یادگار

د. کەمال فوئاد: رۆشنبیر و سیاسییەکانی عەرەبیش پەیوەندیی دۆستانە و باشیان لەگەڵ مامۆستا حیلمی هەبوو

11:25 - 2024-07-22
دووتوێ
74 جار خوێندراوەتەوە
لەڕاستەوە: حیلمی عەلی شەریف، د.کەمال فوئاد و کاک محەمەد پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئاوەکور

د. کەمال فوئاد

 

پاش ئەوەی کە لە کاتی هێنانەوەی تەرمەکەی خوالێخۆشبوو شێخ مەحموددا، لە سلێمانی بوو بە خۆپیشاندان، هەردووکمان گیرابووین لە گرتووخانەی سلێمانی، ئێمە و گەلێکی تریان گرت. بەوشێوەیە، لەو کاتەوە، واتا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1958 وە ئێمە یەکتریمان لە نزیکەوە ناسی.
مانگی ئابی ساڵی 1960 هات بۆ ئەوروپا، هات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە بەرلین. ئەو کۆنگرەیە بە ڕاستی کۆنگرەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی کۆمەڵەی خوێندکاراندا، چونکە چەند کەسایەتییەکی ناسراو لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوون. لەوانە خوالێخۆشبووان ژەنەڕاڵ ئیحسان نوری پاشا، کە لە تارانەوە هاتبوو، دکتۆر کامەران بەدرخان کە خۆی لە ئەوروپا دەژیا لە پاریسەوە هاتبوو، د. عەبدولڕەحمان قاسملو کە ئەوکاتە لە پراگ دەژیا، کاک حیلمی عەلی شەریف کە بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هاتبوو تا لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بێت.
ئەوانەی لێیەوە نزیک بوون، دەتوانم بە پلەی یەکەم بڵێم مام جەلال بوو، جگە لەو خوالێخۆشبووان کاک عومەر دەبابە و شەهید عەلی عەسکەری و کۆمەڵێکی تر لە سەرکردەکانی ئەو سەردەمەی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەو کاتانەدا لە بەغدا کە خەریکی دەرکردنی ڕۆژنامەی «النور» بوو، بێگومان کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیر و سیاسییەکانی عەرەبیش پەیوەندی دۆستانە و باشیان هەبوو لەگەڵ کاک حیلمی عەلی شەریفدا.
چەند جارێک لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانەوە لە دەرەوەی وڵات بانگ کرابوو وەکو سەرنووسەری ڕۆژنامەی «النور» لەو بانگهێشتانە کە من بێتەوە یادم، ئەوە بوو کە لە ساڵی 1969 هات بۆ بەرلین، لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیای دیموکراتی بانگ کرا بوو، لەوێ بۆ ماوەی یەک دوو هەفتە میوان بوو، زۆر ڕێزی لێ گیرا، زۆر چاوپێکەوتنی بۆ ئامادە کرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان