، بۆیە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە داواکاری سەرەکی توشبووانە، کە لە بەرنامەی خێرخوازێکدایە.

 

توشبوویەکی شێرپەنجە:  دووری و ناخۆشی رێگەی كەلار - سلێمانی یەكێكە لە گرفتەكانمان و باری سەرشانی قورستر كردوین

 

نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە لەلایەن خێرخوازێکەوە
ئیبراهیم زەریف چالاكوانی مەدەنی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر توشبووانی شێرپەنجە و نزیكبوونەوەی رێگەی دووریان بڕیارە سەرمایەدارێک نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ  تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لە قەزای كەلار دروستبكات و بۆ ئەو مەبەستە بڕی دوو ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بڕیارە مانگی 9ی ئەمساڵ بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.
سۆران عەبدولڕەحمان توشبووی شێرپەنجە، داوا لە رێکخراوە خێرخوازییەکە دەکات توشبوویەکی شێرپەنجە لە ستافی بەڕێوەبردندا جێگە بکاتەوە بۆ ئەوەی وردتر لە ئازارەکانی توشبووانی شێرپەنجە تێبگەن و رێکخراوەکە تەنها هاوکاری پێشکەش بە توشبووانی شێرپەنجە بکات لەبەرئەوەی ئەرکیان گرانە و پێویستیان بە هاوکاری زۆر هەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە رێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا نۆ هەزار و 911 توشبووی شێرپەنجە لە هەرێم تۆمارکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان