سبەی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەستپێدەكات

11:20 - 2024-07-25
وەرزش
181 جار خوێندراوەتەوە

سەعات 8:30 ی سبەی شەو هەینی 26/7/20204، لە پاریس ئۆڵۆمپیادی یارییە هاوینەكانی ساڵی 2024 دەستپێدەكات و ئەو شەوە تەنیا ئاهەنگی دەستپێك رێكدەخرێت.
بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا، ئاهەنگی دەستپێك دەبرێتە دەرەوەی یاریگاكان و ئەمجارە ئاهەنگی دەستپێك لە سەر روباری سین لە پاریس دەبێت، لەم ئاهەنگی دەستپێكەدا وا چاوەڕوان دەكرێت 10 هەزار وەرزشكار بەشداریی بكەن.
لیژنەی رێكخەری ئۆڵۆمپیاد، دەیانەوێت بڕگەكانی ئاهەنگەكە بە نهێنی بێت، هەموو شتێكیان شاردۆتەوە و كەمترین زانیارییان خستۆتە روو.
دیزاینەری بەناوبانگ تۆماس جولی دیزاینی ئاهەنگی دەستپێكی كردووە، تیمێكی هونەری ناودار لە هونەرمەندان و نووسەران و مێژوو نووسان یارمەتی دەدەن، ئاهەنگەكەش نزیكەی 3 سەعات بەردەوام دەبێت و لە 12 بڕگەی جۆرا و جۆر پێکدێت، نزیكەی 3000 هونەرمەندی ناوداری سەماكەر و گۆرانیبێژ، لەمبەر و ئەوبەری روبارەكە بەشداریی مەراسیمەكە دەکەن.
سەرەتای ئاهەنگەكەش بە بەلەم تیمە بەشدارەكانی وڵاتانی بەشدار، بە كەژاوەیەكی گەورە دێنە ناوەڕاستی رووبارەكەوە، پاشان مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد دادەگیرسێنرێت و دواتر نمایشە رەنگاو رەنگەكان رێكدەخرێن، ئەم ئاهەنگی دەستپێكە هەرچەندە كەناڵە موشەفەرەكان دەیگوازنەوە، بەڵام بەشێوەی فری-ش لە زۆربەی كەناڵە جیهانییەكانەوە پەخش دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان