هۆکارەکان و سەرنجەکان...

گۆڕینی رەگەز بە پۆشینی جلوبەرگ و شێوازی تر

09:49 - 2024-07-21
ڕاپۆرت
310 جار خوێندراوەتەوە
هۆکارێکی حەزکردن بۆ گۆڕینی رەگەز بە پۆشینی جلوبەرگ بۆ جۆری پەروەردەی دایك و باوك دەگەڕێتەوە

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا

لەگەڵ کرانەوەی زیاتر بەڕووی جیهان و فراوانبوونیدا، گۆڕانكاری تازە و نامۆ لە ژیانی مرۆڤەکاندا دێتەكایەوە، بەتایبەت دوای پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و نزیكبوونەوەی كۆمەڵگە جیاوازەكان لە یەکتر بەهۆی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە، توێژەران پێیانوایە ئەو هۆکارانە وادەکەن بەشێك لە كوڕان‌ و كچان رەگەزی خۆیان بگۆڕن، یان پەیڕەوی هەڵسوكەوت ‌و پۆشینی جلوبەرگ و ستایلی رەگەزی بەرامبەرەكەیان بكەن.
سارا کەمال کچێکی تەمەن 21 ساڵە، قژی کورت، باڵای بەرز، ماسولکەیەکی زۆر و بەهێز ئەگەر بە وردی سەیری نەکەیت نازانیت کچە و بە تەواوی لە کوڕ دەچێت، سارا دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە حەزم لەوە بووە کوڕبم نەک کچ، بۆیە بەردەوام جلی کوڕانەم لەبەر کردووە و  یاری ئاسنیش دەکەم بۆ ئەوەی ماسولکەم هەبێت و لە کوڕ بچم نەک کچ.
وتیشی: هەرچەندە لەبەرکردنی ئەم شێوازە جلوبەرگ و لەش و لارە، زۆر تووشی رەخنەی کردوم لەناو خێزانەکەم و خزمەکانیشم، بەڵام خۆم باوەڕم پێیەتی و لە سەری بەردەوام دەبم.
جۆرەکانی گۆڕینی جێندەر
پەیڕەوكردنی هەڵسوكەوت و لەبەرکردنی جلوبەرگی رەگەزی بەرامبەر لەلایەن کچان و کوڕانەوە، دیاردەیەكە رەگێكی مێژوویی هەیەو لە سەردەمە کۆنەکاندا زیاتر نهێنی هەبووە، بەڵام ئێستا‌ بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر كۆمەڵگەدا هاتووە  دیاردەكە زیاتر بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت.
د.سەعد بەرزنجی توێژەری كۆمەڵایەتی ‌و مامۆستای زانكۆ  لەبارەی ئەو بابەتە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: شێوانی جێندەری بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت، جۆری یەكەم، سروشتییە واتا لەگەڵ لەدایكبوونی منداڵەكە لە رووی بایلۆجییەوە لەنێوان كوڕ ‌و كچ تێكەڵە، جۆری دووەم شێوانی جێندەری خۆویستە، ئەویش لە رێگەی نەشتەگەری كەسەكە رەگەزی خۆی دەگۆڕێت، کە لە کۆمەڵگەدا ئاسایی سەیر ناكرێن. جۆری سێیەم ئەوانەن بەشێوەی هەڵسوکەوت ‌و پۆشینی جلوبەرگ و ستایلی یەكتر خۆیان وەك رەگەزی بەرامبەر پییشان دەدەن، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە حەز و ئارەزووی كەسەكە، كە لە ئەنجامی گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە ئارەزوو دەكات وەك رەگەزی بەرامبەر خۆی دەربخات، زۆرجاریش بە ناچاریی ئەو كارە دەكات لەوانە شوێنی كاركردنیان، بەنموونە كچێك لە شوێنێك كاردەكات زۆربەیان لە رەگەزی كوڕن، ئەمەش وادەكات هەڵسوكەوتی ئە‌و كچە كوڕانە دەربكەوێت.

 

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: گۆڕینی رەگەز بە پۆشینی جلوبەرگ زیاتر بۆ چاولێكەری ‌و كرانەوەی پەیوەندیی نێوان میللەتان  و  پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا دەگەڕێتەوە

 

تێڕوانینی کۆمەڵگە
لەڕووی زانستییەوە بەشێکی گۆڕینی هەڵسوكەوتی گەنجان ‌و پەنابردن بۆ گۆڕینی رەگەزیان، پەیوەندی بە هۆڕمۆناتی ئەو كەسەوە هەیە، هەندێكیان كوڕن، بەڵام هۆرمۆنی كچانەیان زیاترە و بەپێچەوانەشەوە راستە، ئەمەش وادەكات جۆری هەڵسوكەوتیان وەك رەگەزی بەرامبەر بێت.
بێخاڵ عوسمان  توێژەری كۆمەڵایەتی و خوێندكاری ماستەر دەڵێت: هۆکارێکی حەزکردن بۆ گۆڕینی رەگەز بە پۆشینی جلوبەرگ بۆ جۆری پەروەردەی دایكان و باوكان دەگەڕێتەوە، زۆرجار لەخێزانێكدا كوڕێکی تاقانە هەیە لەگەڵ ژمارەیەك لە خوشكەکانی دەژی، بەهۆی كەمتەرخەمی دایك و باوك ‌و پێدانی نازی زیاتر بە كوڕە تاقانەكە، هۆگری هەڵسوكەوتی كچانە دەبێت‌ و كەمتر تێكەڵ بە كەسانی رەگەزی خۆی دەبێت، بۆ كچانیش بە هەمانشێوەیە.
وتیشی: پەیڕەوکردنی گۆڕینی رەگەز بە پۆشینی جلوبەرگ زیانی بۆ كەس نییە، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان‌ و ناوچەكە بەگشتی قبوڵكراو نییە‌ و رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبنەوە، بە تایبەت لەكاتی پڕۆسەی هاوسەریی، لەبەرئەوەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا رەنگە كەسێك ئامادەنەبێت كچەكەی بدات بە كوڕێك هەڵسوكەوتی كچانە بێت، یان كچێك بۆ كوڕەكەی بخوازێت وەك كچ بێتە پێش چاو.
چاولێكەری ‌و پەیوەندیی نێوان میللەتان
بەشێک لە گەنجان بەبێ هۆکار و وەک خویەک، جلوبەرگی رەگەزی بەرامبەر لەبەردەکەن. محەمەد گۆمەشینی توێژەری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەر لە دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیاردەی لەو جۆرە زیاتر بۆ چاولێكەری ‌و كرانەوەی پەیوەندی نێوان میللەتەكان دەگەڕێتەوە، هاوكات پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا كاریگەریی گەورەی كردۆتە سەر گەنجان‌ و هەندێکجار دەیانەوێت بەو هەڵسوکەوتە ناوبانگ پەیدا بکەن.
وتیشی: لە زۆربەی وڵاتان هیچ یاسایەك نییە ببێتە رێگر لە بەردەم كاری لەو جۆرە‌، بەڵكو بە بەشێك لە ئازادی تاكی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كوردستان و ناوچەکەوە هەیە، بەو پێیەی پابەندی دابونەریتن ‌ كەمتر هەست بەو دیاردەیە دەکرێت، ئەوانەشی پەیڕەوی دەکەن  لەلایەن كۆمەڵگەوە پشتگیریی ناكرێن ‌و رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان