ئەمانوڵڵاخانی ئەردەڵان

جێدەستی لە بنیادنانی شاری سنەدا

10:51 - 2024-07-14
کەلتور
146 جار خوێندراوەتەوە
#کۆشکی خەسرەو ئاوا (خسرو آباد) لەشاری سنە

عومەر ئیسماعیل باوزێیی

ئەمانوڵڵاخان، كوڕی (خەسرەوخانی گەورە 1774 -1789)، ئەویش كوڕی (خان ئەحمەدخانی سێیەم 1740 -1743)ی والی پێشتری ئەردەڵان-ە. 
لە نێوان ساڵانی (1799-1824 (دا والی ئەردەڵان بوو، کە بە یەکێک لە دیارترین و بەناوبانگترین فەرمانڕەوایانی میرنشینەکە دادەنرێت.
یەكێك لە هاوسەرەكانی بە ناوی (سەروناز خانم)، پێشتر خزمەتکارێکی بە رەگەز گورجی ناو کۆشک و ژنی مارەنەبڕاوی (فەتحعەلی میرزا 1798-1834)ی شای قاجار بوو،  دواتر وەک دیاریی پێشكەشیكرد. 
ئەمانوڵڵاخان، بە سروشت مرۆڤێکی تووڕە و دڵڕەق بوو، بە جۆرێك بەزەیی بە كوڕ و خزمە نزیكەكانی خۆشیدا نەدەهاتەوە، هەروەها بە یەكێك لە میرە دەوڵەمەند و خاوەن سامانەكان دادەنرێت لە مێژووی میرنشینەکەدا، چونكە توانیبووی لە رێگەی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و لەژێر زەبر و زەنگدا، موڵك و داهاتی هاووڵاتیانی میرنشینەكە داگیربكات. 
خاوەنی پێنج كوڕ بوو بە ناوەكانی (محەمەد حەسەن خان، خەسرەوخان (خەسرەوخانی ناکام)، عەباس قولیخان، ئەبولفەتح خان و حسێن قولیخان)، كە ئەوەی دواییان بە نازناوی (حاوی) هۆنراوەی دەنووسی و بەناوبانگە. 
ئەمانوڵڵاخان، دوای (25) ساڵ فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵان، بە نەخۆشیی شێرپەنجەی جگەر كۆچی دوایكرد.
جێگای ئاماژەیە، لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا چەند كارێكی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی ناوازەی لە شاری سنەدا کردووە، لەوانە (تەلاری دڵگوشا، تەلاری گوڵستان و مزگەوتی دارولئیحسان)، هەروەها (کۆشکی خەسرەوئاوا و کۆشکی وەکیل)یشی نوێکردۆتەوە کە لێرەدا بە کورتی تیشک دەخەینە سەر ئەم دوو پاشماوە و شوێنەوارە مێژووییەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆشکی خەسرەوئاوا
دەکەوێتە سەر شەقامی خەسرەوئاوا لە ناوەندی شاری سنە، لە ساڵی (1807)دا لەسەر رووبەری شەش هەزار مەتر چوارگۆشە لەلایەن ئەمانوڵڵاخان دروستکراوە، بەڵام بۆچوونی جیاواز هەیە دەربارەی سەرەتای بنیادنانی و هەندێک لە مێژوونووسان، بەشی خۆرهەڵاتی کۆشکەکە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی زەندییەکان و دەڵێن: دواتر ئەمانوڵڵاخان لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا تەواویکردووە.
تەلاری خەسرەوئاوا، سەرەتا وەک کۆشکی بارەگای فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵان بەکاردەهێنرا، بەڵام دواتر وەک شوێنی رێوڕەسم و پێشوازیکردن بۆ میر و کاربەدەستان و شوێنی نیشتەجێبوونی والییەکان بەکارهێنراوە. کاری تەلارسازییەکەی بریتییە لە خشت و گەچکاری، کە لە چەند ژوورێکی رووبەر جیاواز و ناندێن و گەرما و پێکهاتووە. هەروەها خەزانێکی ئاو لەناو حەوشەکەیدا، هێندەی تر کۆشکەکەی رازاوەکردووە. 
لە کاتی گەشتەکەی (ناسرەدین شا 1848 -1896)ی قاجار بۆ کوردستان، سەردانی تەلاری خەسرەوئاوای کردووە و سەرسامی شێوازی تەلارسازییەکەی بووە، بۆیە چەند رۆژێک تێیدا ماوەتەوە.
ئەم کۆشکە لە هاوینی ساڵی (2022)دا بە ئامادەبوونی عەلی ئەسغەر مونسان وەزیری میراتی رۆشنبیری و گەشتیاری و پیشەسازیی دەستیی ئێران، وەک مۆزەخانەیەکی مێژوویی کرایەوە و ئێستا پێشوازی لە گەشتیارانی کورد و بیانی دەکات، کە بە ژمارە (1491) لە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێراندا تۆمارکراوە.
کۆشکی وەکیل
یەکێکی دیکەیە لە پاشماوە و شوێنەوارە بەناوبانگەکانی شاری سنە و دەکەوێتە سەر شەقامی مەردۆخ و باکووری خۆرهەڵاتی کۆشکی خەسرەوئاوا. ئەم کۆشکەش مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی زەندییەکان، کە لەلایەن حاجی محەمەد رەشید بەگی وەکیل بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ رێوڕەسم و بازرگانی و نیشتەجێبوون بنیاتنراوە، لە دروستکردنیدا شێوازی تەلارسازیی ئێرانی رەنگیداوەتەوە. 
بە گوێرەی سەرچاوەکان: لە ناوەڕاستی دەسەڵاتی ئەمانوڵڵاخاندا، جارێکی دیکە کۆشکەکە نوێکراوەتەوە و فراوانکراوە و لە حەوشەکەیدا چەند باخچە و جوانکارییەکی تێدا بەڕێوەچووە، هەروەها لە ناوەوەشدا گەرماوێکی گەورەی خێزانی بەرچاودەکەوێت، کە ئەو نەخشانەی بۆ رازاندنەوەی بەکارهێنراون، بریتین لە شێوەی ئەندازەیی و وێنەی چەندین رووەک و ئاژەڵ، بەتایبەتی نەخشی باڵندەی تاوس. ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا بەشێک لە کۆشکەکە تووشی داڕووخان و وێرانبوون بووە، بەڵام دواتر لەسەر شێوازە کۆنەکەی نوێکراوەتەوە.

سەرچاوەکان
-1 ئاکۆ بورهان محەمەد: مێژووی میرنشینە کوردییەکان لەچاخی نوێدا: چاپی یەکەم، چاپخانەی چوارچرا، خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، (سلێمانی، 2018)، ل261، 264، 268.
-2 ماه شرەف خانم مەستوورەی کوردستانی: مێژووی ئەردەڵان، وەرگێڕانی: حەسەن جاف و شوکر مستەفا، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر،2000)، ل136.
-3 محەمەد حەمە باقی: میرنشینی ئەردەڵان، بابان، سۆران لە بەڵگەنامەی قاجاریدا، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر،2002)، ل32.
4. ویکی پیدیا، دانشنامە آزاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان