وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دڵخۆشن

عیراق گەورەترین داهاتی نەوت بەدەستدەهێنێت

10:45 - 2022-06-23
ئابووری
578 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) رایگەیاند: لە مێژووی عیراقدا بەرزترین ئاستی داهات لە هەناردەكردنی نەوتدا بەدەستهێنراوە و پێشبینیش دەكرێت، نرخی بەرمیلێك نەوت تا كۆتایی ئەمساڵ لە دەوروبەری 115 دۆلاردا جێگیر بێت.

11 ملیار دۆلار بووە
محەمەد سەعدون، بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی بازاڕی نەوت لە كۆمپانیای (سۆمۆ)، بە ئاژانسی هەواڵەكانی عیراقی راگەیاندووە: تێكڕای نرخی نەوت لە ئاستێكی بەرزدایە و لە مێژووی هەناردەی نەوت لە عیراقدا، تا ئێستا بەرزترین داهاتمان بەدەستهێناوە، بەشێوەیەك لە مانگی رابردوودا بڕی داهاتی نەوت 11 ملیار دۆلار بووە.
وتیشی: «پێشبینی دەكەین ئەم تێكڕاییە بەردەوام بێت و ئاماژەكانیش ئەوە دەردەخەن كە لەمساڵدا نرخی نەوت لە 115 دۆلاردا جێگیر بێت».
راشیگەیاند: لە وەرزی سێیەمی ئەمساڵداین و نرخی نەوت پشتیوانیی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و لە ماوەی سێ مانگی داهاتووشدا سەقامگیر دەبێت.
بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی بازاڕی نەوت لە كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشداوە: بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە، بازاڕی نەوت روبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە و كاریگەریشی لەسەر بازاڕی نەوت دروستكردووە، چونكە روسیا یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەی نەوت، لەم روەشەوە ئاژانسەكان پێشبینی دابەزینی بەرهەمی نەوتی روسیا دەكەن لە نێوان ملیۆنێك بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بڕی خستنەبازاڕی نەوت ئەو ژمارەیەی خۆی لەدەستدەدات، لەلایەكی تریشەوە ئەو ململانێیە كاریگەری لەسەر گەشەسەندنی ئابووریی دروستكردووە و ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر خواستی نەوت دەبێت.

بۆ 120 دۆلار بەزر دەبێتەوە
باسی لەوەشكردووە: زۆربەی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی وزە، پێداچوونەوەیان بۆ پێشبینییەكان لە نرخی نەوتدا كردووە و ئەم پێداچوونەوانەش بوونە هۆكاری ئەوەی نرخی نەوت لە 95 دۆلارەوە بۆ 120 دۆلار لەساڵی 2022دا بەرزبێتەوە،  بەشێك لە كۆمپانیاكانیش لە سەر بنەمای بڕی نەوتی عەمباركراو كە لە نزمترین ئاستدایە، پێشبینییان كردووە نرخی نەوت بۆ 150 دۆلار بەرزبێتەوە.
ئەو لێپرسراوەی كۆمپانیای سۆمۆ دەشڵێت: «بڕیاری یەكێتیی ئەوروپا بە سەپاندنی گەمارۆ لەسەر نەوتی روسیا، راستەوخۆ رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر داهاتە چاوەڕوانكراوەكان بۆ ساڵی 2023 كە درێژ دەبێتەوە بۆ ساڵی 2024 و نرخی نەوتیش بەتێكڕا بۆ 120 دۆلار بەزر دەبێتەوە».
پێشتر، مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، رایگه‌یاندبوو‌: بانكی ناوه‌ندی توانای دارایی خۆی گه‌ڕاندۆته‌وه،‌ له ‌رووی بوونی یه‌ده‌کی دراوی نه‌ختینه‌ی بیانییه‌وه‌.
وتیشی: «یه‌ده‌کی ئێستای بانكی ناوه‌ندیی عیراق گه‌یشتۆته بڕی‌ نزیکەی 75 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش سێ هێنده‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییانه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ عیراق له‌ نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2028 بیانداته‌وه»‌.
لای خۆیەوە، عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عیراق ئاشكرایكردووه‌: بارودۆخی دارایی عیراق زۆرباشه‌ و وڵاته‌كەی‌ پێویستیی به‌ هاوكاریی نێودەوڵەتی نییه‌.
هاوكات، بەوتەی بەرپرسانی باڵای بانكی ناوەندیی عیراق، ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەو بەرزییەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوە چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا یەدەكی بانكەكەیان بڕی 100 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
زیادبوونی داهاتی نەوتی عیراق لەكاتێكدایە، نیوەی ساڵی 2022 تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی كێشە و ململانێ سیاسییەكانەوە، تائێستا نەتوانراوە كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، ئەمەش كێشەی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییە نوێیەكان دروستكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان