هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

12:37 - 2024-07-22
کوردستان
92 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن داوای هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەكات و ئەندامێكی لیژنەكەش تەئكیددەكاتەوە كە «فڕۆكەخانەی سلێمانی هیچ كێشەیەكی نییە و ئەوەی دەگوزەرێت سزادانی سیاسییە و پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراق كاربكەن بۆ كۆتاییهێنان بەو سزایە».
كاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێیڕاگەیاندین: «فراكسیۆنی یەكێتی داوایكرد كاربكرێت بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەوەبوو لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی فڕۆكەخانەی سلێمانییان كرد و راپۆرتی خۆیان نووسی»، وتیشی: یەكێك لەو خاڵانەی كە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا قسەی لەسەر كرا فڕۆكەخانەی سلێمانی بوو، كە لیژنەی ناوبراو بەیاننامەی خۆی خوێندەوە و داوایكرد ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی فیدراڵ هەنگاوی جددی بنێن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، كە لەلایەن توركیاوە خراوەتە سەری، كە فڕۆكەخانەكە هیچ كێشەیەكی یاسایی، هونەری، ئیداری، ئەمنی نییە و لەلایەن توركیاوە سزای سیاسی دراوە و پێویستە ئەو سزایە كۆتایی پێبهێنرێت».
ئاماژەی بەوەشكردووە ئەندامانی لیژنەكە، كە لە پشووی وەرزی یاساداناندا بوو، لە شارەكانی بەغدا، كەربەلا، بەسرە و نەجەفەوە سەردانی فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییان كرد بەئامانجی ئەوەی هەوڵەكان بخرێنەگەڕ‌ بۆ كەمكردنەوەی فشار و سزاكانی سەر فڕ‌ۆكەخانەكە لەلایەن توركیاوە.
هەروەها، بەیاننامەكە داوادەکات لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و لیژنەكانی (ئاسایش و بەرگریی، پەیوەندییەكانی دەرەوە)، نوێنەران و حكومەتیش لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە، هەوڵی جددی بدەن بۆ كۆتاییهێنان بە سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی وەك یەكێك لە فڕۆكەخانە مەدەنییەكانی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان