ستۆدیۆ زیاد

10:51 - 2024-07-25
کەلتور
142 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

محەمەد زیاد ئیبراهیم ئاڵی ساڵی 1941 لە بنگرد سەر بە قەزای دوکان هاتۆتە دنیاوە، زۆر بە منداڵی دایك و باوکی لەدەست داوە و بێ ناز بووە، لە ماڵی مامی و پوری پەروەردە کراوە، لەتەمەنی 10 ساڵیدا رووی کردۆتە سلێمانی.
پاشان بەلێهاتوویی و زیرەکی خۆی فێری خوێندەواری بووە، زمانی عەرەبیشی بە باشی زانیوە، لەهەمانکاتدا زۆرحەزی لە کامێرا و وێنەگرتن بووە و خۆی فێری ئەم پیشەیە کردووە.

 

بەلێهاتوویی و زیرەکی خۆی فێری خوێندەواری بووە، زمانی عەرەبیشی بە باشی زانیوە، لەهەمانکاتدا زۆرحەزی لە کامێرا و وێنەگرتن بووە و خۆی فێری ئەم پیشەیە کردووە

کەسێکی قسەخۆش و کۆمەڵایەتی بووە، زوو جێگای خۆی کردۆتەوە لەناو دڵی خەڵكدا، ئاشنایەتی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی پەیداکردووە، لەڕووی جلوبەرگەوە زۆر بە ئەتەکێت و رێكپۆش بووە، حەزی بە گەشت و گەران کردووە، لەگەڵ خێزانەکەی و هاورێکانیدا  زۆربەی شارەکانی عیراق و هاوینە هەوارەکانی کوردستان گەڕاوە، وینەی زۆری لەو گەشتانەدا گرتووە.
بۆ یەکەمجار ساڵی 1958 لەگەڵ هاوڕێیەکی کامێرایەکی کڕیوە دەستی کردووە بە وێنەگرتن لەباخی گشتی و سەرچنار و شوێنەگشتییەکان.
ساڵی 1961 بووە بە سەرباز لە کۆلیژی سەربازی ئەرکان لەبەغدا، کاری وێنەگرتنی کردووە، لەهەمان کاتدا رۆژانی پێنجشەمە و هەینی وەك فلاشگێڕ لە گۆرەپانی تەحریر وێنەی گرتووە و ماوەیەکیش لە ستۆدیۆ (سەمیر ئەمیس) شاگرد بووە، لەو کاتەوە پیشەی وێنەگری کردووە بەکاری سەرەکی  ژیانی.
ساڵی 1965 بەیەك جاری گەڕاوەتەوە سلێمانی ستۆدیۆی خۆی داناوە بە ناوی ستۆدیۆ دڵشاد نزیك مزگەوتی گەورە، ساڵی 1968خێزانی پێکهێناوە، خاوەنی سێ کچ و دوو کوڕ بووە. 
ساڵی 1970 ستۆدیۆکەی گوازتۆتەوە بەرخانەقا نزیك مزگەوتی خانەقا، ناوەکەشی گۆڕیوە بۆ ستۆدیۆ زیاد.
لەماوەی کارکردنیدا لە رێی کامێراکەیەوە خزمەتێکی زۆری ئەم شارەی کردووە، وێنەی کەسایەتییە دیارەکان و مزگەوت و بازاڕ و بەرخانەقاو شوێنەگشتییەکانی گرتووە، ساڵ و مانگ و رۆژی لە پشتی زۆربەی وێنەکان نووسیووە.
ساڵی 1992 لەگەڵ کۆمەڵێ هاوڕێیدا یەکێتی وێنەگرانی کوردستانیان دامەزراندووە و ئەندام و دەستەی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە بوو.
بەردەوام بووە لەکارەکەی تا ساڵی 2010، دواتر بە هۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە ستۆدیۆکەی بەڕێوە ببات لەلایەن منداڵەکانییەوە داخراوە و هەموو کەلوپەلی وینەگرییەکەی براوەتە ماڵەوە.
بەداخەوە دوای حەوت ساڵ ململانێکردن لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژ خایەن  لە 30/7/2017  لە تەمەنی 76 ساڵیدا بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لەگردی سەیوان بەخاك سپێردراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان