هادی زیائەدینی، پەیکەرتاش و شێوەکار

10:54 - 2024-07-14
ڕاپۆرت
183 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ مستەفا فاتیح

هونەری پەیکەرتاشی هونەرێکی کۆنە و رەنگە بتوانین بڵێین مێژووی ئەم هونەرە هێندەی مێژووی مرۆڤایەتییە. هەر لە کۆنەوە مرۆڤەکان پەیکەرەکانیان بە رێگایەک زانیوە بۆ دەربڕینی هەست و سۆز و باوەڕەکانی خۆیان. رەنگە یەکەم پەیکەرەکان پەیکەری ئاسکێک، گورگێک ، بەرازێک یان ئاژەڵێکی تر بێت لەلایەن مرۆڤێکی ناو ئەشکەوتەکانەوە، لەو رێگایەوە مەبەستی خۆی گەیاندبێتە مرۆڤەکانی تری ناو پۆلەکەی.

لەگەڵ پەرەسەندنی شارستانییەکان، پەیکەرتاشیی مەبەست و مانای جیاوازی گرتۆتەوە. لە پەرەستگەکان پەیکەرەکان دروستکراون بۆ پەرستش یان وەک رەمزێک.
پەیکەرتاشی لە سەردەمی مۆدێرندا وەک یەکێک لە حەوت هونەرە سەرەکییەکە چاوی لێ دەکرێت. زۆر پەیکەرتاش هەن کە پەیکەرەکانیان ناوبانگی جیهانییان هەیە. کارەکانیان لە مۆزەخانە گرنگەکاندا یان لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکاندا دادەنرێت و وەک رەمزێک لە جوانی و مانا دەبنیرێن.
لەناو کوردیشدا ئەم هونەرە سەرەڕای هەموو بەربەستەکان گرنگیی زۆری پێدراوە و زۆر پەیکەرتاشی کورد هەن سەرەڕای هەموو کێشەکانیان، توانیویانە شوێنپەنجەی خۆیان لەسەر ئەم هونەرە بەجێبهێڵن.
هادی زیائەدینی، یەکێکە لە پەیکەرتاشە ناسراوەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەموومان کە باسی هونەری پەیکەسازی بکرێت رەنگە دەستبەجێ بیر لە کارەکانی هادی زیائەدینی بکەینەوە. دروستکردنی پەیکەری مەستوورەی ئەردەڵان، پەیکەری مامۆستا هەژار، پەیکەری مەولەوی کورد، پەیکەری محەمەد قازی و ...هتد، لەو بەرهەمە هونەرییانەن لە هەرکوێ بیانبینین، دەزانین بەرهەمی هادی زیائەدینین.
هادی زیائەدینی ساڵی 1956 لە گەڕەکی (جەورئاوا)ی شاری سنە لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و ئەدەبدۆست لەدایکبووە.
هەر لە سەردەمی منداڵییەوە دەستیکردووە بە کاری وێنەکێشان و پێش چوونە قوتابخانە تواناکانی لە وێنەکێشاندا دەرکەوتووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سنە تەواوکردووە. وەک خۆی دەڵێت: هەر زۆر زوو و لە سەردەمی گەنجێتییەوە روویکردۆتە کاری پەیکەرتاشین، بەڵام بەبێ مامۆستا و تەنها بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی و زۆر بە ئەستەم دەستیکردووە بە کارکردن.
لە ساڵی 1974ەوە دەستیکردووە بە پەیکەرتاشی و پەیکەری گاندی لەم ساڵەدا دروستکردووە و ساڵی 1977 لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران وەرگیراوە. 
وەرگیرانی لەو زانکۆیە دەروازەیەک بووە بۆ ئەو تا لەسەر دەستی مامۆستایانی بەئەزموون و بە توانا فێری هونەری پەیکەرتاشین ببێت.
ساڵی 1987 وەک کەسی یەکەم لە فێستیڤاڵی هونەرە جوانەکان لە بەشی پەیکەرتاشی لە شاری ئەسفەهان دیاریکراوە و خەڵاتی یەکەمی بردۆتەوە.
ساڵی 1997 خەڵاتی چوارەمی فێستیڤاڵی دوو ساڵانەی پیشانگەی شێوەکاریی لە مۆزەخانەی هونەرە جوانەکانی تاران پێبەخشراوە.
ساڵی 1999خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی دوو ساڵانەی پیشانگەی شێوەکاریی لە مۆزەخانەی تاران پێبەخشراوە.

بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەم پەیکەرتاشە ناودارەی کورد ئەمانەن:
*پەیکەری گاندی،  ساڵی 1974
*پەیکەری شوان، بە بەرزیی سێ مەتر لە پارکی ئاویەری سنە.
*پەیکەری ئازادی بە بەرزی شەش مەتر لە فولکەی ئازادیی سنە.
*پەیکەری «دوو منداڵ» بە بەرزی چوار مەتر لە پارکی ئاویەری سنە.
*پەیکەری مەولەوی کورد، بە بەرزی 5.3 مەتر لە فولکەی مەولەوی کورد، سنە.
*پەیکەری «کرێکار» بە بەرزیی چوار مەتر، فولکەی کرێکار، سنە
*پەیکەری مامۆستا هەژار، بەرزی چوار مەتر، لە فولکەی  مامۆستا هەژار، مەهاباد.
*پەیکەری مامۆستا هێمن، بەرزی چوار مەتر، فولکەی مامۆستا هێمن، مەهاباد.
*پەیکەری شێخ مەحمود بەرزنجی، بەرزی هەشت مەتر، سلێمانی
*پەیکەری جگەرخوێن، هەولێر.
*پەیکەری مەستوورە ئەردەڵان، بەرزی چوار مەتر خانەقای سنە.
*پەیکەری چێژی ئازادی، بەرزی سێ مەتر، فولکەی پارکی منداڵان، ئەسفەهان.
*پەیکەری میرعیماد قەزوێنی، بەرزی پێنج مەتر، فولکەی میرعیماد، قەزوێن.
*مۆنۆمێنتی «سەربازی ماد» بەرزیی دوو مەتر و نیو، مۆزەخانەی سنە.
*مۆنۆمێنتی «زێویە» بە پانتای 100 مەتر، ئاویەر، سنە.
*پەیکەرەی ئەنفال، هەولێر.
*پەیکەری دایک، دیواندەرە.
*پەیکەرەی مامۆستا، دێولان.
*پەیکەرەی مەولانا، زانکۆی سنە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان