زۆربەیان كوردی ئێزدین و لە زێدی خۆیان بە خاك دەسپێردرێن

لە تەلەعفەر 134 رووفاتی قوربانیانی دەستی داعش لە گۆڕێكی بەكۆمەڵ دەرهێنراون

12:46 - 2024-07-18
کوردستان
161 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
داوی ئەوەی لەمانگی پێنجی ئەمساڵ دەستكرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە باكووری قەزای تەلەعفەر لە سنووری پارێزگای نەینەوا، تا ئێستا 134 رووفات دەرهێنراون. لێپرسراوانی سنوورەكەش رایدەگەیەنن: بەهۆی سەختیی شوێنەكەوە كارەكان بە سستی بەڕێوەدەچێت.
حسێن دەرمان ئەندامی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كەسایەتیی ئێزدی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: ماوەی دوو مانگە دەستكراوە بە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەردەمی تیرۆریستانی داعش، كە نزیكەی 500 قوربانی تێدایە و زیاتر كوردانی ئێزدی شەنگالن، لەگەڵ توركمانی شیعە و خەڵكی سنوورەكە، وتیشی: تا ئێستا نزیكەی 134 رووفات دەرهێنراون، پڕۆسەكەش بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رووفاتەكان لە قووڵایی زەویدا زیندەبەچاڵكراون، كاری دەرهێنانیان سست و زەحمەتە بۆیە كاتی زیاتری دەوێت، كە پڕۆسەی هەڵدانەوەكە بە سەرپەرشتی دامەزراوەی شەهیدان‌ و دەستەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عیراق و بە هاوكاریی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و ژمارەیەك رێكخراوی خێرخوازی بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە دوای تەواوبوونی رێوشوێنەكان سەرجەم رووفاتەكان لە زێدی خۆیان بە خاك دەسپێردرێن، بەتایبەتی لە قەزای شەنگال و گوندەكانی دەوروبەری، بەوپێیەی زۆربەی ئەو شەهیدانە كوردی ئێزدین و دواتر پڕۆسەی بەخاكسپاردنی رووفاتەكانی تر بەڕێوەدەچێت.
روونیشیكردەوە كە گۆڕەبەكۆمەڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەریدا و بەدیاریكراویش دەكەوێتە باكووری قەزای تەلەعفەرەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان