کۆچی دوایی نووسەری ئەمریکی (پۆل ئوستەر)

12:00 - 2024-07-18
ئەدەب و هونەر
120 جار خوێندراوەتەوە


ئامادەکردنی:
موعتەسەم ساڵەیی



لەم ماوەیەی پێشوودا نووسەر ئەمریکی پۆل ئوستەر، خاوەنی شاکاری سێینەی نیویۆرک، لەشاری نیویۆرک لەتەمەنی حەفتاو حەوت ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەشێوەیەکی گشتی بەشاکاری (سێینەی ئەمریکی ) ناوبانگی دەرکردووە. رۆمانەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر چل زمان. هەر لەسەرەتای ژیانی ئەدەبییدا وەکو نووسەر و سیناریست و وەرگێڕ دەستبەکار بووە. بەشێوەیەکی گشتی رۆمانەکانی لەبازنەی دوو تەوەردا دەسووڕێنەوە: گۆشەگیری و توندوتیژی، ئەم دوو رەهەندەیش بەچڕی لەلای گەڵاڵە بوون، دوورە پەرێزی و گۆشەگیری و بێ باوکی ڕەنگیان داوەتەوە لەسە ژیان و نووسینەکانیشی. پۆل ئوستەر لەوڵاتی فەرەنسا جێ و رێیەکی شیاوی هەبوو کە بەنيشتمانى دووەمی خۆیی دادەنا . 

هەندێ لە رەخنەگران، پۆل ئوستەر لەخانەی پۆست مۆدێریندا دادەنێن، یاخود دەیخەنە ڕیزی تەوژمی هەڵوەشێنەرەوە، بەو پێیەی کە کاریگەریی جاک دریدای بەڕادەیەکی باش لەسەر بووە.

بۆ ماوەیەکی زۆریش لەوڵاتی فەرەنسادا ژیاوە و ئاگاداری بابەتەکانی دریدا بووە. لەلایەکی تریشەوە بەنووسەری بابەتی پۆلیسی دەستنیشان کرا، بەڵام نووسەر خۆی بەپێچەوانەوە دەڵێ لەژێر کاریگەریی چەند نووسەرێکدا بووە وەکو بۆرخس و دیکنز و ئەمیلی برۆنتی و تۆلستۆی، ئەمەو جگە لەئەدەبی میللی ئەمریکی .
لەیادەوەریەکانیدا کە لەساڵی 1982 بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ: کوڕی پیاوێکی بزر و نادیارە. ئەمەیش لەسەر کۆی بەرهەمەکانی و ژیانی ڕەنگیداوەتەوە. سەرەنجام بۆتە هۆی ئەوەی هەست بەتەنیایی و گۆشەگیریی و ناسۆریی بکات. سێینەکەی کە بریتین لە (شاری شوشە) و (تارماییەکان) و (ژوورە داخراوەکە) وەهایان کردووە ناوی پەیوەست بێ بەو بەرهەمانەوە،  زیاتر لەهەموو بەرهەمێکی دیکەی. لەساڵی 1981 دەستی کردووە بەنووسینەوەی بەشی یەکەمی، پاشتریش بەردەوام بووە لەسەر تەواوکردنی بەشی یەکەم و دووەمی. نووسەر ناوبانگی بەم سێینەوە دەرکردووە زیاتر لەبەرهەمەکانی دیکەی، ئەمەیش نیگەرانی کردووە، گلەیی و گازندەی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان دەکرد، سەبارەت بەوەی ئەوان لە هەڵپەدان بۆ وەسف کردنی هەر نووسەرێک، گەر بابەتێکی نووسەر جێی بایەخی زیاتر بێت بەلای خوێنەرانەوە.
لەبەرهەمێکی دیکەیدا بەناوی (کۆشکی مانگ) لەساڵی 1989 وێنەی کەسایەتییەکی گۆشەگیر دەکێشێت، کە وێڵە بەدووی باوکێکی نادیار و بزردا، لەئاکامیشدا هەموو هەوڵ و تەقەلای بەفیڕۆ دەچێت. کرۆکی تەنیایی و گەڕان بەدوای نادیاردا لە رۆمانی (کتێبی واهیمەکان) لەساڵی 2002 دووبارە دەبێتەوە. کەسایەتیی سەرەکیی نێو رۆمانەکە لەناخەوە دادەڕووخێت، ئەویش پاش ئەوەی کە تاکەکانی خێزانەکەی لەئاکامی تێکشکانی فڕۆکەیەکدا لەدەست دەدات. بەڵام رۆمانی (گەمژەییەکانی برۆکلین) کە لەساڵی 2005 بڵاو بۆتەوە، وەها دەردەکەوێت  پێشبینییەک بێت بۆ چارەنووسی ئوستەر خۆی، پاش ئەوەی پیاوێک تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، دەکەوێتە گەڕان و پشکنین بەدوای شوێنێکی ئارامدا، بۆئەوەی تێیدا بمرێت و کۆتایی بەژیانی بێت . 
لەساڵی 2017 ئوستەر رۆمانێکی بەناونیشانی (4321) بڵاوکردەوە، کە رۆمانێکی تێکهەڵکێشە و چەند شێوازێکی گێڕانەوەی بە وردەکاریەکی زۆرەوە تێدا بەکارهێناوە. دوا رۆمانی نووسەر لەساڵی 2021 بەناونیشانی (میللەتی خوێناوی) بوو، لەبارەی دیاردەی توندوتیژییەوەیە لەوڵاتی ئەمریکا. 
پێش مردنی بەدوو ساڵ نووسەر کەوتبووە نێو تونێلێکی تاریکەوە، بۆ ژنەکەی نووسی بوو    (وەهای تێدەگەم کارێکی زۆر ترسناکە، ئەگەر بەتەنیایی لەخاکی نەخۆشی شێر پەنجەدا بژیت).

بابەتە پەیوەندیدارەکان