ئامادەكردنی: ئالان محەمەد جەزا
ئەو سەردەمەی ئێمە لە كۆمەڵەدا خەباتمان دەكرد، دەبوایە ئەندام ئاستی رۆشنبیری و سیاسیی بەرزبێت و جیاوازبێت لە خەڵكی تر، گەشەپێدانی رۆشنبیریی یەكێك بوو لە پێویستییەكان.
بێگومان خەباتی رێكخستن لەو سەردەمەدا زۆر نهێنی و مەترسیداربوو، ئۆرگانبەندیش وابوو لە دوو كەس زیاترت نە دەناسی، ئەوەش بۆ پاراستنی رێكخستنەكان بوو.
ئیشوكارەكان بریتی بوون لە دیوارنووسین و بڵاوكردنەوەی بەیاننامە و بڵاوكراوەكانی تری شۆڕش و زیادكردنی ئەندام، جگە لەوە رێكخستن پشتوپەنا بوو بۆ مەفرەزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت لەكاتی هاتنە ناوشارەكان.
ئەوەش زۆر بە وریایی و هەستیارییەكی زۆرەوە دەكرا، زوڵم و زۆری رژێمی بەعس ئەوەندە زۆر بوو، هەركەسێك گومانێكی وای لێبكرایە، دەستگیر دەكرا و ئیتر یان لە سێدارە دەدرا یان بەندكردنی هەمیشەیی و كەمترین ماوەش 20 ساڵ زیندانی بوو، لەبەرئەوە خۆپارێزی و نهێنی پارێزی یەكێك بوو لە بنەمای ئیشەكانمان.
خۆ ئەگەر كەسێكیش دەستگیركرابا، ئەوا خۆڕاگرانە بەرگریی لە خۆی و نهێنییەكانی رێكخستن دەكرد.
ئەوكاتە گەنج بە دوای پرسێكی گەورەوە بوو كە پرسی نەتەوەیی و خاك بوو، لەبەرئەوە ئیرادەیەكی بەهێز هەبوو بۆ بەگژداچوونەوە، چەندین هەڤاڵی رێكخستن ئاشكرابوون و دەستگیركران، زۆریان لە سێدارە دران و زۆریشیان زیندانی كران، زۆریش ئەشكەنجە دەدران، هەندێكیشیان بە چەك و بڵاوكراوەوە دەستگیردەكران و لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵ دەكرا، بەڵام خۆیان لە ژێر ئەشكەنجەی سەختدا رادەگرت و دانیان بەهیچدا نەدەنا، تەنانەت دەشیانزانی بەو ئەشكەنجەیە شەهید دەبن یان لە سێدارە دەدرێن، بەڵام دەیانزانی هەر یەك وشە بڵێن هاوڕێكانی تریشیان دەستگیر دەكرێن.
كەسێكیش كە دەبوو بە پێشمەرگە بە ئاسانی وەرنەدەگیرا، دەبوایە پشتگیریی رێكخستنی پێبێت، بەڵام بۆ من ئاسان بوو، چونكە لە رێكخستن بووم، (شەهید دكتۆر رەزا)ش كە پێشمەرگەی یەكەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێ بوو، خاڵم بوو، بەگشتی لە بنەماڵەی شەهیدبووم، پێش منیش براكانم پێشمەرگەبوون.
چۆن رێكخستنەكان بە نهێنی و وریاییەكی زۆرەوە خەباتیان دەكرد و بەردەوام لە گەشەكردندا بوون، هێزی پێشمەرگەش ئاوا بە نەبەردی و چالاكییەكانیان تەنگیان بەدوژمن هەڵچنی بوو، بیروباوەڕێكی پیرۆز هەبوو بۆ خەباتكردن، بۆیە گەنجان سوور دەیانزانی شەهید دەبن، بەڵام هەر دەبوونە پێشمەرگە.
لەو چالاكیانەی لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشداریم كردووە: شەڕەكانی شارەزوور، ناوگردان، گردەگرێو لە قەرەداغ، لێدانی قافڵەكەی قەرەداغ، شەڕی سەركردایەتی و زۆری تر، هەروەها بە مەفرەزە چوینەتە ناوشاری سلێمانییەوە بۆ چالاكی كە دوو جاریان لەگەڵ كاك جەمیل هەورامیدا بووە.
لە راستیدا داستانەكان گەواهیدەرن بۆئەوەی یەكێتی خاوەنی چ هێزێكی قارەمان بوو.
بەڵام بەداخەوە بەگشتی پێشمەرگە مافی خۆیان پێنەدراوە و هەندێكیان بارودۆخی ژیانیان باش نییە.
پێویستیشە خەباتگێڕان و مێژووەكەیان تێكەڵ بە شێوازی ئێستای بەڕێوەبردنی وڵات نەكرێن، لەگەڵ ئێستای پڕ لە گەندەڵی و شێوازی خراپی ئیدارەدانی خەڵك جیابكرێنەوە.
پرۆفایل
بورهان محەمەد لە پێشمەرگایەتی ناسراوە بە هاوار
لە دایكبووی 1/8/1962ی شاری سلێمانییە.
دەرچوی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1978 پەیوەنیدیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
ساڵی 1980 بۆتە پێشمەرگە لە هەرێمی 5ی قەرەداغ.
یەكێكە لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای شەهید كارزان لە شاخ و ئێستا خانەنشینە بە پلەی نەقیب.