قوباد تاڵەبانی: بە هاوكاریی هاوپەیمانان هەنگاوەكانی چاكسازی خێراتر جێبەجێبكرێن

09:54 - 2024-07-25
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازی لە وەفدێكی سەربازیی ئەمریكا بەسەرۆكایەتیی برادلی كووپەر جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) كرد و پرسی تیرۆر و بەهێزتركردنی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لیوا روكن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، مارك سترۆ كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، سوپاسی هێزەكانی ئەمریكای كرد كە بەردەوامن لە كاركردن لەگەڵ هێزەكانی دژەتیرۆر و هێزەكانی تری كوردستان و لەم دواییانەشدا پێكەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەركەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجامداوە.
سەبارەت بە پرسی تیرۆر لە عیراق و ناوچەكەدا، تەئكیدكرایەوە كە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەكی جددییە بۆ سەر عیراق و ناوچەكە، جێگری سەرۆك وەزیران، وتی: بەردەوامبوونی كاركردنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق گرنگە، تا لەلایەك بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هەرێم، كۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت، لەلایەكی دیكەشەوە یارمەتیدەری حكومەتی عیراق بن لە پاراستنی سەروەریی خاكەكەی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی پرۆسەی چاكسازی هێزەكانی پێشمەرگە بوو، قوباد تاڵەبانی، پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دووپاتكردەوە و هیوای خواست بە هاوكاری هاوپەیمانان هەنگاوەكانی چاكسازی بەشێوەیەكی خێراتر جێبەجێبكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان