یەكێتیی گشتیی جووتیارانی هەرێم بۆ كوردستانی نوێ:

بەغدا كەمتر لە نیوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی وەرگرتووە

12:46 - 2024-07-22
کوردستان
99 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا



ئەندامێكی یەكێتیی گشتیی جووتیارانی كوردستان رایدەگەیەنێت: بەهۆی بڕیارەكانی وەزارەتی بازرگانی عیراق‌ و دیاریكردنی رێژەیەك بۆ هەرێم، كەمتر لەنیوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی شارەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە وەرگیراوە، بەمەش بەشێك لە جووتیارانی كوردستان زەرەرمەندبوون، داواش دەكات لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گرفتی جووتیاران بۆ ساڵی داهاتوو چارەسەربكرێت.
هەڵكەوت محەمەد عەلی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی گشتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەمساڵ لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەیەك ملیۆن ‌و 700 هەزار تون گەنم بەرهەمهاتووە، بەڵام لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە تەنیا 700 هەزار تۆن گەنم لەڕێگای سایلۆكانەوە وەرگیراوە، لەكاتێكدا لەپارێزگاكانی دیكەی عیراق هیچ رێژەیەك بۆ وەرگرتنی گەنم دیارینەكراوە، وتیشی: جیاوازیكردن لەنێوان جووتیارانی كوردستان‌ و شوێنەكانی  تر زیانێكی ئابووری زۆر بەكەرتی كشتوكاڵ لە كوردستان دەگەیەنێت، چونكە راستە ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەڵام بەنرخێكی كەمتر، بەمەش جووتیارانی كوردستان زەرەرمەنددەبن.
راشیگەیاند: لە ئێستاوە پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە، تاكو جووتیارانی كوردستان بێبەش نەكرێن لەو مافانەی جوتیارانی ناوچەكان تری عیراق هەیانە، لەلایەكی تر لەسەر جووتیارانی كوردستان پێویستە لەگەڵ چاندنی بەرهەمەكانیان خۆیان لەفەرمانگە كشتوكاڵییەكان تۆماربكەن، بۆئەوەی لەكاتی دروێنە‌ و تەسلیمكردنی بەرهەمەكانیان بە سایلۆكان كێشەی وەرنەگرتنیان بۆ دروست نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان