دیمەن عەبدوڵڵا
وەسیەتنامە ئەدەبێكی زۆر كۆنە، لە ناو كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی بەربڵاوە. وەك چۆن لەسەر نەخشی بەردەكانی سومەری و بابلی بەرچاو دەكەوێت. هەروەها وەسیەتنامە جۆرێكە لە نامەناسی، كە لە ئەدەبی كۆندا بەرچاو دەكەوێت. راستە وەسیەت وشەیەكی عەرەبییە، بەڵام بە كوردی دەكرێت بەواتای (راسپاردە یان پەیمان) بێت، كە لە قۆناغ و بواری جیاوازدا دەگۆڕێت. دیسان وەسیەتنامە، بەشێوەی زارەكی و نووسین، یان تۆماریش هەیە. كەواتە وەسیەتنامە لەبواری زمانناسی و رەوانبێژی دەبینرێت و لەبواری هزریشدا، وەك گوتار و رەوانبێژی تەماشا دەكرێت.
لە وەسیەتنامەكەیدا، گرنگییەكی زۆر بەخۆشەویستیی نێوان تاكەكان دەدات، بە شێوەیەك بەرچاو دەكەوێت، كە دەیەوێت خۆشەویستی بەرهەم بهێنێت و بچێنێت
وەسیەتنامە لەنێوان رەوانبێژی و هزردا
راستە وەسیەتنامە، جۆرێكە لە ئەدەبی پەخشان و نامە و وەك شێوەی گوتار دەنووسرێت و پێشكەش دەكرێت، بەڵام زیاتر لەوكاتانەی مرۆڤ نەخۆش دەكەوێت یاخود سەفەرێكی دوور بكات، وەسیەتنامە دەنووسرێت. لەناو كۆمەڵگاكانی ئێمەدا، باوك وەسیەت دەكات، سەروەت و سامانی چۆن دابەش بكرێت و دوای مردنی، كێ جێگای ئەو بگرێتەوە. لێرەوە وەسیەتنامە وەك گوتارێكە، كە زیاتر ئاراستەی ویژدان دەكرێت. لەبەرئەوە، بەگشتی وەسیەتنامە ریتمێكی خەمباری پێوە دیارە. دیارە زۆر جۆری وەسیەتنامەی هەیە (كۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و رۆشنبیریی)، چونكە وەسیەتنامە پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ ژیانی (كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەخلاقی، پەروەردیی و رۆشنبیری هەیە).
وەسیەتنامە تەنها بۆ رەگەزی نێر نییە
مەرج نییە وەسیەتنامە، تەنها بۆ رەگەزی نێر بێت، بەڵكو رەگەزی مێش دەگرێتەوە، چونكە وەسیەتنامە جۆرێكە لە ئامۆژگاری و گەیاندنی پەیماننامە. هەروەها وەسیەتنامە وەك ئۆتۆبایۆگرافی، بەشێكە لە نێو تێكستی ئەدەبیدا بەكاردێت. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین، كە لە وەسیەتنامەدا زیاتر پایزی تەمەن دەردەخات، ئەگەر لە بوارەی هزری و ئەدەبیش، سەیری وەسیەتنامە بكەین، دەبینین هەمیشە شێوازی وەسیەتنامە كورت و پوختە. ئەمەش ئاماژەیەكە، بۆ پایزی تەمەن و نەفەس كورتی نووسەر، چونكە نووسەر پێش ئەوەی ماڵئاوایی یەكجاری بكات، دەیەوێت بە ئێمە بڵێت، راستە ئەم نامەیە لە روویەكەوە كۆتایی بەرهەمەكانی منە، بەڵام دیسان ئەم نامەیە وەك بەرهەمی هەبوونی و زیندووی من بەردەوام دەكات.
گابریێل گارسیا ماركیز (1927-2014) لەسەر لێواری مردن بوو، كە وەسیەتنامەكەی خۆی ئاراستەی خوێنەرانی جیهانی كرد. دیارە بە رێگای كەناڵەكانی تەكنۆلۆژیاوە، هەرزوو ئەم وەسیەتنامەیە، گەیشتە ملیۆنەها كەس. هەرچەندە گابریێل لە ساڵی 1999 تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، بەڵام وەسیەتنامەكەی خۆی بە مۆراڵێكی زۆر بەرزەوە نووسیوە. لەم روانگەیەوە، هەركەسێ گوێی لە وەسیەتنامەی، یان خوێندنەوەی (گابریێل گارسیا ماركیز) بێت، بۆی دەردەكەوێت، كە گابریێل پەشیمانی لە ژیانی خۆی دەرنابڕێت، بەڵكو بە ئێمە دەڵێت ئەگەر بگەڕێمەوە ژیان، دیسان جارێكی دیكە دەست بە خەباتی نووسین دەكەم، بۆ ئەوەی خۆشەویستی لە نێو ئێوەدا بڵاوبكەینەوە. بۆ نموونە گابریێل دەڵێت:( ئەگەر ئافەرێنەر، دەرفەتێكی كورتی دیكەی پێ دەبەخشیم، ساناتر جل و بەرگم دەپۆشی. خۆم لە تیشكی هەتاو دەگەوزاند، نە هەر جەستەم، رۆحیشم لە بەربەرۆچكە دەگرت. بە هەمووانم دەسەلماند، كە بە هۆی پیری نییە، كە عاشق نابن، بەڵكوو ئەوكات پیر دەبن، كە ئیتر عاشق نەبن، بەڵام دەبەخشی بە منداڵان، بەڵام وێڵم دەكردن تا خۆیان فێری هەڵفڕین بن. پیرەكانم حاڵی دەكرد، كە بە هۆی پیری نییە، كە مەرگیان دەگاتێ، بەڵكوو غەفڵەت و دەبەنگ بوونیانە لە ئێستا).
هەروەها لە وەسیەتنامەكەیدا، گرنگییەكی زۆر بەخۆشەویستی نێوان تاكەكان دەدات، بە شێوەیەك بەرچاو دەكەوێت، كە دەیەوێت خۆشەویستی بەرهەمبهێنێت و بچێنێت. بۆ نموونە، لە وەسیەتنامەكەیدا دەڵێت: ((ئەگەر جارێكی تر وەك بووكەڵەیەك بگەرێمەوە ژیان، هەموو ئەو شتانەی بیری لێدەكەمەوە نایڵێم، بەڵام بەدڵنیاییەوە فكر لەو قسانە دەكەم، كە دەیڵێم. رێگە نادەم یەك رۆژ بڕوات، ئەگەر بە خەڵك نەڵێم من ئێوەم خۆش دەوێت. هەموو ژن و مێردێك رازی دەكەم، كە ئەوانە لای من خۆشەویستن و بە خۆشەویستی و لەگەڵ خۆشەویستی دەژیم). كەواتە دەبینین خۆشەویستی نێوان مرۆڤەكان، تاكە شتێكە بتوانێت ژیان ئاراستەی جوانی ئیستاتیكایەكی هاوشێوەی بەهەشت بكات.
لەم وەسیەتنامەدا، گابریێل زۆر بەوردی باسی فەلسەفەی ژیان دەكات. هەر لە سەرەتای ژیانەوە واتا لە منداڵەوە دەست پێدەكات، تاكو دەگاتە پیری، كە گوزارشت لە ژیانی مرۆڤ دەكات، بە شێوازی مینمالیزم. لێرەوە فەلسەفەی رۆماننووس، وەك پەیامی كۆتایی پێشكەش و ئاراستەی خوێنەر دەكات.
كەواتە ئەو وتەیە زۆر راستە، كە دەڵێت «ڕۆمان و فەلسەفە» دوو ڕووی یەك دراون و بەتایبەتیش ئێمە ئەگەر رۆمانەكانی گابریێل (سەد ساڵ تەنیایی 1967) و (خۆشەویستی لەسەردەمی كۆلێرەدا 1985) بخوێنینەوە، زیاتر بواری لێكچوونی رۆمان و فەلسەفە دەردەكەوێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، ئەگەر سەیری هزرمەند و فەیلەسوفەكان بكەین، چۆن رۆمانی (شەڕ و ئاشتی 1865)، وەك داستانی مێژوو دەناسێنن. ئەوهاش رەخنەگرانی/ كارلۆس ڤۆینتس بواری رۆمان «سەد ساڵ لە تەنیایی»، وەك ئینجیلی رۆمان دەناسێنن. هەروەها لە كاتی پێدانی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1982، ئەكادیمیای شاهانەی سویدی دەڵێت: ماركیز لە رۆمان و كورتە چیرۆكەكانیدا بەرەو ئەو شوێنە نامۆیە دەمانبات، كە ئەفسانە و واقیع لێی كۆدەبنەوە.
لەم بوارەوە ئەلبێر كامۆ دەڵێت:(رۆمان بە رەنگێكی خەیاڵی، لەدەرەوەی فەلسەفە هیچ شتێكی تر نییە، چونكە لە رۆمانی باشدا فەلسەفە لە ئامێزی بەرزی خەیاڵدا جێ دەگریتەوە). لەبەرئەوە میلان كوندێرا لە پەرتووكەكەی خۆیدا «هونەری رۆمان 1986»، وەڵامی هایدیگەر دەداتەوە و دەڵێت:(هەموو ئەو بابەتانەی بوونگەری، كە هایدیگەر باسی دەكات و دەڵێت لە فەلسەفەی ئەوروپی لەبیركراون، كوندێرا دەڵێت: رۆمان لە چوار سەدەی رابردوودا، باسی بوونگەری و بەرجەستەبوونی كراوە. ئیتر بەراستی، رۆماننووسی گەورە، فەیلەسوفێكی گەورەیە، چونكە هیچ بەرهەمی ئەدەبی و هونەری بەرزی جیهانی نییە، ئەگەر بەهێز و گەرموگوڕی هزری و فەلسەفە نەكرابێت. ئیتر ئەوەی گرنگە لە كاری نووسینی رۆماندا، چەند نزیكی فەلسەفە ببێت، بەڵام بەمەرجێك نەبێتە تێكستێكی فەلسەفی، هەروەها چەند رۆمان لە فەلسەفە دوور بكەوێتەوە، بەڵام بەمەرجێك نەبێتە تێكستێكی سادە.
پێویستە لەكۆتاییدا ئاماژە بەوە بكەم، كە كۆمەڵێك نامەی سەرەخۆشی لە لایەن سەرۆكەكانی جیهان بۆ خێزانی گابریێل بۆ وڵاتی كۆلۆمبیا ناردران، وەك («بیل كلنتۆن/ ئەمریكا»، «فرانسوا هۆڵاند/ فرەنسا»، «رافائێل كۆریا/ شیلی»، «ئینریكە بینیا نییتۆ/ مەكسیك» و «نیكۆلاس مادۆرۆ/ فەنزەویللا»).