یاداشتەکانی ژنێکی کورد..چەند وانەیەک بۆ ژیان

10:28 - 2024-07-14
کەلتور
149 جار خوێندراوەتەوە

و: نەرمین عوسمان محەمەد

یاداشتەکانی ژنێکی کورد ژیاننامەی تایبەتی خانمە نووسەری کوردی رۆژئاوا فەوزیە قەجۆیە کە لە ئێستادا نیشتەجێی ئەمریکایە، لەم یاداشتانەدا شایەتی خۆی لەسەر سەردەمەکەی تۆمار دەکات و بەسەرهاتەکانی خێزانەکەی و کەسوکارەکەی و خۆشەویستانی دەوروبەری خۆی تۆمار دەکات، بەشی گەورەی یاداشتەکانی بۆ کەسانی دیکە تەرخان دەکات.
فەوزیە قەجۆ یاداشتەکانی بەو زمانە کوردییە تۆمارکردووە کە لە ساڵانێکی گرنگی تەمەنیدا فێری بوو، چونکە ئەو لەسەرەتای ژیانیدا نەخوێندەوار بوو، بەڵام توانی زاڵ بێت بەسەر نەخوێنەوارییەکەیدا و دەستی بە خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی کرد لە سەردەمێکدا لە رۆژئاوا زمانی کوردی قەدەغە بووە.
فەوزیە لە گێڕانەوەی یاداشتەکانیدا گەشت لەنێوان سووتاندنی سینەما عامودا و ناڵاندنی مەنفالە واشنتن دەکات ئەو باسەکانی شارۆچکە خنجیلەکەی خۆی(عامودا) لە سەردەمی منداڵییەوە تا دەبێتە داپیرە دەگێڕێتەوە واتا مێژووی ئەو شارۆچکەیە لەڕێگەی مێژووی تایبەتی خۆی و یاداشتەکانی لەسەر ئەو مێژووەوە دەگێڕێتەوە بە هەموو یاداشتە جوان و تاڵەکانیەوە، باس لەو ئازیزانە دەکات کە ئەم جیهانەیان جێهێشتووە و دڵسۆزیی خۆیان بۆ دووپات دەکاتەوە و خۆشەویستی خۆی بۆیان دەردەبڕێت، بەوەی بە نەمریی لە یادگەی خۆیدا دەیانهێڵێتەوە، ئەو چاکە لە خەڵکدا دەبینێت و گرەوی لەسەر دەکات و بەخۆشەویستییەوە پێشوازی لە ژیان دەکرد.
بەسەرهاتەکانی لەسەر ئەو رووداوانە دەگێڕێتەوە کە تیایاندا ژیاوە و شایەتحاڵ بووە لەسەریان، لەسەرەتادا باس لە سووتانی سینەما عامودا دەکات کە رووداوێکی مێژوویی دیارە لە شارۆچکەکەدا ئەوەی دێتەوە یاد چۆن ئەو رووداوە بووە مایەی ئەوەی ئەو شارۆچکەیە بۆ ماوەیەکی زۆر رەشپۆش بێت و لە پرسەدا بێت، چۆن نەیتوانیووە ئەو کارەساتە جەرگبڕە تێپەڕێنێت و چۆن باوکی کاریگەر بووە بەو نەهامەتیە.

 

ئەو رووداوانە دەگێڕێتەوە کە شایەتحاڵیان بووە، باس لە سووتانی سینەمای عامودا دەکات، چۆن ئەو رووداوە بووە مایەی ئەوەی ئەو شارۆچکەیە رەشپۆش بێت

 

چەند رووداوێکی مێژوویی
هەروەها باس لە چەند رووداوێک دەکات کە بوونەتە رێڕەوی مێژوویی و لەمیانەی گێڕانەوەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە لێیان دەدوێت، لەگەڵ چۆنێتی رەنگدانەوەی ئەو رووداوانە لە دیدگای تایبەتی ئەوەوە بۆ نموونە باس لە یادەوەرییەکانی دەکات لەسەر جەژنی نەورۆز و چۆنێتی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی ئەو جەژنەدا و چۆن دواجار ئەو دەسەڵاتدارانە ناچاربوون رێگە بە سازدانی ئەو ئاهەنگە بدەن لەدوای ئەو هەمووقوربانییەی کورد پێشکەشی کردووە. 
سەبارەت بەم کتێبە رۆماننووسی سوری هەیسەم حەسەن دەڵێت: «یاداشتەکانی پورە فەوزیە نمایندەی یاداشتەکانی زۆرێک لەو ژنە کوردە پاڵەوانانە دەکات کە ئاڵەنگاری دۆخە سەختەکانیان کردەوە و بەرەنگاری غەدری رۆژگاریان بوونەوە و خۆیان بە گەورەتر زانی لە   برینەکانیان و بەردەوام بوون لە رێگەکەیاندا بەبێ ئەوەی بێ ئومێد بن یاخود خۆیان بدەن بەدەستەوە، وێڕای ئەو هەموو بارودۆخە سەخت و هەڵوێستە ئالۆزانەی دووچاری بووە، بەڵام ئەم خانمە تێکنەشکا، بەڵکو بە بەهێزی مایەوە بە رۆحێکی دایکانەوە خۆی پێ پڕدەکرد و پێی بەردەوام دەبوو لە بەخشین وخۆڕاگریدا، ئەوێک بە گەورەیی فێری خوێندنەوە و نووسین بوو، بەسەر نەخوێندەوارییەکەیدا زاڵ بوو هەروەها نەخشەی نامۆ بوونەکەی بەخوێندنەوە و نووسین کێشا، بۆیە شایەتی خۆی لەسەر ژیان و سەردەمەکەی نووسییەوە».
هەروەها دەڵێت:«ئەم کتێبە بریتییە لە چەند وانەیەکی ژیان و چەند پەندێکی مێژوویی ئەم یاداشتانەی پڕکردۆتەوە، وەک باسێک وایە چۆتە نێو قووڵایی کۆمەڵگەی کوردییەوە، لە ناوچەی عامودا  و ناوچەکانی دراوسێی و روونیدەکاتەوە چۆن رۆڵەکانی ئەو ناوچانە پەرتوبڵاوبوونەوە لە جیهانێکدا پڕبوو لە موفاجەئە بۆیان و بەرەو رێگەی خەونەکانیان و نەهامەتیەکانیانی بردن، لە رێڕەوەکانیاندا و چارەنووسیانی بۆ وێناکردن بە چەند شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو».
شایەنی باسە کتێبی «یاداشتەکانی ژنێکی کورد» لەلایەن خانەی وەشانی رامینا لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە ولەلایەن شاعیرو وەرگێڕ«یاسین حسێن»ەوە وەرگێڕدراوە.

سەبارەت بە نووسەری کتێبەکە
خاتوو فەوزیە قەجۆ لەدایکبووی شارۆچکەی عامودای سەر بە شاری حەسەکەیە و لە ساڵی 1953 لەدایکبووە، هاوشێوەی زۆربەی کچانی دیکەی نەوەکەی لەو سەردەمەدا نەچۆتە خوێندنگە، بەڵام بەهاوکاری هاوسەرەکەی ئیبراهیم قەجۆ فێری خوێندنەوە و نووسین بوو بە زمانی کوردی و شیعرەکانی جگەرخوێن و چەند شاعیرێکی دیکە بوونە سەرچاوەی سەرەکی خوێندنەوە و فێربوونی. دواتر ئەم یاداشتانەی خۆی نووسی هەر لەمنداڵییەوە تا دەگاتە ئەو رووداوانەی لەم دواییەدا بەسەر شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوادا هات.



بابەتە پەیوەندیدارەکان