سۆسیال میدیا و کارایی بیری مرۆڤ

11:41 - 2022-06-23
کەلتور
655 جار خوێندراوەتەوە
تۆڕەکۆمەڵاتییەکان هەڕەشەیەکی جدین لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی راستەقینە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

مرۆڤی ئێستا بەهۆی ئینتەرنێت و سۆسیال میدیاوە، ئاگای لە وردودرشتی ژیانە بەڵام هەواڵ و رووداوەکان بە متمانەیەکی تەواو وەرناگرێ و هەندێ جار بەلاڕێیدا ئەبات، بۆیە بەهۆیەوە رووبەروی ئالەنگاری گەورە بۆتەوە لەگەڵ ئەوەی هەندێجار کاری نەرێنی دەکاتە سەرژیان و گوزەرانی مرۆڤ، بەڵام ناکرێت خاڵە بەهێزەکانی ئەو بەشەی میدیا لە بیر بکرێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگاکاندا، بەپێی تویژینەوە زانستیەکان سۆسیال میدیا دوولایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و دەبێت بەکارهێنەر بزانێت کە رۆژانە چەند سەعات بەکاریان دێنێ و چۆن بەکاریان دێنێ و لەگەڵ کێ کۆنتاکتەکانی دەکا و دەبێت لەپاڵیشیدا میدیا راستەقینەی بیستراو و بینراوەکانیش بەکار بێنێت تاوەکو دڵنیابێت لە راوستی رووداوەکان.
بەبێ توێژینەوە تازەکان کاتێک کەسێک بە چڕی سۆسیال میدیا بەکاربێنیت بەجۆرێک رۆژانە لە دوو سەعات تێپەرێنێت تووشی دڵەراوکێ و بێ ئۆقرەیی و تێفکرینێکی قوڵ دەبێتەوە کە زۆر جاران نەخۆشی دەروونیشی لێ دەکەوێتەوە، ئەوانەی هەموو رووداوەکانی ژیانیان سەرگوزشتە و خواردن و خواردنەوە و ساتە خۆش و ناخۆش و بەرکەوتەکانیان لەسەر سۆسیال میدیا دادەنێن لێیان دەبێتە خوویەکی هەمیشەیی و زەحمەتە دەستبەرداری بن، جگە لەوەش رۆژانە رووبەرووی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەڕە جنێو رەفتاری بریندارکەر دەبنەوە و بەهۆیەوە توڕە دەبن و هەڵسوکەوت و کاردانەوەکانی ژیانیان لەگەڵ خاووخێزان لەماڵەوە و لەگەڵ هاورێکانیان دەگۆڕێت، بەپێی تویژینەوەیەکی پێگەی Emovis   ئەڵمانی ئەوە روون بۆتەوە کە زۆرجاران بەبێ ئەوەی کەسایەتی بەکارهێنەر لەنزیکەوە بناسیت لەڕێی پەیج یان ئەکاونت و واڵ و دیوارەکەیدا دەتوانیت کەسایەتی دیاری بکەیت، بۆ نمونە حەزی لە چیە و ئاستی بیرکردنەوەی چۆنە، هاوڕێ و دەورووبەرەکانی کێن، بگرە ژمارە تەلەفۆن و ئەدرەس و ئیمایلەکەشی وەردەگیرێ ئەمەش زۆر جاران مرۆڤ تووشی کێشە دەکات، بەهۆیەوە نەیارانی دەتوانن بەئاسانی بیدۆزنەوە و زەفەری پێ ببەن، جگەلەمە دەرخستنی کەسایەتی خۆمان بۆ هەموو خەڵکی بێگانە ئاسایی نیە و کارێکی شێتانەیە، جگە لەوەش زۆر جار بەکارهێنانی چڕی فەیسبوک یان تۆیتەر و ئینستاگرام و سناپ و هی تر کێشە لە ناو هاوسەراندا دروست دەکا و بێ بڕوایی لە دیقەتدان و خەریکبوون پێیانەوە دروست دەبێت.

