بەدواداچوونێکی مەیدانیی کوردستانی نوێ بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی

نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی لە هەموو روویەکەوە بەهێزە و هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت ناگات بە ئێمە

11:19 - 2024-07-15
ڕاپۆرت
187 جار خوێندراوەتەوە

 

دكتۆر كۆیان زاهیر به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی دكتۆر جەمال ئەحمەد ره‌شیدی منداڵانی فێركاری سلێمانی به‌ كوردستانی نوێ -ی راگه‌یاند: نه‌خۆشخانه‌كه‌مان فێركارییه‌ و سه‌نته‌ری بۆردی عیراقی و عه‌ره‌بی و كوردستانییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا تاكه‌ سه‌نته‌ره‌ له‌ هه‌موو عیراقدا بۆ نه‌خۆشییه‌كانی هه‌رس و جگه‌ر له‌ بۆردی عه‌ره‌بیدا، رۆژانه‌ چه‌ندین نه‌خۆش سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كه‌ن، رۆژی وایه‌ 60 بۆ 65 نه‌خۆش داغڵ ده‌بێت، بێجگه‌ له‌ ئیستشاری نه‌خۆشخانه‌ كه‌ جاری وایه‌ له‌  24-48 سه‌عاتدا زیاتر له‌ 1000 نه‌خۆش سه‌ردانی ئیستشاری ده‌كات و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، ئێستا كه‌ له‌ وه‌رزی هاوینداین سكچوون و رشانه‌وه‌ زۆره‌ له‌ وه‌رزی زستاندا په‌تای وه‌رزی ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ جێگير نییه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌پێی ئاماری نه‌خۆشخانه بۆ‌ ساڵی 2023 (225079) نه‌خۆش سه‌ردانی ئیستشاری كردووه‌، ئاماره‌كان به‌پێی رۆژ و مانگ گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت و به‌پێی وه‌رزه‌كان كه‌م و زیاد ده‌كات، ئاماری مانگانه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانییه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت، نه‌خۆشخانه‌ی (دكتۆر جه‌مال ئەحمەد ره‌شیدی منداڵان) یه‌كێكه‌ له‌و نه‌خۆشخانانه‌ی كه‌ به‌ شه‌و و رۆژ هاووڵاتیان سه‌ردانی ده‌كه‌ن و زۆرترین نه‌خۆش تێیدا چاره‌سه‌رده‌كرێن نه‌ك هه‌ر له‌ سلێمانی، به‌ڵكو له‌ شار و شارۆچكه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كانی دیكه‌ی سنووره‌كه‌وه‌ نه‌خۆش سه‌ردان ده‌كات، خزمه‌تێكی زۆر به‌ نه‌خۆش ده‌كات به‌ تایبه‌ت له‌ رووی ئابووری و نرخه‌وه‌ كه‌ هه‌موو نه‌خۆشێك له‌ كاتی پێویستیدا ده‌توانێت سه‌ردانی بكات، به‌راورد به‌و نه‌خۆشخانانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ نرخه‌كانیان زیاتره‌ و زۆرجار بارگرانییه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆش و هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ناتوانێت له‌و شوێنانه‌دا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت، ‌هەرچەندە نەخۆشخانەكەمان حكومییە، بەڵام بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان بەهێزترە، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ سلێمانیدا كه‌رتی تایبەت نه‌توانێت ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ تێپه‌ڕێنێت، وه‌ك بینراوه‌ له‌ رابردوودا چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ منداڵان كراونه‌ته‌وه‌ و دواتر داخراون، له‌ سلێمانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت نییه‌ به‌ منداڵان بۆیه‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ناتوانێت ركابه‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌مان بكات به‌ تایبه‌ت له‌ به‌شی (چاودێری چڕ) و به‌شی (خدج) كه‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبەت نه‌یتوانیوه‌ جێگره‌وەی نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كه‌ بێت، له‌ ماوه‌ی رابردوودا هه‌موو به‌شه‌كانی به‌ شێوازێكی پێشكه‌وتوو نۆژه‌نكرایه‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌كه‌مان چه‌ندین به‌شی گرنگی تێدایه‌ كه‌ نه‌خۆش تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌ تا چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ته‌واوده‌بێت، هاوكات سه‌دان پزیشك و كارمه‌ندی ئیداره‌ی و ته‌ندروستی و خۆبه‌خش و گرێبه‌ست خزمه‌تی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن.  

پێداویستی و ده‌رمانی پێویستتان هه‌یه‌؟
ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌ وایه‌، تا ده‌رمان زیاتر به‌رده‌ست بێت باشتره‌، واته‌ ده‌بێت یه‌ده‌گ زۆر بێت، ئێمه‌ له‌ ئێستادا ده‌رمانی پێویستمان له‌به‌رده‌سته‌، به‌ڵام به‌پێی وه‌رزه‌كان ده‌رمانمان هه‌یه‌،  بۆ نموونه‌: ئێمه‌ هه‌ندێك ئه‌نتی بایه‌تیك هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی ئێمه‌ نییه‌ به ‌پێچه‌وانه‌، هه‌ندێك ده‌رمان هه‌ن گرانن ئه‌مانه‌ له‌ به‌غداوه‌ وه‌ریده‌گرین كه‌ بڕێكی كه‌مه‌، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دابینی ناكات و له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراقه‌وه‌ به‌ به‌ش ده‌ینێرن هەردەم كێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌و ده‌رزیه‌ی هه‌مانه‌ كه‌ بۆ هه‌ناسه‌ی منداڵی نه‌باكام به‌كاردێت یان ده‌رزی ئای ڤی ئای جی،  بۆ چه‌ند حاڵه‌تێك به‌ كاری ده‌هێنین یان ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه‌، ئه‌مانه‌ به‌ راستی یه‌كێكه‌ له‌وه‌ی كه‌ كەموكورتییەكی زۆری هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی نیمانه يان‌ دێت و نایه‌ت، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانمان، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك وامان لێكردووه‌ بڵێین ده‌ستی پێوه‌بگرن تا وایلێبكه‌ین زۆرینه‌ی نه‌خۆشه‌كانمان سودمەندبن، به‌ڵام له‌ رووی ده‌رمانه‌كانی دیكه‌وه‌ كەموكورتیمان نییە. 

      ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد بە هاوکاری ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان