كۆنفرانسی عەلائەدین سەجادی رۆڵ و پێگەی لە ئەدەب و رووناكبیریی كوردیدا

11:30 - 2022-06-23
ڕاپۆرت
432 جار خوێندراوەتەوە
دیبەتی نێوان بەشدارانی کۆنفرانسی عەلائەدین سەجادی

ئا: یادگار عەلی

ڕۆژانی 20 و 21 - ی حوزەیرانی 2022، زانكۆی گەرمیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان و نووسەرانی كەلار، كۆنفرانسێكی زانستیی لەبارەی رۆڵ و پێگەی مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە بواری ئەدەب و رووناكبیریی كوردیدا بەڕێوەبرد.
لە كۆنفرانسەکەدا 16 توێژینەوەی زانستیی لەلایەن ئەكادیمیستانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەشكران و بە دەركردنی كۆمەڵێك راسپاردەش كارەكانی كۆنفرانس كۆتاییهات.

یەكەم رۆژی كۆنفرانس
لە یەكەم رۆژی كارەكانی كۆنفرانسدا، كە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە كەلار و بە ئامادەبوونی ئەكادیمیستانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانكۆ و رووناكبیران بەڕێوەچوو، دوو باس و هەشت توێژینەوەی زانستیی پێشكەشكرا.
لە دەستپێكی كارەكاندا پرۆفیسۆر د.فەرهاد قادر - سەرۆكی زانكۆی گەرمیان وتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەكرد کە زانكۆی گەرمیان بەردەوام گرنگی بە بابەت و پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگە و زانست دەدات، هەروەها رۆڵ و ئەركی زانكۆکەیانی لەو بوارەدا روونكردەوە، هاوكات خەڵاتی رێزلێنانی سەرۆكایەتیی زانكۆی گەرمیانی پێشكەش بە خانەوادەی مامۆستا عەلائەدین سەجادی كرد و خەڵاتەکەش د.نازدار سەجادی - كچی مامۆستا عەلائەدین وەریگرت.
پاشان وتاری لیژنەی ئامادەكاریی كۆنفرانس لەلایەن د.كەریم ئەحمەد عەزیز-ەوە خوێندرایەوە و باسی لە هەموو ئەو ئامادەكارییانە كرد كە لیژنەكان بۆ بەسەركەتوویی بەڕێوەچوونی كۆنفرانس کردوویانە، هەروەها فیلمێكی دیکۆمێنتاریش كە لەلایەن راگەیاندنی زانكۆی گەرمیانەوە سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەكانی مامۆستا عەلائەدین سەجادی بەرهەمهاتبوو، نمایشکرا.
هەر لە دەستپێكی كارە زانستییەكانی كۆنفرانسدا، ئەحمەد باوەڕ – نووسەر و مامۆستای زانكۆ، كورتەباسێكی بە ناونیشانی: «سەجادی و پێشهاتە فەرهەنگی و مێژووییەكانی گەرمیان و ناوچەی خانەقی لە گۆڤاری گەلاوێژدا (١٩٣٩ -١٩٤٩)» پێشكەشكرد، دواتریش نووسەر و شاعیر فەرهاد شاكەلی باسێكی بەناونیشانی: سەجادی، خەونبین و عاشقی مەملەكەتی ئێستێتیك و وشەی كوردی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
یەكەم دانیشتنی سەرلەبەیانی یەكەم تۆژی كۆنفرانس لەلایەن د.دارا حەمید-ەوە بەڕێوەبرا و دوو توێژینەوە پێشكەشكران، یەكەمیان؛ لەلایەن پرۆفیسۆر د.سەید ئەحمەد پارسا، مامۆستا لە زانكۆی كوردستان – ئێران بوو بە ناونیشانی: رۆڵ و پێگەی عەلائەدین سەجادی لە رەوانبێژی زمانی كوردیدا بوو، دووەمیشیان لەلایەن پرۆفیسۆر د.عەبدولجەبار مستەفا مەعروفی مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بوو بە ناونیشانی: بەئەرشیفكردن لە بەرهەمەكانی عەلائەدین سەجادیدا.
دووەم و سێیەم دانیشتنی سەرلەئێوارەی رۆژی یەكەمی كۆنفرانس لەلایەن د.سیامەند كەریم مەحمود و د.ئومێد رەحیم شەمسەدینەوە بەڕێوەبران،  شەش توێژینەوەی زانستیی لەبارەی ژیان و بەرهەم و رۆڵ و پێگەی مامۆستا سەجادییەوە خرانەڕوو.
توێژینەوەی یەكەمیان د.دارا حەمید محەمەد-ی مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان پێشکەشی کرد بەناونیشانی: «رێكبەندی و بەخشكەیی دەربڕین لە چیرۆكەكانی رشتەی مرواریدا»، دووەمیان لەلایەن پرۆفیسۆر د.كەیوان ئازاد ئەنوەر مامۆستای زانكۆی سلێمانییەوە بوو بە ناونیشانی: «مێژووی كورد لە تۆمارەكانی عەلائەدین سەجادیدا»، توێژینەوەی سێیەمیش بە ناونیشانی: «رۆڵی عەلائەدین سەجادی لەبواری رووناكبیری و رۆژنامەنووسیی كوردیدا» بوو كە لەلایەن هەردوو مامۆستا د.بەهادین ئەحمەد قادر و نەوزاد سدیق محەمەد لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی  ئامادەكرابوون، پێشكەشكرا.
هەر لە میانی رۆژی یەكەمی كۆنفراسدا توێژینەوەی: «چنینی دەق لە ئاستی پێكهاتەیی رشتەی مرواری عەلائەدین سەجادیدا»، لەلایەن پرۆفیسۆر د.پەخشان سابیر حەمەد، مامۆستا لە زانكۆی سۆران و توێژینەوەی: «سەرواكاری لە دەقی پێشەكیی شاعیران لە كتێبی مێژووی ئەدەبی كوردیی عەلائەدین سەجادیدا» لەلایەن پرۆفیسۆر د.یادگار رەسول حەمەدەمین  مامۆستا لە زانكۆی سۆران پێشكەش بە توێژەران و ئەكادیمیستان كرا.
هاوكات توێژینەوەی: «بەراوردی وەسف و پێداهەڵگوتن لە سەرەتای باسی كەسایەتییەكانی (تذكره الأولياى عطار نيشابورى) و مێژووی ئەدەبی كوردی عەلائەدین سەجادی» لەلایەن د.حەبیبەڵڵا سەلیمی- مامۆستا لە زانكۆی كوردستان - ئێرانەوە پێشكەشكرا.

رۆژی دووەمی كۆنفرانس
لە چالاكییەكانی رۆژی دووەمی یانزەهەمین كۆنفرانسی زانكۆی گەرمیان كە بەناونیشانی؛ «عەلائەدین سەجادی، رۆڵ و پێگەی لە ئەدەب و رووناكبیریی كوردییدا» رێكخرابوو، هەشت توێژینەوەی تری زانستيی پێشكەشكران.
لە دانیشتنی یەكەمدا كە لەلایەن پرۆفیسۆر د.عیماد محەمەد كەریم-ەوە بەڕێوەبرا، چوار توێژینەوە پێشكەشكران، یەكەمیان لەلایەن پرۆفیسۆر د.حەمەنوری عومەر كاكەییەوە بوو کە مامۆستای زانكۆی سلێمانییە بە ناونیشانی: «شێوازی دەربڕینی هەستی ژن لە گێڕانەوەكانی سەجادیدا - ڕشتەی مرواری بە نموونە»، توێژینەوەی دووەم لەلایەن (د.مەتین یۆكسیل- مامۆستا لە زانكۆی Hacettepe– توركیا)، بەناونیشانی: (Negritude and Kurdewarî, Elaeddîn Seccadî) خرایەڕوو.
هەروەها پرۆفیسۆر د.عوسمان حەمەخدر دەشتی - مامۆستا لە زانكۆی كۆیە، توێژینەوەی: «مامۆستا سەجادی و رێبازی مێژوونووسیی ئەدەبیی» پێشکەش کرد، پاشان د.یەدوڵڵا پەشابادی - مامۆستا لە زانكۆی كوردستان - ئێران، توێژینەوەی «گێڕانەوە وەكو رەگەزی زاڵ بە رشتەی مرواریدا»ی پێشكەشكرد.
هەر لە چوارچێوەی كارەكانی دووەمین رۆژی كۆنفراسدا، لە دانیشتنێكدا كە پرۆفیسۆر د.ئیبراهیم عەبدولڕەحمان جاف بەڕێوەی برد، چوار توێژینەوەی زانستیی پێشكەشكران، یەكەمیان لەلایەن د.فاروق محەمەد رەزاوە بوو بە ناونیشانی: «شێوازی تەنز و نوكتە لە بەرهەمی رشتەی مرواری عەلائەدین سەجادیدا»، دووەمیشان؛ لەلایەن د.سومەییە نەجیب خەلیل- مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین بوو بە ناونیشانی: «پێگەی ئافرەت لە رشتەی مرواری عەلائەدین سەجادیدا».
د.سروشت جەوهەر حەوێز - مامۆستا لە زانكۆی كۆیە توێژینەوەی: «خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی مێژووی ئەدەبی كوردی عەلائەدین سەجادی بەپێی میتۆدی رەخنەی تەواوكاری»، پێشکەشکرد،  هەروەها عوسمان ئەمینی و سومەییە كەریمی - مامۆستایان لە زانكۆی كوردستان - ئێرانیش توێژینەوەی:»شێوازی دەركەوتن و پێناسەی ژنان بەپێی میتۆدی شیكاریی گوتار لە كتێبی ڕشتەی مرواری عەلائەدین سەجادیدا» یان پێشكەكرد.

راسپاردە و پێشنیازەکان
لە كۆتاییدا كۆنفرانس چەند راسپاردە و پێشنیازێكی گەڵاڵە كرد و بڕیاریدا ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكات، وەك: پێكهێنانی لیژنەیەك بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و وەزارەتی رۆشنبیری، بەمەبەستی سەرپەرشتییكردنی سەرلەنوێ لەچاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەكانی مامۆستا عەلائەدین سەجادی.
هەروەها پێشنیازی ئەوەش كرا كتێبخانەكەی مامۆستا سەجادی كە هەزاران كتێب و سەرچاوەی بەنرخ و پڕبەها لەخۆ دەگرێت، ببەخشرێت بە كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی گەرمیان و بەشێكی تایبەت لەو كتێبخانەیە بەناوی مامۆستا سەجادییەوە بكرێتەوە و زانكۆی گەرمیان رابسپێردرێت بۆ بەخشینی دكتۆرای فەخری بە مامۆستا عەلائەدین سەجادی، ئەوەش وەك رێزلێنانێك لە مامۆستا سەجادی و بەرهەمە دانسقە هەمەجۆرەكانی.
كۆنفراس بەپێویستی زانی كە لیژنەیەك لە زانكۆی گەرمیان بۆ كۆكردنەوە و چاپكردنی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە لیژنەی تایبەتی كۆنفرانس سازیداوە پێكبهێنرێت، هەروەها لیژنەیەكی تایبەتیش پێکبهێنرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا سەجادی، بە مەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمە دەستنووسەكانی خۆی و ئەوانەی لە كتێبخانەكەیدا پارێزراون و خستنە بەر دیدی خوێنەران و توێژەران.
پێشیازێکی تری كۆنفرانس ئەوەبوو كاری زیاتر لە شێوەی كۆنفرانس و سیمپۆزیەم لەسەر كەسایەتییەكانمان لە نووسەر و توێژەر و ئەدیبان بکرێت، هاوكات لە زانكۆی گەرمیان – خوێندنی باڵا ناونیشانێكی شایستە لە كۆی توێژینەوەكانی یازدەهەمین كۆنفرانسی زانستی بكەن بە پرۆپۆزەڵی نامەی ماستەر و دكتۆرا و خوێندكاری بەتوانا و كارامەی بۆ ئامادە بكرێت و هەوڵیش بدرێت ناوی كەسایەتییەكانی كورد، لە نێویشیاندا مامۆستا عەلائەدین سەجادی بخرێتە نێو ئینسکلۆپیدیای زانایانی جیهانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان