قوباد تاڵەبانی: هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عیراق

11:18 - 2024-07-14
کوردستان
215 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەکانی ئاسایش و گروپی تیرۆریستانی داعش راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عیراق.
هەروەها وتیشی: بە داخێکی زۆرەوە لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکی تریش برینداربوو.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عیراق. هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تاکو دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرز و هەڤاڵانی شەهید جوامێر رەشید لە هێزەکانی ئاسایش کرد و خۆی بە هاوبەشی خەمیان زانی. هەروەها وتیشی لە خودای گەورە داواکارم روحی شەهید جوامێر بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ کارمەندە بریندارەکەی هێزەکانی ئاسایش دەخوازم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان