مام جەلال: مامۆستا حیلمی ئەو سەردەمە لە ئێمەومانان هۆشیارتر و تێگەیشتووتر بوو

11:28 - 2024-07-22
دووتوێ
93 جار خوێندراوەتەوە
لەڕاستەوە: حیلمی علی شەریف، ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، مام جەلال، شەهید عەلی عەسکەری، ئیبراهیم ئەحمەد،

مام جەلال و حیلمی عەلی شەریف

 

 

من پێش ئەوەی بە خزمەتی بگەم بە نامە یەکترمان ناسی. لە ساڵی 1948 دا، ئەو سەردەمە کاک حیلمی یەکێک لە لێپرسراوە چالاک و هۆشیارەکانی (پارتی دیموکراتی کورد - عێراق) بوو. هەم لە سانەوی لێپرسراوی خوێندکاران بوو، هەم لە لیژنەی محەلی و هەم لە «لق‌» یشدا بوو. کاک حیلمی لە بەغداش لە کۆلێژی ئەندازیاریی قبوڵ کرا، جارێکیان دیم، لەوێندەرێش دیم دیسان زۆر چالاک و خەباتگێڕێکی چاپووک و هۆشیارە. بەڕاستی ئەو سەردەمە، ئەو لە ئێمەومانان زۆر هۆشیارتر و تێگەیشتووتر بوو! ئێمە لە چاو ئەوا لە دوا بووین. ئەو حوکم درا و لە کۆلێژی ئەندازیاریی بێبەش کرا، چووە زیندان و هەتا هاتە دەرێ، ئێمە پێگەیشتبووین، گەیشتبووینە پلەی مەسئولیەت لە پارتیدا. کە هاتە دەرێ دیسان دەستیکردەوە بە خەبات، لە سلێمانی زۆر چالاکانە لە ناو لیژنەی محەلی کاری دەکرد. لەو سەردەمانەدا کە خەباتی نهێنی بوو، کاک حیلمی زۆر چالاک بوو، هەرچەندە لەژێر چاودێریی پۆلیسدا بوو، بەڵام هەمیشە خۆی دەدزییەوە لێیان و ژیرانە کاری دەکرد.
سەردەمێک من لە سلێمانی -لێرە- موختەفی بووم، لە ساڵانی 1957 – 1958 دا، ئەو کاتە ئەو لێرە چالاک بوو، لەناو لیژنەی ناوچەی سلێمانیدا کاری زۆر باشی دەکرد.
هەردووکمان سەر بە باڵی چەپی پارتی بووین
ئەوکاتە، ئەو خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری بوو، من لە سانەوی بووم. لەوساوە، کە پێشتریش بە نامە بیروڕامان ئاڵوگۆڕ دەکرد، زۆر لێک نزیک بووین لە بۆچوونەکانماندا. هەردوکمان بە ئیستلاحی سەردەمی ئێستا، «باڵی چەپی پارتی» بووین. لەناو پارتیدا، لایەنگری گۆڕانکارییە بنەڕەتییە چەپەکان بووین کە پاشان لەسەر دەستی مامۆستای نەمر ئیبراهیم ئەحمەد، جێبەجێ کرا لە کۆنگرەی دووەم و سێیەمدا.
بۆیە دەتوانم بڵێم ئێمە بەدرێژایی ئەو مودەتەی کە یەکترمان ناسیوە، تا ڕۆژێک کە ئەمری خوای کرد، هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا ڕووی نەداوە.
لە هەموو شتە گرنگەکاندا، کاک حیلمی کادرێکی هۆشیار و ژیر و لە پێشەوە بوو. بۆ نموونە لە دانانی یەکێتی خوێندکاراندا، یەکێتی لاواندا، ڕۆڵی هەبوو. ئەو کاتەی کە کاری ڕێکخستن لە شوێنێک شلوق دەبوو، کاک حیلمی دەنێردرا بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی. لە زینداندا زۆر قارەمان بوو، کە نەفی کرا، مودەتی نەفیکردنەکەی بە سەربەرزی بردەسەر.
لە ساڵی 1959 چوو بۆ چین، بە نوێنەرایەتی ڕۆژنامەی خەبات، لە چین گەڕا و ڕۆڵێکی باشی بینی لە دەرخستنی ڕووی گەشی پارتی لەوێ و ڕووی گەشی خەباتی کوردایەتی.
کاک حیلمی پیاوێکی یەکجار زیرەک بوو، بۆ نموونە ساڵی 1959 چووبوو بۆ چین، پاش سی ساڵ وتاری نووسی لەسەر چین ناوی ئەو چینییانەی لەبیر مابوو کە دیبوونی و قسەی لەگەڵ کردبوون، بە بێئەوەی کە بیرەوەرییەکانی نووسی بێت لە یاداشتەکانیدا، واتا ناوەکانی هەر لەبەر مابوون.

