كتێبی (بازنەی گەمارۆ)ی شەهید حەسەن كوێستانی لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ ناساندنی بۆ كرا

11:27 - 2024-07-25
هەمەرەنگ
102 جار خوێندراوەتەوە

 دوێنێ‌ لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌، كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (بازنەی گەمارۆ) كە نووسینەكانی شەهیدی سەركردە حەسەن كوێستانی لەخۆدەگرێت، بەڕێوەچوو كە لەكۆكردنەوە و ساغكردنەوەی جەرجیس ئیبراهیم گەڵاڵەیی و ئەنجام ساڵح-ە. لەكۆڕەكەدا، سەرەتا ئەنجام ساڵح، شیكاری بۆ بەش و پێكهاتەی كتێبەكە كرد، كە لە سێ‌ بەشی سەرەكی پێكهاتووە و ماوەی هەشت مانگ خەریكی كۆكركردنەوە و ساغكردنەوەی بابەتەكانی كتێبەكەی شەهید حەسەن كوێستانی بوون، كە بەشێكیان بەر لەشەهیدبوونی و بەشێكی تریان دوای شەهید بوونی بڵاوكراونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە لای هەمووان شەهید كوێستانی وەكو پێشمەرگە و تێكۆشەر و پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار ناسراوە، لەكاتێكدا خاوەنی چەندین نووسین و بابەتی بەپێزە و ئەمەش یەكێكە لەو لایەنانەی لە ژیانی كوێستانی باسی نەكراوە. دواتر رۆژنامەنووس تەحسین تەها چۆمانی، باسێكی لەبارەی بایەخ و گرنگی كتێبە پێشکەش كرد، كە دەكرێت وەكو سەرچاوەیەكی مێژوویی و هەروەها روانینی شەهیدێكی سەركردە لە قۆناغە جیاجیاكان وەربگیرێت. پاشان تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی كتێبەكە و شیكاری بۆ كرد. دواتر هەژار حەسەن كوێستانی، وەكو كوڕی شەهید كوێستانی لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەبووانی كرد و سوپاسی ئامادەكارانی كتێبەكەی كرد، هەروەها باسی لەوە كرد كە شانازییەكانی شەهید كوێستانی بۆ هەموو كوردستانە و وەكو بنەماڵەی شەهید بەپێویستمان زانی خەڵكی كوردستان ئەو لایەنە گەشەی شەهید كوێستانیش بزانن كە لەبواری نووسیندا چ دەستێكی باڵای هەبووە. هەژار كوێستانی وتیشی: بەنیازین لە داهاتوویەكی نزیكدا كتێبێكی تر لەسەر كوێستانی چاپبكەین كە كۆمەڵێك نووسینی تر و بەڵگەنامە و نامە لە خۆدەگرێت، ئەمەش دەبێتە یەكێكی تر لە كتێبە گرنگەكانی شەهید كوێستانی، پاشان باسی چەندین وێستگەی ژیان و تێكۆشانی حەسەن كوێستانی و بنەماڵەكەیانی كرد.
كۆمار عەلی

بابەتە پەیوەندیدارەکان