شەهیدی نەمر لەتیف مەجید كاكل ناسراو بە رێبوار، لە دایكبووی ساڵی 1964ی بنەماڵەیەكی تێكۆشەر و هەژاری گوندی (بنە)ی ناوچەی شوان-ی پارێزگای كەركوكە.
شەهید لەتیف هەر بەمنداڵی هەستی بەچەوسانەوەی گەلەكەی كردووە، لەبەرنەبوونی خوێندنگە لەگوندەكەیان نەچۆتە بەر خوێندن بەڵام دواتر بۆخۆی خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین كردووە.
ساڵی پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1981 بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی چواری ئەوسا، لە زۆر چالاكی و نەبەردیی بەشداری كردووە، وەك: شەڕەكانی سەركردایەتی و داستانی دابان- هەلاج و رواندز و ئاكۆیان و شەڕەكانی هێزی پشتیوانی خۆرهەڵاتی كوردستان.
ساڵی 1984 لە سەرداوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ كەرتی چواری جەباری-ی تیپی 57ی سەگرمە.
پێشمەرگەیەكی چالاك و خۆشەویستی ناو هەڤاڵەكانی و خەڵكی ئەو سنوورە بووە، بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی سنووری تیپی 57ی كردووە و زۆرجاریش لە كەناری مەرگ گەڕاوەتەوە، چوار جاریش بەسەختی بریندار بووە.
دواتریش بەشداریی شەڕەكانی ناوشاری كەركوك و تەپەلوو و ئۆمەرەگەدە و رێگەی چەمچەماڵ و كەركوك- سەنگاوی كردووە.
پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە تا بۆتە جێگری فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، بەڵام بەداخەوە، شەوی 11\12/11/1987، لە نەبەردیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا لە شەڕەكەی گوندی چەرمەگای ناوچەی سورداش، شەهیدكرا و گیانی بەخشییە كورد و كورستان.