رۆژانە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدرێت

لە هەولێر كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بەردەوامە و هاووڵاتیان زۆر بێزارن

11:07 - 2024-07-24
کوردستان
136 جار خوێندراوەتەوە

 تەها عەبدوڵڵا

 

 

جیاوازی لە نێوان گەڕەکەكانی هەولێر دەكرێت لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، زۆرجار بەشی ئاوی گەڕەكێك دەدرێتە گەڕەكێكی تر، ئەمەش زوڵمە نابێت بەردەوام بێت

 

رۆژانە هاووڵاتیانی گەڕەكە جیاوازەكانی شاری هەولێر خۆپیشاندان و ناڕەزایی بۆ نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەردەبڕن، وەك هاووڵاتیان باسی دەكەن زۆر لەگەڕەكەكان كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، خەڵكی كەمدەرامەت‌ و هەژارنشینی تێدایە و ئەوان رۆژانە توانای كڕینی ئاوی خواردنەوەیان نییە.
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت بەهۆی لەكارخستنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا حكومەت و ئیدارەی پارێزگا هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نییە و ئامادەنین داخوازی هاووڵاتیان و پێداویستییە سەرەكییەكانیان جێبەجێ بكەن بەتایبەتی ئاوی خورادنەوە.
هاوژین عەبدولحەمید وەك نوێنەری گەڕەكی بەهاری نوێ لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە وەك دانیشتوانی ئەو گەڕەكە بەهۆی بێزاربوونمان لە كەمی ئاوی خواردنەوە بەناچاری شەقامی سەرەكیمان داخست ‌و گردبوونەوەی ناڕەزاییمان ئەنجامداوە. وتیشی: ماوەی دوو مانگە گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، كەچی دوای سەردانی لایەنی پەیوەندیدار جگە لە بەڵێن هیچی ترمان بۆ نەكراوە، لەكاتێكدا خەڵكی ئەم گەڕەكە هەژار و كەمدەرامەتن توانای ئەوەیان نییە رۆژانە ئاوی خواردنەوە بكڕن.
ئەو نوێنەرەی گەڕەكی بەهاری نوێی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد كە جیاوازی لە نێوان گەڕەکەكانی شاری هەولێر دەكرێت لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، زۆرجار بەشی ئاوی گەڕەكێك دەچێتە گەڕەكێكی تر، ئەمەش زوڵمە نابێت بەردەوام بێت.
سەبارەت بەو گرفتە پێشتر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاندبوو هۆكاری سەرەكی گرفتی ئاوی هەولێر نەبوونی كارەبایە، چونكە بیرەكانی ئاو كارەبای پێویستیان بۆ دابین نەكراوە. وتیشی: بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەشێوەی بنەڕەتی هەوڵ هەیە لەداهاتوو لە رێگای ئەو بەنداوانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست دەكرێن، ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر دابین بكرێت ‌و كێشەی ئاوی شارەكە چارەسەربكرێت.
لەلایەن خۆیەوە دلێر حسێن ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ماوەیەكی زۆرە شاری هەولێر رووبەرووی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بۆتەوە، بەتایبەتی لەم وەرزە كە بەشێكی زۆر لەگەڕەکەكانی شار گرفتی گەورەیان بۆتە دابینكردنی ئاو. وتیشی: لەم رووەوە ئیدارەی پارێزگا كەمتەرخەمە‌ و نەیتوانیوە پێداویستی هاووڵاتیان دابین بكات، لەكاتێكدا شارێكی وەك هەولێر كەوتۆتە نێوان هەردوو زێی گەورە‌ و بچووك نەدەبوو ئەم شارە گرفتی كەمی ئاوی هەبێت.
پێیوایە: نەبوونی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا وەك دوو دەزگای چاودێری بەسەر حكومەت و ئیدارەی پارێزگا، وایكردووە بەشێك لە لێپرسراوان هیچ فشارێكیان لەسەر نەبێت و كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بكەن.
پێشوابوو: لەحاڵەتی نەبوونی دەزگاكانی چاودێری، پێویستە راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەو ئەركە هەڵبستن و فشارەكانیان چڕبكەنەوە، تاكو حكومەت خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بەهاووڵاتیانی بكات، كە لەبنەڕەتدا ئەركی سەرشانیەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان