لە میدیای توركییەوە

11:49 - 2024-07-17
جیهان
164 جار خوێندراوەتەوە

سوریا ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە
بە پێی رۆژنامەی ئاكشەم، سەرۆك كۆماری سوریا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا، ئەگەر چاوپێكەوتنەكە لە بەرژەوەندیی سوریادا بێت. 
بەشار ئەسەد تەئكیدی كردۆتەوە لەوەی كە مەرجێكی سەرەكیی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سوریا لەگەڵ توركیا، پێویستیی پابەندبوونی توركیایە بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و پاراستنی سەروەریی خاكی سوریاوە.
پێشتر ئەردۆغان، بە رێگای جیاواز داوای لە ئەسەد كردبوو، بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو وڵات. عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی هەوڵی ناوبژیوانی نێوان سوریا و توركیای داوە، بەڵام تائێستا وادیەك بۆ ئەو كۆبوونەوەیە دیاری نەكراوە. 

 

خلوسی ئاكار: جەنگی سێیەمی جیهان دەستیپێكردووە
خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی پێشووی توركیا، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و پەخشی راستەوخۆدا رایگەیاندووە: مەترسی جەنگی جیهانیی سێیەم هەمیشە لە ئارادایە و جەنگەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان، دەستیپێكردووە. 
وەزیری پێشووی بەرگریی توركیا تەئكیدی كردۆتەوە، كە جەنگەكە لە قۆناغی  ئامادەكاریدایە لەڕووی دامەزراندنی هاوپەیمانی و رێكخستن و دیپلۆماسی، ئێستاش ئاماژەكانی هەڵگیرسانی لە زۆر رووەوە بە ئاشكرا دەبینرێت.
خەبەر تورك


جێگری وەزیری دەرەوەی عیراق و توركیا كۆبوونەوە

لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئەنقەرە، عومەر بەرزنجی جێگری وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسانكردنی رێكارەكانی گەشتكردن لە نێوان هەردوولا و ئاسانكاری لە بواری ڤیزەدا كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە دیدارەكەدا  هەردوولا جەختیان كردۆتەوە لەسەر «پێویستیی هەماهەنگی و هاوكاریكردنی یەكتری  بۆ رێگریكردن لە كۆچبەری نایاسایی و گەڕاندنەوەی سزادراوەكان و گواستنەوەی سزادراوەكان بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاكانیان لە وڵاتەكەیان»، هەروەها «هەردوولا تەئكیدیان كردۆتەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتن و لێكگەیشتنەكانی نێوان عیراق و توركیا، كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عیراق لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكران».
تورك پرێس

بابەتە پەیوەندیدارەکان