یادگار

ژیاننامەی مامۆستا حیلمی بە قەڵەمی خۆی

11:34 - 2024-07-22
دووتوێ
67 جار خوێندراوەتەوە

ناوم حیلمی عەلی شەریف - ـە لە ساڵی 1931 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن هاتوومەتە دنیاوە، لە باوک و دایکەوە لە بنەماڵەیەکی بازرگانکارم واتا کە پێیان دەوترێت بورجوازی بچووک.
بۆیە شانبەشانی سیاسەتکاری و نووسین، ناوبەناو بە کاری بازرگانێتی پیشەسازی بۆ بەڕێوەبردنی باری ژیان و گوزەرانی خۆم هەڵساوم. هەندێ جار هەر یەکەیان بە تەنیا و هەندێ جاری تر هەردووکیان لە کاتێکدا.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندییم لە سلێمانی تەواو کردووە. تەنیا ساڵی پێنجەمی ئامادەییم بەهۆی دوورخستنەوەم، واتا بە زۆر گواستنەوەم لە ئامادەیی سلێمانییەوە بۆ ئامادەیی شاری بەعقوبە، بەهۆی مانگرتن و خۆپیشاندانەوە لە ئامادەیی سلێمانی، لە بەعقوبە تەواو کردووە.
دوای ئەوە بەڵگەنامەی تەواوکردنی ئامادەیی و هەندێ بەڵگەنامەی ترم دا بە کۆلێژی ئەندازیاری، بەڵام هەر لە نیوەی مانگی یەکەمی خوێندنی ساڵی یەکەمدا، چەند کەسێکی ئەندامی ڕووخاوی پارتی کۆمۆنیستی عێراقی لەتەک هەڤاڵەکانی خۆیاندا، ناوی من و چەند ئەندامێکی تری پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە سلێمانی هانی کە دژی میریی ئەوسا چالاکیی سیاسی و پارتایەتی ئەنوێنین.

لە ڕاستەوە: مام جەلال، حیلمی عەلی شەریف، ئیبراهیم ئەحمەد، نەناسراو 

 

 
کۆلێژی ئەندازیارییم لەدەستچوو
لە تەحقیقاتی جنائی لە بەغدا گرتمیان کە ئێستا پێی دەڵێن ئەمنی عامە. لە کاتی گرتنماندا، بە هۆی شەڕی 1946 ی نێوان عەرەب و جولەکەوە، دراین بە دادگای عورفی و لە گرتووخانەی «ئەبوغرێب» ی سەر بە مەجلیسی عورفی لە ژووری تەنیاییدا بەند کراین و لە دواییدا بەپێی مادەی 189 کە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ڕوخێنەر دەگەیەنێت، دادگا حوکمی بەندکردنی داین.
بۆیە ئیتر کۆلێژی ئەندازیارییم لەدەستچوو، داخێکی ناخۆشیش چوو بە دڵما. ئیتر ناچار لە هەوڵێکی تردا لە سەرەتای هەفتاکاندا چوومە بەشی قانون سیاسە لە زانکۆی (مستنصریە) و بە ئەنجامی باش لە ساڵی 1975 – 1976 دا تەواوم کرد.

زۆربەی گرتووخانەکانی عێراق میواندارییان کردووم
لە ژیانمدا بەهۆی پارتایەتییەوە سەروسەختێکی باشم لەتەک گرتووخانە و بەندیخانەکانی عێراقدا هەبوو، گرتووخانەکانی: تەحقیقاتی جنائی لە بەغدا، سلێمانی، کەرکوک، کەرخ، مەوقف سەرا، بەندیخانەی مەرکەزی لە بەغدا، بەعقوبە، بەندیخانەی کوت و بەدرە، میواندارییان کردووم.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد
 یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات بوو

لە ساڵی 1959دا حکومەتی شۆڕشی چواردەی تەمووز بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم لەتەک ڕێگای ئیشکردن بە ئاشکرا بە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای ئەوەشی بەم پارتییە دا کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بۆ خۆی دەربکات. من ئەو کاتە یەکێک بووم لە 19 کەس کە دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. ڕۆژنامەی ئەم پارتییە بەو شێوەیە دەردەچوو کە ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، پارێزەر ئیبراهیم ئەحمەد کە ئەویش ئەندامی دامەزرێنەری پارتی بوو، بوو بە سەرەک نووسەری. من یەکێک بووم لە سێ کەس لە دەستەی بەڕێوەبەری ئەم ڕۆژنامەیە.
ڕۆژنامەی خەبات، لای کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و پارتییەکانی عێراق، بایەخێکی باشی هەبوو، هەروەها لە نێو ئەو وڵاتانەی بایەخیان بە عێراق دەدا جێگایەکی تایبەتی داگیر کردبوو.
من بە سەرنووسەری رۆژنامەی (نور) هەڵبژێردرام
دوای خەبات، لە ساڵی 1968 دا، پارتی دیموکراتی کوردستان – بەشی مەکتەبی سیاسی– مافی دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی سیاسیی پێدرا، بەناوی (نور) ـەوە واتا ڕووناکی. ئەمجارە کۆمیتەی ناوەندی پارتی منیان بە سەرەک نووسەری ئەم ڕۆژنامەیە هەڵبژارد.
(نور) زۆر بە ڕێکوپێکی و بە قەوارەیەکی باش و جوان دەردەچوو. لای کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بە کورد و عەرەب و کەمایەتییەکانییەوە بایەخێکی باشی هەبوو، لە هەموو ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە پتر بڵاو دەبووەوە.

من ڕقم لە خۆدەرخستنە
ئەوەی ڕاستی بێت تا ئەم ساڵانەی دوایی هەر بە نازناوەوە نووسینم بڵاودەکردەوە، لە ڕۆژنامەی خەبات، نور، هاوکاری، هەر بە بێ ناو یاخود بە ناوێکی ترەوە وەکو «ئاسۆ» نووسینم بڵاودەکردەوە.
لە دەنگی گێتی تازە، ژین، خەبات، نور، هاوکاری، بەیان، ڕەنگین، ڕۆشنبیری نوێ، ڕۆژنامەی اتحادی بەغدا و گۆڤاری ئەلف با دا نووسینم هەیە.
بێگومان حەز دەکەم بۆ ئەو دەزگایانە بدوێم و لەو دەزگایانەدا نووسینی خۆم بڵاو بکەمەوە کە دۆستایەتی و ئاشنایەتی ئایدۆلۆژیم لە تەکیاندا هەبێت، بەڵام نابێ ئەمە ڕێگا لە کەس بگرێت کە لە هەر کۆڕێکی تردا مۆڵەتی هەبێت دەنگ و نووسینی خۆی بڵاو بکاتەوە، چونکە بایەخ لەوە دایە چی دەڵێیت و دەنووسیت نەک لە ناوونیشانی دەزگاکەدا.
دەربارەی ئیزگەی کوردی
 سەبارەت بەوەی یەکێک بووم لە لێپرسراوانی پارتی لە مەیدانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەدا، چەند جارێک دوای شۆڕشی چواردەی تەموز و هەروەها لە کاتی جێبەجێکردنی بەیانی 29 ی حوزەیرانی 1967دا، هەوڵم دا کە ئیزگەی کوردی پێشبخرێت و لە ئاستی ئەو قۆناغەدا بێت کە گەلی عێراق تیایاندا دەژیا.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە لەتەک لێپرسراوە هەرە گەورەکانی ئەو کاتانەدا گفتوگۆم دەکرد و هەوڵ و تەقەلام دەدا، بەڵام داخەکەم کە کارەکە دەگەیشتە نزیکبوونەوە لە بەئەنجام گەیشتن، شاباڵێک لە غەیبەوە دەهات و کاسە ئاوەکەی دەڕشت.
تا، دەتوانن هەموو بابەتێکی زانست و ڕۆشنبیریی بخوێننەوە، بەڵام هەوڵبدەن لە بابەتێکی تایبەتیدا شارەزایی پەیدا بکەن و بیکەن بە سەرچاوەی نووسینەکانتان. دەستبگرن بە زمانی کوردیی ڕەسەنەوە، هەرگیزاو هەرگیز پارە و پول، دەستکەوتی تایبەتی قەڵەمەکانتان بەلاڕێدا نەخلیسکێنێت، چونکە ئەوەی لە دەست دەردەچێت ناگەڕێتەوە.
عیشق و دڵداری
ڕاستییەکەی لە ماوەی هەرزەکاریی ژیانمدا دووچاری فەریکە دڵدارییەکی ژاکاو بووم کە ئەویش هیچ ئەرکێکی ئەوتۆی نەخستە سەرشانم. ئیتر دوای ئەو تەمەنە کاروباری سیاسی و پارتایەتی و گیران و دورخستنەوە و ئەم شاخ و ئەو شاخی کوردستان، باویان لە هەموو دڵداری و دڵخوازییەکی تر سەند بوو. دڵ و دەروونم هەر جێگای دڵخوازی کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی تێدا دەبووەوە.
وەکو ئەدیب یا شاعیر یا چیرۆکنووس، سەروسەختم لەتەک هیچیاندا نییە، بەڵام شیعر و چیرۆک و پەخشانی بڵاوکراوەم هەیە، بۆیە هەر خۆم بە نووسەر دەزانم.

 

لە ڕاستەوە: هەڤاڵ عەبدولڕەحمان ڕووتە، شەهید عەلی عەسکەری، حیلمی عەلی شەریف، عومەر دەبابە و هەڤاڵ حاجی (برازای عومەر دەبابە)

بابەتە پەیوەندیدارەکان