کاریگەری ئەرێنیان هەیە
توێژینەوەی تر هەن کە باس لەلایەنە ئەرێنیەکان دەکەن و دەڵێن بەکارهێنەری سۆسیال میدیا بیری تیژتر دەبێت بۆ نمونە لە ناسینەوەی خەڵک و کۆنە هاوڕێ و شوێن و ئەو یادگاریانەی کە لەژیانی رابردوویدا بەڕێی کردوون، دۆزینەوەی ئەو خەڵکانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەژیانماندا نەماون و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵیان جگەلەوەی هۆرمۆنی شادی دەبەخشیتە جەستەمان هەمان کات بەهۆی ئەو دۆزینەوەیە مرۆڤ مێشک و هۆشی بۆ یادگارییە کۆنەکان دەبزوێت، ئەو رووداوانەی بیردەکەوێتەوە کە لەو رۆژگارەدا روویانداوە، توێژەرانی بەریتانی ئەزمونێکیان لەسەر ژمارەیەک خوێندکاری قۆناغی بنەڕەتی کردووە و بردوویانن بۆ مۆزەخانەیەک کردوویانن بە دوو گروپ یەکەمیان سەر و کامێرایەکی فۆتۆگرافیان پێ بووە و پێیان وتوون وێنەی هەموو ئەو تابلۆ و پارچە کەلەپوریانە بگرن کە دەیانبینن و بیانخانە سەر دیوارەکانتان لەناو تۆرە کۆمەلایەتییەکان، بەدووەمیشیان وتووە هەر ماددەیەک دەبینن تێی بنواڕن و هەوڵ بدەن لە مێشکتان تۆماری بکەن، بەر لەتەواوکردنی قۆناغی خوێندنیان دەیانخەنە بەردەم ئەزمونی بیرکەوتنەوە بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی فۆتۆکانیان گرتووە و خستویانەتە ناو سۆسیال میدیاوە هەموو رووداوەکانی ئەو رۆژەی گەشتەکەیان لەبیرماوە، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە تەنها سەرنجیان داوە، روداو و سەربردەکان بەپچڕ پچڕی دەگێرنەوە، بۆیە وایدەبینن کە لقەکانی سۆسیال میدیا کاریگەری ئەرێنیان هەیە بەسەر بیرتیژی مرۆڤ .
لایەنێکی باشەی تری ئەو کەناڵانە لەرووی سیاسیەوە ئەوەیە کە دەتوانێت هەڵوێست و رای گشتی دروست بکات، بۆ نموونە کاتێک لەسەر رووداوێک یان لەسەر بڕیارێکی حکومەت هاشتاگێک دەکرێت، دەبێتە فشار بەسەر دەسەڵات و زۆر جاران لەژێر ئەو کاریگەریەدا بریارەکە هەڵدەوەشێتەوە واتە جۆرێکە لەخەباتی سیاسی و مودێڕنی هاوچەرخانە.

داتەپاندنی مێشکی مرۆڤ
بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەوانەوە تویژینەوەیەکی کەنەدی دەری دەخات کە سۆسیال میدیا بۆ مێشکی مرۆڤ هۆکارێکی باش نیە و بەکارهێنەرەکان هێج بابەت و ماددەیەک لەمێشکیان کۆنابێتەوە و پشت بە تۆمار و ماسێنجەر و پۆست و کۆمێنت و ماددە کۆگاکراوەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبەستن و هەر کاتێک پێویستیان بێت دەریان دێنن، ئەمەش وادەکات مێشک لەکاربخات و مەودای بیرکردنەوە و بەکارهێنان خەراپ بکات، دڵ توندی لەلایەن زۆرێک لەو گەنج و لاوانەی کە بەخەستی سۆسیال میدیا بەکاردەهێنن لایەنێکی تری خەراپە و لەزۆر لە وڵاتانی رۆژئاواوە هۆشداری لەمە دەدرێت، شارەزایانی بواری پاراستنی تەندروستی مرۆڤ دەڵین هەرچەندە Google خزمەتێکی بێوینەی مرۆڤایەتی دەکات بۆ دۆزینەوەی داتا و زانیاری و بابەت و هەر ماددەیەکی لەناو ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە هەمان کات هۆکارێکی گەورەیە بۆ داتەپاندنی مێشکی مرۆڤ و تەمبەڵکردنی، زۆربەی توێژەرە ئەوروپیەکان وای دەبینن کە گوگڵ و نەخشەی ئەلیکترۆنی وGPS  زیانی گەورەبە مێشکی مرۆڤ دەگەیەنێ و بەکارهێنەرانی ئەو هۆکارانە وا لەمرۆڤ دەکەن بیری خۆی نەخاتە کار و بەهۆی گوگڵ یان جی پی ئێس هەرچیەکی بیەوێت یان هەر شوێنێکی نیازی بێت بیدۆزێتەوە، جگە لەوەش زۆر جاران بەهۆی خێرایی لەگەیشتن و بەکارهێنانی داتاکانی ناو گوگڵ دەکەوینە هەڵەی کوشندەوە و بەبێ بیرکردنەوەی تێڕامان زانیاریە هەڵە و چەواشەکان دەگوازینەوە، ئەمە و کەمکردنەوەی بێهودەیی و سەبری مرۆڤیش کەمدەکاتەوە چونکە خێراییەکەی وادەکات مرۆڤ نەوەستێ و چاوەڕێی بەرهەم و ئەنجامی تر نەکات بۆ دەستخستنی زانیاری وکەمکردنەوەی ئۆقرە ئەنجامێکی تری ئەو هۆکارە ئەلیکترۆنیەیە.

سەرچاوە:  Visa,Springer Professional ، Spiegel Online

بابەتە پەیوەندیدارەکان