خۆپیشاندانی راهێنراوانی كۆمپانیای نەوتی باكوور

12:06 - 2024-07-16
کوردستان
140 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

دوێنێ، ژمارەیەك لە راهێنراوان ‌و پاسەوانانی بۆرییە نەوتەكانی باكوور، لەبەردەم كۆمپانیای نەوتی باكوور گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی و داوای دامەزراندنیان كرد.
لەوبارەیەوە، هونەر هێمن رێكخەری گردبوونەوەكە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زۆربەمان هەڵگری بڕوانامەی پەیمانگە و كۆلیژی بەشە جیاجیاكانی ئەندازیاری كەركوكین و ژمارەشمان 1089 كەسە و پێویستە لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دابمەزرێن و سوود لە بەشە داهاتی شارەكەمان وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ماوەی چوار ساڵە راهێنراوین تا دابمەزرێین و لە ساڵی 2023شدا نوێنەرانی عیراق رەزامەندیی دەربڕی بۆئەوەی بەشێوەی گرێبەست لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دابمەزرێن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە، بۆیە داواكارین لەلایەنە پەیوەیدارەكان و نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاری جددیمان بۆ بكەن، چونكە لە زۆر دەرگامان دا و كەس ئاوڕی لێنەداینەوە. لە گردبوونەوەكەشدا دەرچووانی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك بەشداربوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان