قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عیراق کۆبۆوە

07:05 - 2024-07-23
کوردستان
398 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد کە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنێتی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر و کارسازی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روئیا و پلانی خۆی بۆ تواناسازی گەنجان روونکردەوە و ئاماژەی بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازی تەرخان بکرێت، چونکە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ گەشەسەندنی بزنسە بچووکەکانی گەنجان لە کوردستان. 
وتیشی، سەرکەوتنی پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و پەرەپێدانی بزنسە بچووکەکان لە بەرژەوەندی یەکێتیی ئەوروپاشدایە بەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و جەختیشیکردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاریکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان