راپۆرتی/ جێگر خدر
بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە رووی گەشتیارییەوە بوژانەوەی زیاتری بەخۆوە بینیوە، پڕۆژە گەشتیارییەکان تادێت لە زیادبووندان و گەشتیاری زیاتریش رووی تێدەکەن.
ئارام پیرۆت:
پشتیوانی هەر پڕۆژەیەکی گەشتیاریین لە سنوورەکەدا کە لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا بێت
تەنها لەم چەند ساڵەی دواییدا دەیان پڕۆژەی گەشتیاریی کەرتی تایبەت، بە هەماهەنگی و هاوکاری حکومەت لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کراونەتەوە، لە رۆژانی ئاسایی و بە تایبەت رۆژانی هەینی و شەممان، گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عیراق روو لەو دەڤەرە دەکەن، پایە مەحمود لە هەولێرەوە هاتووە بۆ دۆڵی شاورێی ناحیەی سەرکەپکان، لەلایەک سوپاسی خودا دەکات کە ئەو سروشتە جوانەی بەو ناوچەیە بەخشیوە، لە لایەکی دیکەوە پێزانین بۆ ئیدارەی ناوچەکە دەردەبڕێت کە کەشێکی ئارامی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دابین کردووە، باس لەوە دەکات، ئەو زۆرجار بەخێزانی روو لەو ناوچەیە دەکەن، چونکە شوێنی زۆر خۆش و فێنک هەن، لە گەرمای هاویندا ئاسودەیی بە مرۆڤ دەبەخشن.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین: بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی رۆڵێکی ئەرێنی بەرچاوی بینیوە لە بوژانەوەی کەرتی ئابووریش لە ناوچەکەدا
ژمارەی پڕۆژەکانی سنوورەکە
ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند: لە سێ بۆ چوار ساڵی رابروودا ژمارەی پڕۆژە گەشتییارییەکانی سنوورەکە 100 پڕۆژەی تێپەڕاندووە، کەش و ئاو و هەوای لەبار و کارئاسانی لایەنی پەیوەندیدار و داخوازیی زۆری گەشتییاران هۆکاری سەرەکی بوژانەوەی ئەو کەرتە گرنگەن لە سنوورەکەدا، بێگومان بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی رۆڵێکی ئەرێنی بەرچاوی بینیوە لە بوژانەوەی کەرتی ئابووریش لە ناوچەکەدا، ژمارەیەکی زۆر هەلی کاری بۆ دانیشتوانی ناوچە گەشتییارییەکان رەخساندووە، تەنانەت سەنتەری شارەکانیش بەو هۆیەوە سوودمەند بوون، چونکە زۆرێک لەو گەشتیارانە بەنێو شارەکانی رانیە و قەڵادزێ و حاجیاوا و ناحیەکانیاندا بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دەچن، ئەوە جگە لەوەی بەشێکی زۆری ئەوانەی لە شارە جیاوازەکانەوە هاتوون و ئەو شارانەیان نەبینیوە سەردانیان دەکەن.
گرفتی کەمیی شوێن
وتیشی: بە تەنها لە دۆڵی شاورێی ناحیەی سەرکەپکان زیاتر لە 40 پڕۆژەی گەشتیاریی هەیە، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا چەند دانەیەک هەبوو، هەروەها ئێستا لە ناحیەی هەڵشۆ نزیکەی 30 پڕۆژە هەن، سەیرانگەی دۆڵی شەهیدان لە ناحیەی سەنگەسەر گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، ئێستا لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەش زۆرجار گەشتیار گرفتی کەمی شوێنی بۆ دروست دەبێت، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار پاڵپشت و پشتیوانی هەر پڕۆژەیەکی گەشتیاریین لە سنوورەکەدا کە لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا بێت، داوای ئەوەشمان کردووە هانی وەبەرهێنەران بدرێت تا کار بۆ دروستکردنی هۆتێل و مۆتێل و شوێنی مانەوە بکەن، چونکە گرفتێکی گەورە لە بەردەم گەشتیاری سنوورەکەدا نەبوونی شوێنی مانەوەیە، رەنگبێ ئەوەش هۆکاربێت کە زۆرینەی ئەوانەی روو لەو ناوچانە دەکەن سەیرانکەر بن و گەشتی مانەوەی چەند رۆژەیان نەبێت.
نەبوونی هۆتێل و مۆتێل کێشەیە
لەو بارەیەوە فەریق حەمید کە لە کەلارەوە بۆ دۆڵی شاورێی سەرکەپکان هاتبوو، نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە شوێنی مانەوە لەناوچە گەشتیارییەکاندا نییە و وتی: بە ناچاری دەبێ روو بکەینەوە رانیە و لە ماڵی دۆستێک بمێنینەوە، یان راستەوخۆ بگەڕێینەوە کەلار و رێگەی زیاتر لە پێنج سەعات ببڕین، ئەمەش چێژی گەشتەکەمان ناهێڵێت، داواکارم حکومەت بیر لەوە بکاتەوە شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران دابین بکات، چونکە ئێرە شوێنێکی خۆشە و کەشوهەوایەکی گونجاوی هەیە.
هەر بە تەنها لە هاوینان گەشتیار روو لە سنوورەکە ناکەن، بەڵکو لە هەر چوار وەرزی ساڵدا ناوچەکە بە بەفر و سەوزایی و گەڵاڕێزان و سەرچاوە ئاویی و رووبارەکان رازاوەتەوە، چێشتخانە و ساردەمەنی و چایخانەکانیش بەڕووی گەشتیاراندا کراوەن.
دەڤەری راپەڕین ناوچەی گەشتیاریی چوار وەرزەی هەیە