بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵ زیان بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت

10:02 - 2024-07-25
کوردستان
81 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
بەشێك لە جووتیارانی شاری هەولێر لە بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵ نیگەرانن و پێیانوایە بەهۆیەوە بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكاندا دەمێنێتەوە ‌و ساغناكرێتەوە، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمیش هۆكارەكەی رووندەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: ئەو بڕیارەی بەغدا كاتییە و جارێكی تر بەرهەمی كشتوكاڵی وڵاتان قەدەغەدەكرێتەوە.
عوسمان قادر جووتیارێكی سنووری هەولێرە و دەڵێت: چەند رۆژێكە بەڕێژەیەكی زۆر بەرهەمی وڵاتانی دەرەوە دەهێنرێتە بازاڕەكانی كوردستان، ئەوەش وایكردووە زیانێكی زۆر بە جووتیاران بگات، وتیشی: بڕیاری هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی لەم كاتانەدا بڕیارێكی هەڵەیە، چونكە ئێستا وەرزی پێگەیشتنی سەوزەو میوەی ناوخۆیە لە هەرێم و عیراقدا، بۆیە ناكرێت لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆمانە، بازرگانان بەرهەمی كشتوكاڵی لە دەرەوە هاوردەبكەن.
یونس مستەفای كاسبكار لە عەلوەی هەولێر پێیوتین: كردنەوەی دەرگای سنوورەكان و هاوردەكردنی سەوزەو میوە زیانی زۆری بە كاسبكاران و جووتیاران گەیاندووە، بەهۆیەوە كەمترین بەرهەم دەفرۆشێت. وتیشی: باشترە لەم وەرزە رێگا بەهاوردەكردنی سەوزە و میوە نەدرێت، خۆمان بەرهەمێكی زۆرمان هەیە، پاشان خواستی هاووڵاتیان زیاتر لەسەر بەرهەمی خۆماڵییە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەچەند رۆژی رابردوودا حكومەتی فیدراڵ بڕیاری هاوردەكردنی بەشێك لە بەرهەمەكانی سەوزە و میوەی لە دەرەوە دەركردووە، ئامانج لەو بڕیارە پڕكردنەوەی پێداویستی هاووڵاتیانە لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، كە بەهۆی رێورەسمە ئایینییەكان‌ و زۆری ژمارەی زیارەتكاران خواست لەسەر ئەو بەرهەمانە زیادیكردووە، وتیشی: ئەو بڕیارە بەشێوەیەكی كاتییە، لەم وەرزەدا لە عیراق‌ و هەرێم چەندین جۆر بەرهەمی سەوزە و میوە بەرهەمدەهێنرێت و بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات، بۆیە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكان‌ و گەڕانەوەی زیارەتكاران، جارێكی تر بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی ئەو بەرهەمانە دەستپێدەكاتەوە، كە پێشتر جێبەجێكراوە.
تەئكیدیشیكردەوە كە بڕیاری هاوردەكردنی بەرهەمی سەوزە و میوە لەم وەرزە لە سنوورەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی ئەو بەرهەمانە بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی بەرهەمی ناوخۆ بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان