پارێزگاری نەینەوا بانگهێشتی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێت

12:45 - 2024-07-22
کوردستان
103 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت: دوێنێ 21/7 دوا وادەبوو بۆ پارێزگار تا بڕیاری كارگێڕی بۆ ئەو پۆستە ئیداریانە دەربكات، كە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە دەنگیان لەسەر دراوە. ئاماژە بەوەش دەكات كە دەرنەكردنی بڕیار پێشێلكردنی یاسایە و پارێزگار بانگهێشتی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن.
محەمەد جاسم كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی 2/7 ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دەنگی لەسەر  ژمارەیەك پۆستی یەكە ئیدارییەكانی نەینەوا دا، دوێنێ دوا وادەبوو تا پارێزگار بڕیاری كارگێڕی بۆ دەستبەكاربوونی ئەو بەڕێوەبەری ناحیە و قائیمقامانە دەربكات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو فەرمانە دەرنەچوو. وتیشی: لەبەرامبەر ئەم پێشێلكارییەدا ئەنجومەنی پارێزگا بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پارێزگار دەكات‌، چونكە ئەنجومەن سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت بڕیارەكانی لەو بارەیەوە جێبەجێ بكرێن.
راشیگەیاند: جگە لەو رێكارە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانە دەتوانێت پەنا بۆ دادگای ئیداری ببات، تا بڕیاری كارگێڕی بۆ دەستبەكاربوونی بەڕێوەبەر و قائیمقامەكانی یەكە ئیدارییەكان دەربكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان