دواجار مباپێ بە هاندەرانی ریاڵ مەدرید ناسێنرا مووچەكەی مباپێ لەگەڵ ریاڵ چەندە؟

01:49 - 2024-07-23
وەرزش
139 جار خوێندراوەتەوە

دواجار كلیان مباپێ بەرەسمی وەك یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید ناسێنرا و لە بەر دەم نزیكەی 80 هەزار هاندەردا لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ و بەئامادەبوونی فلۆرینتینۆ پێرێز-ی سەرۆكی یانەكە، درێسی یانەكەی پۆشی.
زۆردەمێكە ناوی یانەی ریاڵ مەدرید و كلیان مباپێ دێت و چەند جارێك ئەم یاریزانە هەوڵیدا بچێتە ئەو یانەیە، بەڵام ئیغرائاتەكانی ناسر خلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان و هەوڵە سیاسییەكان بەتایبەتی هەوڵەكانی سەرۆكی فەرەنسا ئەم چونەی مباپێی دواخست بۆ ئەم وەرزە.
لەسەر چوونەكە قسەی زۆر دەكرێت، لە ڕووی هونەرییەوە باسی ئەوە دەكرێت كە مباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر یەك شوێنی یاریی كردنیان هەیەو رەنگە ئەمە كێشە بۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر دروستبكات، بەڵام ئەنچیلۆتی لەم رووەوە لە تۆڕی X نوسیویەتی: كلیان.. بەخێربێیت بۆ باشترین یانەی جیهان، بەخێر بێیت بۆ ماڵەكەی خۆت، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەنچیلۆتی ئاسودەیە بە هاتنی كلیان مباپێ و چوونەكەی بۆ مەدرید هیچ كێشەیەك بۆ ئەم راهێنەرە ئیتاڵییە دروستناكات.
هەر سەبارەت بەم مەسەلەیە كلیانیش خۆی وەڵامێكی هەبووە و دەڵێت: من و ڤینیسیۆس لە یەك شوێندا یاریی دەكەین، بەڵام ئەمە نابێتە كێشە بۆ هەردووكمان، هەردووكمان ئەو توانایەمان هەیە لەشوێنی تری یاریگاشدا یاریی بكەین، هەروەها دەڵێت : ڤینیسیۆس زۆر ئاسودەیە بەهاتنی من، ئەو خۆی نامەیەكی بۆ ناردووم و تیایدا داوام لێدەكات بچمە ریاڵ مەدرید. 

بڕی بۆندی مباپێ
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی لەلای خۆیەوە راپۆرتێكی لەسەر بۆند و مووچە و مافەكانی مباپێ لەگەڵ ریاڵ مەدرید بڵاوكردۆتەوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، مباپێ بۆندەكەی بۆ ماوەی 5 ساڵە،  ساڵانە مووچەكەی 26 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئەم بڕی مووچەیەش زۆر زۆر كەمترە لەو مووچەیەی لە یانەی پاریس سانجێرمان وەریدەگرت كە 72 ملیۆن یۆرۆ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕە مووچەیە زیاترە لە مووچەی ئەم یاریزانانە: داڤید ئالابا (21:9 ملیۆن یۆرۆ، ڤینیسیۆس و بیلینگهام 20:8 ملیۆن یۆرۆ، جگەلەوەش مباپێ 80% ی مافی وێنەو ریکلامەكانی وەدرەگرێت و 20% ی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان