مەسعود سەردۆڵی*
جەژنەكان تێدەپەڕن و ساڵی دواتر دەگەڕێنەوە، كەچی تۆ لەگەڵ جەژنا كۆچتكرد و هەر نەگەڕایتەوە.
ئێستاش هەموو سپێدەیەك لەگەڵ هەڵكشانی خۆر بە باڵای چیا سەربڵندەكاندا، دەتبینم چەندە پەلەتە و تا گەرمەسێر ناوەستی و لەوێشەوە لێمان دیاری كە چەندە مەستی سەركەوتنی پێشمەرگەیت.
چاومان لێیە لە پەنای هەر تاوێر و دیوارێك، لەناو كۆڵانی خامۆش و خوێناوی و ناو سەنگەرەكەتدا پلانی هەڵمەتێكی نوێ دادەڕێژی و هەر خۆت پڵنگ ئاسا بەسەر پێدەشتی گەرمیاندا، هێرشێكی كتوپڕ دەبەیتە سەر دوژمن.
شەهیدەكەم، چاوم لێیە پەنجەت تا دواخولەكی ژیان لە سەر پەلەپیتكەی بیكەیسییەكەیە، تا ئەم شار و ئەو گوند و گەڕەكە لە تیرۆریستان پاك بكەیتەوە، دەركەوت، كە پەیمانت بە نیشتمانە پڕ لە زامەكەت داوە، یان ئازادیی ئەو، یان شەهیدبوونی خۆت.
براگیان، ئەی هاوبەشی سەرجەم گوڵەكانی دەمەو بەیانی هاوین، ئەی بۆنخۆشتر لەیەكەم نمەبارانی پایز، ئەی سپیتر لە كلوو بەفرەكانی زستانی هەواری شاخ، مامۆستاو برا گەورەم ئەی ئەوەی تەنها بەجەستە لێمان جیا بوویتەوە، تۆ بە رۆح و یادەوەریی و شانازییەكانت هەمیشە لە ناوماندایت.
بەڵێ، ئێستاش دەتبینم كە چەندە دڵخۆشی، دەڵێی سەرچۆپی كێشی داوەتی گوڵ و باڵندە باڵ سپییەكانی كوێستانی، لەگەڵ هەموو وشەیەكی سەوزو سوور و سپی و ئەرخەوانیدا، بەنێو تازەترین شیعر و گەرمترین سەربوردە و تیژڕەوترین بارانی ئاشتیدا، بەسەر خاكی تینوی رۆحمدا دەبارێی.
ئەی سەردۆڵی لەناو دڵ و لەبەرچاو ون، ئەوە 10 ساڵ بەسەر شەهیدبوونتدا تێپەڕێ و هێشتا برینێكی قووڵی هەناومانی و تك تك خوێنت لێدەچۆڕێت.
دڵنیابە، رێبازەكەت بەردەوامە، حزبەكەت لە دەستێكی ئارامە و كۆڵەپشتەكەی تۆشمان لە شانە.
شەهید حەوێز حەمەد ئەبابەكر ناسراو بە حەوێز سەردۆڵی، لە دایكبووی ساڵی 1968ی گوندی سەرۆدڵی خۆشناوەتییە.
ساڵی 1983 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1985 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 99ی بیتوێن.
رۆژی 24/7/2014 لە رزگاركردنی شاری جەلەولا لە دەستی تیرۆریستانی داعش، شەهیدكرا.
*برای شەهید