یەکەم دەستەی پێشمەرگەی پارتی لە ناوچەی خانەقین و بەمۆ، کاک حیلمی دروستی کرد
کاک حیلمی کرا بە لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی خانەقین، بۆ خۆسازدان بۆ شۆڕش، بۆ دروستکردنی دەستەی چەکدار. ئەگەر ڕۆڵی ئەو باس بکەین لە شۆڕشدا، یەکەم دەستەی پێشمەرگەی پارتی لە ناوچەی خانەقین و بەمۆ، کاک حیلمی دروستی کرد. هەر ئەو بناغەیەی ئەو لەوێ داینا، توانی دەیان کەس کۆبکاتەوە و چەکدار بکات، ڕێبەرییان بکات و فێریان بکات. لەوێش لە شەڕدا دوو جار بریندار بوو، بەڵام شکور هەردوو جار بەسەلامەتی دەرچوو. لە پاشان لە پێشمەرگایەتیشدا گواسترایەوە بۆ کاروباری تەنزیمی، دیارە کاک حیلمی لەو قۆناغەشدا گەیشتبووە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی، واتا لیژنەی مەرکەزیی و ناسرا بوو، ئیتر ببوو بە کەسێکی ناسراوی پارتی. لە سەرخستنی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازدا، بەتایبەتی مەسەلەی دانانی دروشمی حکومەتی دیموکراتی گەلیی، ڕیفۆرمی زەویوزار، وەکیەکیی ژن و پیاو، لە مەسائلی چاککردنی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی باشی هەبوو. لە کۆنگرێسەکاندا کە بەشدار دەبوو بە زانیاری و هۆشیاری خۆی ئەو مەسەلانەی باش ڕوون دەکردەوە. دیارە لە ناکۆکی ناو پارتیدا ئەو لەگەڵ (باڵی مەکتەبی سیاسی) بوو، چونکە باڵی لیژنەی مەرکەزیی، دوو کەس نەبێ هەموو لەلایەک بوون و من و کاک حیلمی لەو سەردەمەشدا هاوبیر بووین، پێمان خۆش نەبوو ئەو دووبەرەکییە ببێت، پێمان خۆش نەبوو ئەو جیابوونەوەیە ببێت. من و کاک حیلمی زۆر هەوڵمان دا، بۆ ئەوەی کارێک بکەین بەڵکو ئەو لێکترازانە نەبێت لە ناو پارتیدا، بەڵام سەری نەگرت.

مامۆستا حیلمی چاکترین رۆژنامەنووسی کورد بوو
پیاوێکی زیرەک بوو، پیاوێکی هۆشیار بوو، زۆر حەزی لە خوێندنەوە و لە فێربوون و دیراسەت بوو. ڕەوشتی زۆر بەرز بوو، پیاوێکی دەم و دەست و داوێن پاک بوو، پیاوێکی زۆر بەتوانا بوو لە گونجان و لە پێکهاتن لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا. نووسەرێکی چاک بوو لە نووسنیدا، هەروەها سەرڕاست بوو، هەر هەڵوێست و شتێک باوەڕی پێی ببوایە ڕای خۆی دەردەبڕی، بیروباوەڕی خۆی نەدەشاردەوە. کابرایەکی ژیر و لێهاتوو و مەند بوو، یەکێک لەو هەڤاڵانە بوو کە هەمیشە دەیتوانی ڕۆڵی ناوبژیکردن و پێکهێنانەوە ببینێ لەناو پارتیدا.
چەندین ڕۆژنامەنووسی باش هەیە لە کوردستان، من ناوێرم بڵێم فڵانە کەس چونکە دەیان کەس عاجز دەبێت، الحمدللـە  دەیان ڕۆژنامەنووسی باش پەیدا بووە لە کوردستان، ئەوانە ئێستا لە کایەدان و لە خەبات دان، ئەگەر باسی مردووەکان بکەم، مامۆستا حیلمی عەلی شەریف چاکترین ڕۆژنامەنووسی کورد بوو، بێگومان لە نەوەی ئێمە، لە پێش ئێمە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو کە ئەو گۆڤاری گەلاوێژی دەرکردووە و نووسینی کوردی داهێنا بەو شێوەیەی ئێستا.

لە ڕاستەوە: مام جەلال، حیلمی عەلی شەریف و  شەهید عەلی عەسکەری - 1970

 

 

حیلمی عەلی شەریف و شەهید عەلی عەسکەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان