شێخ جەعفەر: دەبێت گرنگی زیاتر بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بدرێت

11:09 - 2024-07-24
کوردستان
132 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، سەردانی بارەگای فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگەی كرد و لەلایەن لیوا روكن رێبوار فەرماندەی فیرقەكە و ئەفسەرانی باڵاوە، پێشوازییكرا.
لە كۆبوونەوەكەیدا، جێگری سەرۆكی هەرێم، رۆڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی لە گشت قۆناغەكاندا بۆ پاراستن و بەرگریی لە خاك و وڵات بەرزنرخاند و جەختیكردەوە كە دەبێت سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی لۆجستی و پێداویستییە سەربازییەكانەوە گرنگی زیاتریان پێبدرێت.
لە سەردانیشیدا بۆ ئاسایشی ناحیەی قەرەهەنجیر سەر بە پارێزگای كەركوك، جێگری سەرۆكی هەرێم، بەنیگەرانییەوە باسی لە هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەم دواییەی سەر بنكەیەكی ئاسایشی ناحیەكە كرد، كە كارمەندێكی ئاسایش بەناوی (جوامێر عەزیز) شەهیدبوو و رایگەیاند: هێشتا تیرۆر مەترسییەكی راستەقینەیە بۆ سەر ناوچەكە بەگشتی، بۆیە دەبێت هاوپەیمانان و سوپای عیراق یارمەتیدەرێكی سەرەكی بن لەپاڵ هێزی پێشمەرگەدا بۆ بنبڕكردنی تیرۆریستان و نەهێشتنی كردەوە تیرۆریستییەكانیان كە ناوە ناوە دەكرێتەسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق.
لەلایەکی دیکەوە دوێنێ لە هەولێر، بەمەبەستی ماڵئاوایی لە ئەركەكەی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، پێشوازی لە یاكۆ بیرێندس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، كرد و رۆڵی بەڕێزیانی بەرز‏نرخاند بەتایبەتی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان