بەدواداچوونێکی مەیدانیی کوردستانی نوێ بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی

هۆكاری سكچوون و رشانه‌وه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا

11:42 - 2024-07-15
ڕاپۆرت
155 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆر پشده‌ر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان و گه‌شه‌ی منداڵان به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی گه‌رمادا سكچوون و رشانه‌وه‌ له‌نێو منداڵاندا زۆر زیاد ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی كاریگه‌ری به‌رزی پله‌ی گه‌رمایه‌ كه‌ لەوانەیە به‌هۆی پیسبوونی سه‌رچاوه‌ی ئاو و خراپی هه‌ڵگرتنی خۆراك له‌نێو پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا و گه‌شه‌كردنی هه‌ندێك به‌كتریا له‌و پله‌ گه‌رمیه‌دا.

دەكرێ هه‌ندێك هاووڵاتی بێ سه‌ردانكردنه‌وه‌ی پزیشك چاره‌سه‌ر بۆ منداڵه‌كانیان به‌كاربهێنن؟
هۆكاری سكچوون و رشانه‌وه‌ زۆرن، نابێت له‌خۆته‌وه‌ چاره‌سه‌ر به‌كاربهێنیت، چونكه‌ چاره‌سه‌ره‌كانیش جیاوازن، كه‌ لەوانەیە هۆكاری هەریەك لە 
(ڤایرۆس، به‌كتریا، پاراسایت، خواردنی شیرینی،  هه‌ستیاری به‌ پرۆتین، نه‌خۆشی گه‌نم و جۆ، هه‌ستیاری به‌ جۆره‌ خواردنێ، كۆڕۆنا، هه‌ربۆیه‌ نابێت چاره‌سه‌ر وه‌ربگیرێت به‌بێ رێنمایی پزیشكی پسپۆڕ.

چۆن رێگری له‌ سكچوون و رشانه‌وه‌ بكه‌ین؟
كوڵاندنی ئاو دوای ساردبوونه‌وه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ به‌كاربهێنه‌، خواردن له‌ناو سه‌لاجه‌ هه‌ڵبگره‌، سه‌وزه‌ و میوه‌ پێش خواردنی پێویسته‌ جوان بشۆردرێته‌وه‌،  زوو زوو ده‌ستی منداڵه‌كه‌ت بشۆ به‌ تایبه‌ت دوای ته‌والێتكردن، پاك و خاوێنی ته‌والێت زۆر گرنگه‌، به‌كارنه‌هێنانی خاولی و په‌رداخ و كه‌وچكی یه‌كتری، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی ده‌ره‌وه‌ به‌ تایبه‌ت خواردنی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كان، باش كوڵاندنی گۆشت و خواردنه‌كان، هەموو ئەم خاڵانە دەتوانین رێگر بین لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكانمان.

 

      ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد بە هاوکاری ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان