لە سلێمانی زیاتر لە هەزار هەلی کار رادەگەیەنرێت

10:49 - 2022-06-23
ئابووری
788 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی «ڤیم» لە شاری سلێمانی بە بەشداری نزیکەی 120 کۆمپانیا، پێشانگەی هەلی کار ساز دەکات و تیایدا زیاتر لە هەزار و 100 هەلی کار رادەگەیەنرێت.
لەو بارەیەوە، دەروون جەمال رێکخەری پڕۆژەکانی دامەزراوەی ڤیم بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: پێشانگەکە لە رۆژانی 26 و 27ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و نزیکەی 120 کۆمپانیا بەشدارن.
باسی لەوەشکرد: پلانیان دانابوو بۆ ئەوەی هەزار و 100 هەلی کار لەو پێشانگایەدا رابگەیەنن، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەی هەلی کارەکان زۆر لەوەش زیاترە کە رادەگەیەنرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد: نە تەمەن و نە رەگەز و تەنانەت بڕوانامەش نەکراوە بە پێوەر و هەلی کار سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خوازیاری دۆزینەوەی کارن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەگەڵ کۆمپانیاکاندا مەرجی ئەوەشیان داناوە کە تەنیا «سی ڤی» وەرگرتن نەبێت و دواتر بەدواداچوون دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن کۆمپانیاکان ئەو بەڵێنانەی کە داویانە بردوویانەتە سەر یا نا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان