یادەوەریی وەرزشی

پاش تەواوبوونی یارییەكانی قۆناغی گروپەكان، پاشان لەبەغدا دەستمان بە یارییەكانی دوا قۆناغی خولەكە كرد

12:20 - 2024-07-16
وەرزش
164 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون

115
لە زنجیرە باسەكانی پێشومدا تیشكم خستە سەر سەرجەم یارییەكانی تیپی یانەی سلێمانی لە قۆناغی یەكەمی گروپەكانی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، وەرزی 1990-1991، هەروەها باسی ئەوەشم كرد كە ئێمە دووەمی قۆناغی گروپەكان بووین و لەگەڵ موسڵ كە ئەمان یەكەمی گروپەكەمان بوون، بۆ قۆناغی دووەمی خولەكە سەركەوتین، لەمەودوا باسی یارییەكانمان لە قۆناغی دووەمدا دەكەم.

ئەوكاتەی بەشداریی ئەم قۆناغەی یارییەكانمان كرد، بەهۆی راپەڕینی خەڵكی كوردستان و باشووری عیراق بارودۆخی كوردستان و بەغداش نا ئارام بوو، بۆیە چەند یاریزانێكی سەرەكیمان نەیانتوانی لەگەڵمان بێن بۆ بەغدا

لە قۆناغی دووەمی یارییەكاندا تیپی هەشت یانە بەشدارییان كرد كە یەكەم و دووەمی چوار گروپی هەرچوار ناوچەكەی عیراق (باكوور و باشوور و ناوەڕاست و بەغدا) بوون، ئەم هەشت تیپەش بەمشێوەیە بەسەر دوو گروپدا دابەشكران:
*گ1: سەلامی شاری بەغدا، ئەمانەی بەغدا، سلێمانی، ناسرییە.
*گ2: موسڵ، دیوانییە، سەڵاحەدین، كوت.
سەرجەم یارییەكانی ئەم قۆناغە لە بەغدا كران، سیستمی یارییەكان خولێكی یەك قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەردوو گروپەكە راستەوخۆ دەگەیشتنە خولی پلە یەكی ئەوسای عیراق كە بەرزترین و بەهێزترین خولەكانی عیراق بوو.
ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی رۆژی 1/8/1991 دەستمان بە ئامادەكاریی بۆ بەشدارییكردن لەم خولەدا كرد، تیپەكەمان بۆ بەشدارییكردن گەیشتینە بەغدا، ئەوكاتە بارودۆخی كوردستان و بەغداش نائارام بوو، چەند یاریزانێكی سەرەكیمان نەیانتوانی لەگەڵمان بێن بۆ بەغدا لەوانە (خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج و رەفیق عەلی گۆڵپارێز و حەمەی هەڵەبجە).
رۆژی 8/8/1991 یەكەم یارییمان لەگەڵ یانەی ناسرییە بوو، یارییەكە لە یاریگای دووەمی شەعب كرا، سەعات 5:45 دەستیپێكرد و كاتەكەشی زۆر گەرم بوو، هاندەرانێكی زۆر كەم لە سەیری یارییەكە بوون، (تاریق حافیز و شاكیر مەحمود و حەسیب جیهاد) ناوبژیوانانی یارییەكە بوون كە لە بەغدا بوون، ناسرییە بەدرێسی شین و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سوورەوە یاریمان كرد، سەرۆكی وەفدمان كاك سەعدی غەریب بوو كە خۆبەخشانە هاتبوو، راهێنەرانیشمان عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون. 
لەم یارییەشدا بە پلانی 4-4-2 یاریمان كرد، پێكهاتەی سەرەكیمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانجی سەید برایم، فەرەیدون ساڵح-نێرە، نەوزاد مستەفا.
*ناوەند: كاژاو كەمال، ئالان قادر، ئاسۆ نوری، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* هادی كەریم بۆ شوێنی كاژاو.
* سەڵاحی شێخ ئەمین بۆ شوێنی جەعفەر.
*ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی ئالان.
*هەریەك لە یاریزانان ئارام عەبدولكەریمی گۆڵپارێز و  یاسن و عەتا و كاوە غەریب، یاریزانانی یەدەكی ئێمەبوون.
یارییەكەش بە یەكسان بوونی هەردوو لامان 2-2 كۆتاییهات، هەردوو گۆڵی ناسریە لە دەقیقەكانی 29 و 94 دا كران، گۆڵەكانی ئێمەش حەمەی كەریم لە دەیقەی 10 و جەعفەر تۆفیق لە دەقیقەی 40 دا كردیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان