لە وەڵامی داوایەكی وەزارەتی شارەوانیدا

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم هەنگاوەكانی دابینكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران دەستپێدەكات

11:13 - 2024-07-24
کوردستان
101 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لەوەڵامی داوایەكی وەزارەتی شارەوانیدا بۆ دابینكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران، رێكارەكانی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵی دەستپێدەكات، ئەویش بە رەچاوكردنی پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییە بەپیتەكان، هاوكات داوای قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەو جووتیارانە دەكەن كە زەوییەكانیان بۆ نیشتەجێبوون تەرخان دەكرێت.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەمەبەستی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی وەك لایەنی پەیوەندار، داوایەك ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كراوە زەوی پێویستیان بۆ دابین بكات. وتیشی: لەو بارەیەوە وەزارەتی كشتوكاڵ دەست بە رێكارەكانی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵ بۆ زەوی نیشتەجێبوون دەكات و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، تاكو هاوكاری وەزارەتی شارەوانی بكەن لەدابینكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران.
تەئكیدیشیكردەوە كە لەو پڕۆسەیەدا رەچاوی زەوییە كشتوكاڵییە بەپیتەكان دەكرێت و ئەو جۆرە زەوییانە پارێزراودەبن وەك بنەمای سەرەكی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، كە لەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2008ی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی كشتوكاڵی ئاماژەی پێكراوە. روونیشیكردەوە كە هەر لەو پڕۆسەیەدا رەچاوی زەوی كشتوكاڵی گرێبەست دەكرێت، تاكو لەكاتی كوژانەوەی ئەو زەوییانە بۆ نیشتەجێبوون، خاوەنەكانیان بە رێژەی %3 قەرەبوو بكرێنەوە، لەرابردووشدا دۆسیەی لەو جۆرە هەبووە، بەڵام جووتیاران قەرەبوونەكراونەتەوە، بۆیە پێویستە بڕیارێكی گشتگیر لە بەرژەوەندیی جووتیاران دەربكرێت، چونكە ئەو زەوییانە سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە، ناكرێت زەرەرمەندبن.
هەر لەسەر ئەو بابەتە، كوردۆ عومەر وتەبێژی وەزارەتی شارەوانیی هەرێم پێی راگەیاندین: تەرخانكردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی بۆ فەرمانبەران، یەكێكە لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری دابەشكردنی زەوی، بۆ تاوتوێكرنی ئەو بابەتە و بەرچاوڕوونی زیاتر، لەماوەی رابردوو وەزارەت چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ شارەوانییەكان ئەنجامداوە. راشیگەیاند: دیارە وەزارەتی شارەوانی توانای دابینكردنی تەواوی زەوی تەرخانكراویان نییە كە پێویستە بدرێت بەفەرمانبەران، بۆیە داوا لە هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی هەرێمی كوردستان كردووە زەوییان بۆ دابینبكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان