زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

رۆشنبیریی جەستە

11:57 - 2024-07-18
ئەدەب و هونەر
233 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

رۆشنبیریی جەستە، Body Culture، زاراوەیەکی نوێی رەخنەی رۆشنبیرییە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا هاتۆتە نێو لێکۆڵینەوەی کولتوریی هاوچەرخەوە، بایەخدان بە جەستەی مرۆیی یەکەمجار لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوادا بڵاوبۆتەوە کە چەندین زاراوەی دیکەی پەیوەست بە رۆشنبیریی جەستە، لە بواری ئەدەب و هونەر و سۆسیۆلۆجیا و ئەنترۆپۆلۆجیا و فەلسەفەدا، پەرەیان پێدرا، وەک: زمانی جەستە، وێنەی جەستە، ئاماژەکانی جەستە، ئیستاتیکای جەستە،  بەرێوەبردن و چاودێریکردنی جەستە، لێرەدا جەستە گرنگییەکی گەورە پەیدا دەکات، لە روانگەی رۆشنبیرییەوە تەماشا دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، شوێنی تایبەتیشی بۆ تەرخان دەکرێت، بۆ نموونە جەستە لەنێو شیعر و رۆماندا، یان جەستە لە تابلۆی شێوەکاری یاخود لە شانۆدا کە شانۆ خۆی هونەرێکی جەستەییە، یان لە فاشیۆن و نمایشی جلوبەرگدا، دیسان لە یاریگەی وەرزشی و یانەکانی تەندروستی و یانەی سەماکردن و جیم و گۆڤاری تایبەتی و فیلمی ڤیدیۆیی و ....هتد. ئەم زاراوەیە بە یەکسانی لە جەستەی هەردوو رەگەزی نێر و مێ دەکۆڵێتەوە، لەتەک جەستەی رەگەزی سێیەم کە لە زمانی کوردیدا پێی دەگوترێت (نێرەمووک)، هەروەها (گۆڕینی رەگەز) لەرووی جینات و هۆرمۆنەوە کە وەکو پرۆژەیەکی تاکەکەسی تەماشا دەکرێت. بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی قەڵەوی و ئالوودەبوون لەسەدەی بیستەمدا و هەروەها نەخۆشییەکانی ئیدز و ئەنفلوەنزای باڵندە و بەم دواییەش کۆرۆنا، جەستەی مرۆڤیان هێنایە ئاستی مەترسی و سنوورداریی کۆنترۆڵکردنییەوە، بۆیە سیستمی کۆنترۆڵکردنی خۆراک و جۆری خۆراک گرنگیی زیاتریان پێدرا، لەتەک وەرزش و چوونە نێو سروشت و یۆگا و رۆژووی زانستی و مەلەوانی لە پەیوەستیاندا بەلایەنی سایکۆلۆجی و دەروون دروستییەوە، لێرەدا چەمکی (جەستە) بە تەواوی جیا دەبێتەوە لە (لەش) و (بەدەن) و (لاشە).

بایەخدان بە جەستەی مرۆیی یەکەمجار لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوادا بڵاوبۆتەوە، کە چەندین زاراوەی دیکەی پەیوەست بە رۆشنبیریی جەستە، لە بواری ئەدەب و هونەر و سۆسیۆلۆجیا و ئەنترۆپۆلۆجیا و فەلسەفەدا، پەرەیان پێدرا
جەستە پەیوەندییەکی نزیکی بە کاریزماوە هەیە، دەشێت ئاماژەکانی جەستە و فۆرمی جەستە، ئەو کاریزمایە بەرجەستەتر بکەن، بەتایبەتی لەلای پێغەمبەران و فەیلەسوفان و گوتاربێژان و شاعیران و سەرکردەکان و رابەرانی سیاسی و کەسێتیی کۆمەڵایەتیدا، سا ئەو جەستەیە جوان و قەبە و سپی و هاوسەنگ بێت یان پێچەوانەکەی بێت، بۆ نموونە جەستەی (جیڤارا) وەک جەستەیەکی جوان و جەستەی (گاندی) وەک جەستەیەکی لەڕولاواز، بوون بە جەستەیەکی کاریزمی، چونکە لێرەدا جەستە رەهەندێکی سێگۆشەیی وەردەگرێت: ماتریاڵ و هێما و جەوهەر.

جوانیی جەستە، هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، تایبەت بوو بە جوانیی جەستەی ژن،  بەڵام لەوە بەدوا، جەستەی پیاویش، لە پەیوەستیدا بە گەشەکردنی مۆدێلەوە، دەچێتە نێو بابەتەکانی لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکییەوە، جوانیی پیاو و جەستەی پیاو، هەروەک جوانیی جەستەی ژن، گرنگیییەکی زۆری پێدەدرێت، جگە لە مەلەوانگە و جیم و یۆگا، ساڵۆنی تایبەتی بۆ پیاوانیش دەکرێتەوە، ئیدی وشەگەلی وەک: پیاوی قۆز، پیاوی جوان، پیاوی کەشخە، پیاوی سەرنجراکێش، دەچێتە نێو فەرهەنگی جوانییەوە، تەنانەت دیاردەی تاتوو لەلای پیاوانیش بڵاودەبێتەوە کە پێشتر تەنیا لەنێو بەندیخانەدا تاتوو لەسەر جەستە دەنەخشێنرا، ئێستا ژن و پیاو لە هەموو شوێنێکی دیاری جەستەدا تاتوو دەنەخشێنن. جاران تەنیا جەستەی ژن سەرچاوەی خرۆشان و چێژ بوو، ئێستا جەستەی پیاویش دەبێتە مایەی وروژاندنی رەگەزەکەی دیکە. چەمکی جەستە لە عەورەت و عەیب و ناشیرینەوە دەردەچێت و دەبێت بە جوان و جوانی، لێرەدا جەستە مۆرکی ئیرۆتیکی وەردەگرێت.
بەم شێوەیە جەستە لەهەردوو رەگەزەکەدا، لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا، رەهەندێکی سۆسیۆ_کولتووری وەردەگرێت و لێکۆڵینەوەی تایبەتیی لەسەر دەکرێت، بەو پێیەی جەستە قەوارەیەکی کولتوریی فرە رەهەندە و پەیوەستە بە کۆنتێکستی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە. رۆشنبیریی جەستە بووە بە مەسەلەیەک کە پەیوەندیی بە ئەویدیکەوە هەیە، بەپێی پۆل ریکۆر لەرێگەی جەستەوە ئەویدیکە دەناسین، جەستە و ئەویدیکە بوون بە دوالیزمێک وەک دوالیزمی نێر/مێ، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز، چونکە لێرەدا دەشێت ئەویدیکە بریتی بێت لە: برا، هاورێ، دۆست، هاوسەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان